راگرتنی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق بە رێککەوتن بووه‌

ئابوری
18:33 - 2024-11-26



 کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران دەڵێت، هەناردەی غازی وڵاتەکەیان بۆ عێراق بە بەپێی رێککەوتنی نێوان هه‌ردوو وڵات دەڕواتە پێش و هیچ کێشەیەکی نییە.

ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا) لەزاری (غوڵام ڕەزا کوشکی) سەرۆکی ناوەندی کۆنتڕۆڵی غازی ئێران بڵاویکردووەتەوە، غازی وڵاتەکە بۆ عێراق لە دوو خاڵەوە لە باشوور و رۆژئاوای ئێرانەوە هەناردە دەکرێت.

ئاماژەی بۆئەوەشکردووە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ئاستی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق بەراورد بە شەش مانگی دووەمی ساڵ، زیاتر بووە و ئەوەش بەپێی رێککەوتنی نێوانیان بووە.

کوشکی راشیگەیاندووە، نزیکەی مانگێکە هەناردەی غاز بۆ عێراق لە یەکێک لە وێستگەکانی ئێرانەوە راگیراوە، بەهۆی چاککردنەوە و کارکردن تێیداو ئەوەش بە ئاگاداری و رێککەوتن لەگەڵ بەغداد بووە.

پێشتریش ئێران ناوە ناوە و بە بیانووی جۆراوجۆر ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق راگرتووە و رێژەی هاوردەی کارەبای ساڵانەی عێراق دەگاتە هەزار و 200 مێگاوات، ئەمە جگە لە ھاوردەکردنی غاز بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا.
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP