قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵوو کۆبووەوە

کوردستان
20:01 - 2025-05-19

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵوو، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا و سەرۆکی پارتی ئایندە کۆبووەوە و پێکەوە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چونییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان تاوتوێ کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(19/5/2025) بەڕێوەچوو، داودئۆغڵوو باسی لە هاوڕێیەتی ٢٠ ساڵەی خۆی لەگەڵ سەرۆک مام جەلال کرد و پەرۆشی و هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک مام جەلالی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و بە تایبەتێش پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بیرهێنایەوە.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا ئاڵۆگۆڕی بیروڕاکرا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. هەردوولا هاوڕابوون لە ئاشتیدا هیچ لایەنێک دۆڕاو نییە و جەختیشیان کردەوە لە گرنگیی پابەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هەنگاونانی پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەکە. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی نەک تەنها بۆ هەردوو گەلی کورد و تورک لە تورکیا بەڵکو لە بەرژەوەندی هەموو ناوچەکەدایە، هەربۆیە پێویستە هەموو لایەنێک یارمەتیدەر و هاوکاربن لە سەرخستنی پرۆسەکەدا. 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێویستیی کاری هاوبەش کرا بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا. جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەکرد هەرێمی کوردستان خوازیارە لە هەموو روویەکەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا بەهێزتر بکات و وتیشی لە بەرژەوەندی هەردوولادایە کە هەرچی زووتر ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا بکرێتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP