رێکخراوی پۆلێنکردنی قۆناغەکانی ئاسایشی خۆراکی، هۆشداریی لەبارەی بارودۆخی غەززەوە دەدات و دەڵێت، هەموو دانیشتوانی کەرتەکە رووبەڕووی دۆخێکی مەترسیداری برسێتی بوونەتەوە.
رێکخراوی پۆلێنکردنی قۆناغەکانی ئاسایشی خۆراکی، راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی غەززەوە بڵاوکردەوە و ئاشكرای کرد، زیاتر لە 500 هەزار کەس رووبەڕووی برسێتییەکی توند بوونەتەوە و دۆخەکەی بە مەترسیدار وەسفکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، یەک ملیۆن و 950 هەزار کەس کە 93%ـی دانیشتوانی کەرتەکە دەکات، رووبەڕووی مەترسی دابینکردنی خۆراک بوونەتەوە، 244 هەزار کەسیش بە بارودۆخێکی زۆر مەترسیداردا تێپەڕدەبن.
لە راپۆرتەکەدا پێشبینیکراوە، تاوەکو مانگی ئەیلول، ژمارەی ئەو کەسانەی لە غەززە لە دۆخێکی زۆر مەترسیداری خۆراکیدان، بگاتە 470 هەزار کەس، ئەمە جگە لە یەک ملیۆن کەسی دیکە کە حاڵەتیان دەگۆڕێت بۆ باری لەناکاو.
لەماوەی رابردوودا، بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، بڕوا ناکەن هیچ قەیرانێکی خۆراک لە غەززە دروست بووبێت، هاریکاریی تەواویش چووەتە کەرتەکە و بەشی هەموو دانیشتوان دەکات و راپۆرتە مرۆییەکانیشیان بە ناڕاست ناوبرد.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP