ئابووریناسێك هۆکاری راگرتنی گواستنەوەی دارایی بۆ بریکارەکانی تیک تۆک ئاشکرادەکات

ئابوری
18:12 - 2024-12-03

ئابووریناسێكی عێراقی هۆکاری راگرتنی گواستنەوەی دارایی بۆ بریکارەکانی تیک تۆک لە عێراق ئاشکرادەکات و جەختدەکاتەوە ئامانج له‌و بریاره‌ گەڕاندنەوەی متمانەیە بە عێراق.

نەوار سەعدی شارەزای بواری ئابووری لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندووه‌:" بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراق بۆ راگرتنی گواستنەوەی دارایی بۆ بریکارەکانی تیک تۆک لە عێراق، بەهۆی ئەو مەترسییە دارایی و ئابووریانەوەیە کە گواستنەوەی پارەی ئەو تۆڕە دروستیکردووە."

ئاماژەی بۆئەوەشکردووه‌:" لەم ماوانەی دواییدا بانکی ناوەندی هەوڵەکانی بۆ رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارەو هەناردنی پارە بۆ گروپە تیرۆرستییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەر چالاکییەکی دارایی نایاسایی چڕکردووەتەوە، راگرتنی گواستنەوەی دارایی تیک تۆکیش لەو چوارچێوەیەدایە."

وتیشی:" راستە ئەم هەنگاوە خزمەت بە ئاسایشی دارایی عێراق دەکات، بەڵام کاریگەری خراپی لەسەر بازرگانیی ئەلیکترۆنی و بازرگانیی دیجیتاڵی دەبێت بە تایبەت کە زۆرینەی بەشداربووانی لە توێژی گەنجانن، پێویستە حکومەت پلانی جێگرەوە یاخود قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی هەبێت."
 
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە بانکی ناوەندیی عێراق بڕیارێکی دەرکردووە بۆ سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکان و دامەزراوە داراییە مۆڵەتپێدراوەکان، بە راگرتنی گواستنەوەی دارایی داهات و خەرجی، بۆ بریکارەکانی تیک تۆک لە ناوخۆی عێراق بە هاتوو و رۆیشتوو".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP