مەكتەبی سیاسی ی.ن.ک بۆ ساڵیادی تاوانی كیمیایبارانی هەڵەبجە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، بە خەمێكی قوڵەوە یادی ۳۷ ساڵەی تاوانی دڕندانەی دژ بە گەلەكەمان دەكەینەوە كە لەشاری هەڵەبجە لە لایەن هێزەكانی رژێمی بەعسی روخاوەوە بەرامبەر بە خەڵكی بێدیفاع و مەدەنی ئەو شارە ئەنجامدرا.
ئەو تاوانەی شۆڤێنیەكانی بەعس رقێك بوو بەرامبەر رۆڵی مێژوویی هەڵەبجە كە لە جوڵانەوەی فەرهەنگی و شارستانێتی و سیاسیدا خاوەنی بیری دەوڵەمەند و پێشكەوتنخوازی كوردایەتی بوون و لە راپەرین و شۆرشەكانی گەلەكەشماندا هەمیشە سەرمەشق بوون، بە تایبەتی لە شۆرشی نوێی گەلەكەماندا .
ئاماژەی بۆئەوەشکردوە، لە پاش راپەڕینەوە یەكێتیی لەسەر ئەركی خۆی و دواتر لە رێگەی حكومەتی هەرێمەوە هەوڵی بێوچانی خستەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی سیمای ئاوەدانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هەڵەبجەو خەڵكەكەی.
مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک راشیگەیاندوە، سەركردایەتی یەكێتی لە رێگەی فراكسیۆنەكەیەوە لە پەرلەمانی عیراق و تیمی ئیدارەی هەڵەبجەو حكومەتی فیدراڵی، لە هەوڵی بەردەوامدان تاوەكو لە ئەنجومەنی نوێنەران پرۆژە یاسای بەرەسمی ناساندنی هەڵەبجە وەك نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق دوا خوێندنەوەو دەنگدانی لەسەر بکرێت و بە پێی یاسا و بنەما دەستورییەكان گشت شایستە و مافەكانی بۆ دابین بكرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP