پەیامی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی لە یادی کارەساتی یەکی شوبات

کوردستان
20:26 - 2025-01-31


کارەساتی یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ یادێکی تاڵە لە دڵی میللەتەکەمان، رۆژی تێکەڵبوونی مژدەی جەژن و خۆشییە لەگەڵ خوێن و فرمێسکی کۆمەڵانی خەڵکی هەولێردا .
کردەوەی تیرۆریستی دوژمنانی گەلی کورد لە دوو بارەگای مەڵبەند و لق کە خەڵک بۆ پیرۆزبایی جەژن و گەردەن ئازادی لە یەکتری لە مەراسیمدا بوون. دەرخەر و دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییە تاڵەبوو کە نەیارانی ئەم میللەتە لە تیرۆریستان و دوژمنان هیچ جیاوازییەک لە نێوان ڕەنگ و ئاماژەکان ناکەن و هەموو کورد لای ئەوان یەکە و مایەی یەک ئامانجی پەلاماردان و کوشتنن، بۆ ئەو نیازە گڵاوەش پشووی جەژن و لێبوردەیی و پێکهاتنەوە بە زیان و پێچەوانەی ویستی نەگریسیان دەزانن ، هیچ کات ، هەرگیز سڵ لە هیچ تاوانێک ناکەنەوە
دوای بیست و یەک ساڵ لەو کارەساتەش هێشتا برین و زامی گەلەکەمان، خەمی هاونیشتمانانمان لە هەولێر، خانەوادە و کەسوکاریان قوڵپئەدا و نەڕویەتەوە و بە تەواوی سارێژ نەبووە. بێگومان هەتوانی کۆی زامەکانیش هەر یەکێتیی و پێکەوەیی و خۆپاراستنە لە پیلانی دوژمنان و نەیارانی ئەزموونەکەمان، هەتوانەکە هەر پتەوکردنی پایەکانی حوکمڕانیمانە لەرێی ڕاستکردنەوەی رێڕەوەکەی و مشتوماڵکردنی ئەدا و کاراکردنێتی لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی خۆمان ، بێ جیاوازی بە هەموو ڕەنگەکانەوە. دەبا بۆ ئەو ئامانجە کار بکەین.
یادی شەهیدەکانی گەلەکەمان، شەهیدەکانی پایتەختی هەرێم لە یەکی شوباتدا هەر زیندوو و بەرز و بڵند بێت.
رۆحیان شاد و ئاسوودە بێت
مەکتەبی سیاسیی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١-٢-٢٠٢٥

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP