رفعەت عەبدوڵا بۆ خوێندکاران: کانگای پێگەیاندنی دەیان سەرکردەی بەتوانا بوونه‌

کوردستان
19:14 - 2025-05-20

 
هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵا) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئه‌مڕۆ سێشەممە، ٢٠٢٥/٥/٢٠، لەبارەگای مەکتەبی سیاسی پێشوازیکرد لەهەڤاڵانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان.

هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا، ستایشی چالاکییەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کرد لەرابردوو ئێستاداو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان مێژوویەکی پرشنگدارو نەخشێکی کاریگەری هەبووەو هەیە لەجوڵانەوەی پیشەیی خوێندکاری و رزگاریخوازی گەلەکەمان و پێگەیاندنی فێرخوازانی کوردستاندا، لەوبارەیەوە وتی:"لەرەوتی بەرەوپێشچوونی سیستمی خوێندن و داکۆکیکردنتان لەمافی پیشەیی و داخوازی مەدەنی خوێندکاراندا جێپەنجەتان دیارە". 

لای خۆیانەوە هەڤاڵانی کۆمەڵەی خوێندکاران، سوپاسی پێشوازی و پشتیوانیەکانی هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتییان کرد لەماوەکانی رابردوو ئێستادا، جەختیان کردەوە کۆمەڵەی خوێندکاران، بەبەرنامەی نوێوە لەئایندەدا وەک هەمیشە داکۆکیکاری خوێندکاران دەبن بێ جیاوازی.

هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا، تیشکی خستەسەر خەباتی رێکخراوەیی کۆمەڵەی خوێندکاران و رایگەیاند جگە لەئەرکی پیشەیی و مەدەنیتان لەخەباتی سیاسیشدا، کانگای پێگەیاندنی دەیان سەرکردەی بەتوانا بوون و داوای لێکردن لەسەر هەمان رێچکەی پێشوو لەدروستکردنی کادرو سەرکردەی دوارۆژ، بەردەوام بن.

هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی، لەکۆتایی قسەکانیدا پشتیوانی یەکێتی بۆ هەنگاوو بەرنامەکانی داهاتووی کۆمەڵەی خوێندکاران دوپاتکردەوەو هیوای خواست هەمیشە داکۆکیکاری خوێندکارانبن و فاکتەرێکی گرنگی رەوتی بەرەوپێشچونی زانست و کەرتی پەروەردەو خوێندن بن.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP