ئەمڕۆ پێنچ شەممە ٣٠/١/٢٠٢٥ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان ، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازیكرد لە زوهەیب ڕەشید ، بەرپرسی سیاسی لە کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا لە هەولێر
لە دیدارێكی نێوان هەردوولادا بارودۆخی سیاسی و ئابوری عیراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بەگشتی گفتوگۆی لەبارەوە كرا .
زوهەیب ڕەشید ، بەرپرسی سیاسی لە کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا لە هەولێر ئاماژەی بە هەڵوێستی حكومەتی ئەمریكا كرد سەبارەت كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، خوازیاری ئەوەیە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان پێكبهێندرێت وسەرجەم كەرتە خزمەتگوزارییەكان ببوژێندرێنەوە كە لە بەرژەوەندی زیاتری سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان بێت .
دواتر سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بە مێژووی هاوپەیمانیەتی كورد و ئەمریكا كرد لەناوچەكەدا كە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بەیەكەوە لەیەك سەنگەردا دژی تیرۆرستان جەنگاون ، وتیشی راستە داعش لە رووی سەربازییەوە شكستی هێناوە و بەرەو لەناوچوون دەچێت بەڵام وا پێویست دەكات هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا و هاریكاری هێزە كوردییەكان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لە رووی ئایدۆلۆژی و لۆجیستی و داراییشەوە سەرچاوەكانی پشتیوانیكردن لە داعش و گروپە تیرۆرستیەكانی تر بنەبڕ بكرێت.
سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عیراق و هەرێمی كوردستانیش سەعدی ئەحمەد پیرە تەئكیدی كردەوە كە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێكی سیاسی بۆ شێوازی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP