وەزارەتی دارایی خشته‌ی مووچه‌ی مانگی شوباتی راگه‌یاند

ئابوری
17:15 - 2025-03-12


وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی راگەیاندن و بەپێی خشتەكە سەرجەم وەزارەت و دەستەكان لە ماوەی چوار رۆژدا مووچە وەردەگرن.

بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی لە سبەینێوە 13-3-2025 دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات دەكرێت و سبەینێ مووچەی خانەنشینی شارستانی و خاوەن پێداویستی تایبەت و زیندانییە سیاسییەكان دابەشدەكرێت.

هاوكات هەر بەپێی راگەیەندراوەكە لەماوەی چوار رۆژدا سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی 2 وەردەگرن، كەڕۆژی سێ شەممە ( 18 ی ئازاری 2025 ) كۆتایی بەدابەشكردنی مووچە دێت.                                  
        .
ئەمەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عیراق بڕی ( ٩٥٧،٩٢٥،٨٨٠،٠٧٨ ) دیناری وەك تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خستە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق، ئەوەش ئەو بڕە تەموویلە بوو كە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە بۆ مووچەی مانگی شوبات داواكرابوو بەبێ هیچ لێبڕینێك خەرج كرا.

لەگەڵ ئەوەی سبەینێ دەستبەدابەشكردنی مووچەی مانگی 2 دەكرێت دەكرێت، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم هەتا ئێستا مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتوەو مووچەی مانگی یەكیشیان لە مانگی 2 دا وەرگرت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP