لە بیرەوەریی كارەساتی هەڵەبجەدا، فۆتۆگرافەر د.ئەحمەد ناتقیی ڕێزی لێدەنرێت

کوردستان
13:42 - 2025-03-16


لە بیرەوەریی بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجەدا بەچەکی کیمیایی و لە مەراسیمێكدا شەقامێکی شاری مەریوان ناونرا "ئەحمەدی ناتقیی" کە فۆتۆگرافەری جەنگ و خاوەنی گرتە بەناوبانگەکەی عومەری خاوەرە. 

‎مەراسیمەكە لە بیرەوەریی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، لە هۆڵی قانعی شاعیر بۆ رێزلێنان لە د. ئەحمەد ناتقیی فۆتۆگرافەری بەناوبانگی ئێرانی رێكخرابوو کە بە وێنە غەمبار و ناخهەژێنەكانی لەم تاوانە دژە بە مرۆڤایەتییەدا ڕۆڵێکی چارەنووسسازی هەبوو لە هۆشیارکردنەوەی جیهان بەرامبەر بەو كارەساتە و سەرکۆنەکردنی بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژیی لە شاری هەڵەبجە .
‎بیرۆكەی ناونانی شەقامێك لە شارێكی كوردنشینی وەك مەریوان بەناوی فۆتۆگرافەری ئێرانی ”د. ئەحمەدی ناتقیی” ەوە وەك شایەتحاڵێكی زیندوی كارەساتی هەڵەبجە، لە لایەن فۆتۆگرافەری ناسراو کاوە کوردستانییەوە پێشنیارکرابوو و بە هەوڵی د. ئیسماعیل ئەحمەدیی پارێزگاری شاری مەریوان وسەرۆکی شارەوانی مەریوان و ئەندامانی ئەنجومەنی شاری مەریوان و بەڕێوەبەری بەشی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی، د.ناتقیی و هاوژینەكەی بانگهێشتی شاری مەریوان  كران و بە ئامادوبوونی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان و هونەرمەندان و چالاكوانان ، پەردە لەسەر تابلۆی شەقامەكە لادرا. هەروەها زەمینەسازیی كراوە بۆ دروستكردنی  پارکێک بە ناوی "هەڵەبجە"ەوە لە شاری مەریوان. 
‎بەو بۆنەیەوە پارێزگاری مەریوان لە وتەیەكدا باسی رۆڵی كاریگەری پیشەكەی د. ئەحمەد ناتقیی لە بەڵگەنامەکردنی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەدا کرد و وتی: " ئەوەی د.ناتقیی کردوویەتی تەنها وێنەگرتن نەبووە بەڵكو هاواری پێنج هەزار هاووڵاتی بێتاوان بووە کە بوونەتە قوربانیی چەکی کیمیایی لە شاری هەڵەبجەدا و وێنەکانی وەک شایەتحاڵییەکی هەمیشەیی لەسەر دڕندەیی دوژمن و برینی قوڵی کارەساتی مرۆیی هەڵەبجە وەستاون".
‎دواتر د.ئەحمەد ناتقیی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕێکخەرانی چالاکییەکە دەربڕی و بیرەوەرییە پڕ ئازار و خەمناکەکانی لە ئامادەبوونی لە هەڵەبجە دوای بۆردومانەکە باسکرد. هەروەها جەختیکردنەوە لەسەر گرنگیی خۆبەختکردن بۆ مرۆڤایەتی و وتی:" بۆ بەرگریکردن لە بەها مرۆییەکان دەبێت مرۆڤ ئامادەبێت قوربانیی بدات. من لەو ساتەدا هیچ ئەرکێکم لە گرتنی ڕاستییەکان و گەیاندنی دەنگی قوربانییە بێ بەرگرییەکان گەورەتر نەبینی".

‎د.ناتقیی لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی رۆڵی ”ئایدن مستەفا حەمید”ی كرد كە فڕۆکەوانێكی بوێری عێراقی بووە و  بە هۆی رەتکردنەوەی بۆردومانکردنی گەلی کورد ، لەلایەن ڕژێمەکەی سەدام حوسێنەوە لەسێدارەدرا و داوای لە ئامادەبووان کرد کە بوەستن و چەپڵە بۆ ئەم کەسایەتییە لێبدەن وەک رێزێک بۆ قوربانیدانی.
‎شایەنی باسە سەلام بیلال ئەسكەندەر سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە كە لە مەراسیمەكەدا ئامادەبوو، سوپاس و پێزانینی قوڵی بۆ هەوڵ و قوربانیدانی د.ئەحمەد ناتقیی دەربڕی و ڕایگەیاند کە بەم نزیکانە شەقامێک و پارکێک لە هەڵەبجە بەناوی ئەم هونەرمەند و فۆتۆگرافەرە ماندوونەناسەوە دەكرێت .
‎جێی بیرهینانەوەیە کە هەر لە بیرەوەریی ئەو تاوانە گەورەیەدا و پاش ٣٤ ساڵ، د.ئەحمەدی ناتقیی لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بە میوانداریی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان و دەزگای میدیایی جام كوردی چووەوە بۆ شاری هەڵەبجە و سەردانی ئەو شوێن و شەقامانەی كرد كە لە رۆژی ١٩٨٨/٣/١٦ دا وێنەكانی تێدا گرتبوون.

 

ڤینۆس تۆفیق 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP