ئیدارەی نەینەوا جوتیارانی مه‌خمور له‌ پلانی كشتوكاڵی بێبه‌شده‌كات

کوردستان
20:22 - 2025-02-05


نوێنەرانی جوتیارانی سنووری شارۆچکەی مەخمورو دەوروبەری رایده‌گه‌یه‌نن، ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بێبەشیکردوون لە پلانی کشتوکاڵیی ئەمساڵ.
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا جەوهەر سەیدا، نوێنەری جوتیارانی سنووری  مەخمور گوتی: بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی نەینەوا بۆ وەرزی کشتوکاڵیی ساڵی 2024- 2025، جوتیارانی سنووره‌كه‌یانی بێبەشکردووە لە پلانی کشتوکاڵی، کە دەبێتەهۆی نەکڕینەوەی بەرهەمی گەنمی ئەو سنوورە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە".

جه‌وهه‌ر سه‌یدا وتی:" ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا بێبەشیکردوون لە وەرگرتنی پێداویستییه‌ کشتوکاڵییه‌كانی وەک بنەتۆو و دەرمانی قڕکەرو سووتەمەنی."

نوێنه‌ری جوتیارنی سنووری مه‌خمور داواشیكرد:" لیژنەی کشتوکاڵیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچوون بۆ ئەو پێشێلکارییانە بکات، کە بەرامبەریان کراوە و بەرپرسانیش سزا بدرێن."

وتیشی:" بەشێکی دیکەی داواکارییەکانی ئەوان ئەوەیە، چیتر حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگەنەدات بە گۆڕینی رەگەزی زەوی، نەدانی هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی بە کۆمپانیا تایبەتەکان و کردنیان بە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون یاخود کردنیان بە پاڵاوگە، زەوییە بەردەڵانەکانیش نەدرێنە کارگە، پاڵاوگە و چیتر رێگە نەدرێت زەویی کشتوکاڵی بەفیڕۆ بدرێت".

داواشیان له‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان كرد:" بەبازاڕکردن بۆ بەرهەمی ناوخۆ بکات و بەرهەمی دەرەکی سنوورداربکات، ئەگەرنا بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان رێکاری دیکە و یاسایی دەگرنەبەر."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP