دەم پارتی: عەبدوڵا ئۆجەلان بۆچوونی وایە ئەمجارە پرۆسەکە سەردەگرێت

کوردستان
11:56 - 2025-01-25

چەند سەرچاوەیەک لە دەمپارتی ئاشکرایانکرد، کۆبوونەوەی دووەمی نێوان وەفدی ئیمراڵی و ئۆجەلان "ئەرێنی بووە" .

رۆژی 22ـی کانوونی دووەم، وەفدی ئیمراڵی کە لە هەریەک لە پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر پێکهاتبوون، سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردو لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە کۆبوونەوە.

سەرچاوەکانی دەمپارتی ئاماژەیان بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی چوارچێوەی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی کراوە و بە تێروتەسەلی هەڵسەنگاندن بۆ رۆڵی پەرلەمان کراوە .

لەبارەی هەڵگرتنی گۆشەگیریی لەسەر ئۆجەلان، سەرچاوەکانی دەمپارتی ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەوە خواستێکی کەسیی ئۆجەلان نییە بەڵام بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئەنجام بگات، پێویستە گۆشەگیریی هەڵبگیرێت.

لەبارەی ئەگەری ئەوەی رەنگە لە دوای کۆبوونەوەی سێیەم، ئۆجەلان بانگەوازی چەکدانان بکات، سەرچاوەیەکی دەم پارتی وتی "لە کۆتاییدا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان بریتییە لەوەی پرسەکە لە توندوتیژیی و پێکدادان بهێنرێتە دەرەوە". دەشڵێت: "بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا پێویستە سەرجەم بڕگە یاساییەکان و هۆکارەکانی کێشەکە، نەهێڵدرێن".

سەرچاوەکەی ناو دەمپارتی، دەڵێت "بەدڵنیاییەوە ئۆجەلان پەیامی بۆ ئەو هێزانە دەبێت کە شوێنکەوتەی ئەون بەڵام نە وادەکەی و نە ناوەڕۆکی پەیامەکەی نازانین".
سەرچاوەکە ئاشکراشیکردووە: لە ئایندەدا بێ بوونی نێوەندگیر، پەیوەندیی لەنێوان ئیمراڵی و قەندیل دروست دەکرێت".



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP