ئێران فشار دەخاتە سەر حوسییەکان تا هێرش نەکەنە سەر کەشتییە ئەمریکییەکان

کوردستان
13:36 - 2025-05-07

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئێران بڵاویکردەوە، تاران "نفوزی خۆی بەسەر حوسییەکان وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ئاگربەست بەکارهێناوەو  هانیان ده‌دات بۆ ئەوەی واز لە بەئامانجگرتنی کەشتییە ئەمریکییەکان بهێنن".

حوسییەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئیسرائیل هەڵدەدەن و کەشتییەکانی دەریای سوریش دەکەنە ئامانج، ئەوەش وه‌ك نیشاندانی هاودەنگییە لەگەڵ فەڵەستینییەکان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ ڕایگەیاند، حوسییەکان "تەسلیمبون" و داوایان لە ئەمریکا کردووە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەریان ڕابگرێت، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بۆردومانەکانی ئەمریکا دەستبەجێ ڕادەگیرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕێککەوتنەکەی بە "تاقیکردنەوەی جددیەتی حوسییەکان" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان "لە ڕێگەی سەڵتەنەتی عومانەوە ئاگاداریان کردینەوە لە خواستی خۆیان بۆ ئاگربەست"، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە "حوکمدان لەسەر بنەمای کردار دەبێت نەک قسە".

دوێنێ عومان ڕایگەیاند، ئەمریکا و حوسییەکانی یەمەن گەیشتونەتە ڕێککەوتنی ئاگربەست، لەوانە ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە ئەمریکییەکان لە دەریای سورو گەروی باب ئەلمەندەب ئەوەش دوای چەند هەفتەیەک لە پەرەسەندنی سەربازی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP