وتەبێژی بازاڕی دراوەكەی سلێمانی رایدەگەیەنێت: "بازاڕەكە تەنها لەبواری ئاڵوگۆڕی دراودا كاردەكات و پەیوندی بەهیچ مامەڵەیەكی بازرگانی دیكەوە نییە"، دەشڵێت: "بازاڕی دراوەكەی سلێمانی هەر بەبەهێزی دەمێنێتەوە، چونكە دەتوانێت ئابوری هەرێم و عیراق ئاڕاستە بكات و كەمترین حاڵەتی مایەپوچ بوونیش تێیدا روویداوە".
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوەكەی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بازاڕی دراوەكە تەنها لەبواری ئاڵوگۆڕی دراودا كاردەكات و جگە لەئاڵوگۆڕی دراو هیچ مامەڵەیەكی بازرگانی دیكە، پەیوندی بەم بازاڕەوە نییەو لەسەر بازاڕی دراو هەژمار ناكرێت".
وتەبێژی بازاڕی دراوەكەی سلێمانی راشیگەیاند: "بازاڕی دراوەكەی سلێمانی لەساڵانی 1990 ەوە تاوەكو ئێستا یەكێكە لەگرنگترین بازاڕەكانی كوردستان و عیراق و هەر بەبەهێزیش دەمێنێتەوە، چونكە خاوەنی كۆمەڵێك كەسانی گرنگ و خاوەن سەرمایەیە كە توانیویانە ئابوری هەرێم و عیراقیش ئاڕاستە بكەن، هاوكات لەم بازاڕەدا نزیكەی 6 هەزار هەلی كار رەخسێندراوەو كۆمەڵێك بازرگان و نووسینگەی بەهێز كە مۆڵەتی كاركردنیان هەیە كاری تێدا دەكەن".
وتیشی: " لەبازاڕی دراوەكەی سلێمانیدا كەمترین حاڵەتی مایەپوچ بوون و بەهەدەردانی پارە تێیدا روویداوە، كەبێگومان ئەمە دەستكەوتێكی گەوەیە".
جەبار گۆران وتیشی: "وەك ئەنجومەن و وتەبێژی بازاڕی دراوەكەی سلێمانی گلەیمان لەژمارەیەك لەمیدیاكان هەیە، كەبەمەبەستی هەندێك كەس و لایەن دەیانەوێت لە قورسایی متمانەی بازاڕەكە كەمبكەنەوە، بۆیە داوایان لێدەكەین تاوەكو لەوردەكاری هەر رووداوێك دڵنیا نەبنەوە بڵاوی نەكەنەوە، چونكە ئەو جۆرە هەواڵانە زیان لە سیستمی بازرگانی دەدات و جوڵەی بازرگانیش پاشەكشە پێدەكات".
ئەمەش لەكاتێكدایە، دوێنێ 18-2-2025، هەندێك لەمیدیاكان دەنگۆی بردنی زیاتر لە 500 دەفتەر دۆلاری بازاری دراوەكەی سلێمانیان بڵاوكردەوەو ئەمڕۆش وتەبێژی بازاڕەكە ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوەو رایگەیاند: "ئەو كەسەی پارەكەی بردووە لەبواری بەرهەمەكانی نەوتدا كاری كردووەو پەیوەندی بە بازاڕی دراوەكەوە نییە".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP