14 حالەتی تای خوێنبەربوون لە عیراق تۆمارکراوە

تەندروستی
13:19 - 2025-04-19


تائێستا 14 حالەتی تای خوێنبەربوون لە عیراق تۆمارکراوەو وەزارەتی تەندروستیی عیراقیش ئاشکرای دەکات:" دوو کەس بە تای خوێنەربوون گیانیان لەدەست داوە".

ئەمڕۆ 19/4 وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاند:" لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 14 حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە عیراق تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش دوو کەسیان گیانیان لەدەستداوە".

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق لە راگەیەندراوێکیدا ئاشکرایکرد، کە 14 حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە و کە 6 حاڵەتیان لە پارێزگای زیقار و 4 حاڵەتیان لە پارێزگای کەرکوک بووە و 4 حاڵەتی دیکەش لە بەغدا و نەینەوا و موسەنا و بەسرە تۆمارکراون".

"دوو توشبوویان بە پەتاکە گیانیان لەدەستداوە، کە لە کەرکوک بوون و یەکێکیان کارمەندی تەندروستی بووە، هاوکات  توشبووەکان مامەڵەیان لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە و ئاژەڵداربوون" وەزارەتی تەندروستی وادەڵێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی تەندروستی عیراق ، ئەگەر توشبووەکە زوو بگەیەندرێتە نەخۆشخانە ئاسانتر چارەسەری بۆ دەکرێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکات لەحاڵەتی دەرکەوتنی نیشانەکان دا بەزوویی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.

بەوتەی سەیف بەدر: "تای خوێنبەربوون لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە بڵاوبووەتەوە، نەخۆشییەکی ڤایرۆسی مەترسیدارە کە لەلایەن ئاژەڵە تووشبووەکانەوە یان گۆشتەکانیانەوە دەگوازرێتەوە و  تووشی مانگا و مەڕ و ئاژەڵەکانی دیکە دەبێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP