پارێزگاری كەركوك داخوازی هەزاران جوتیاری پارێزگاكەی جێبەجێكرد و رایگهیاند، بۆ ئەمساڵ جوتیاران دەتوانن بەروبومی گەنمەكانیان بەو نرخە ساغ بكەنەوە كە دەوڵەت دیاریكردووە، دەشڵێت: "پلان دادەڕێژین لە 20 ی ئەم مانگەوە لە سایلۆكان دەست بەوەرگرتنی گەنم بكرێت".
د. رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، دوای گەڕانەوەی لە بەغدا كە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی جوتیاران، سەردانی كردبوو، داخوازی هەزاران جوتیاری جێبەجێكرد، لە لێدوانێكیشیدا بۆ رۆژنامەنووسان و میدیاكاران رایگەیاند: "ماوەی چەند ساڵێكە جوتیارانی كەركوك، بەتایبەت جوتیارانی كورد و توركمان، بەروبومی گەنمیان بەو نرخە لێوەرناگیرێت كە حكومەتی عیراق دیاریكردووە، بۆیە ناچار بوون گەنمەكانیان بە نرخێكی كەمتر بە بازرگانان بفرۆشن، بۆیە لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لیژنەی كشتوكاڵ لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، چووینە بەغدا و لەگەڵ د. عەباس جەبر مالیكی وەزیری كشتوكاڵ، كۆبووینەوە و داوامان لێكرد لە وەرزی دروێنەی ئەمساڵدا گەنمی هەموو جوتیارانی كەركوك بەتایبەت كورد و توركمان لە سایلۆكاندا بەو نرخە وەربگیرێت كە حكومەت دیاریكردووە".
راشیگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا بەڵێنی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی كەركوكمان لە وەزیری كشتوكاڵ وەرگرت، بەمەش هەزاران جوتیار سوودمەند دەبن و بەروبوومەكانیان بەو نرخەی دەوڵەت دیاریكردووە ساغ دەكەنەوە".
پارێزگاری كەركوك راشیگەیاند: "بۆ ئەو مەبەستە سبەینێ 15-5-2025، لە دیوانی پارێزگای كەركوك كۆبوونەوەی باڵا لەگەڵ لیژنەی باڵای تایبەت بەوەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگای كەركوك دەكەین و پلان دادەڕێژین بۆ ئەوەی لە 20 ی ئەم مانگەوە لە سایلۆكان دەست بەوەرگرتنی گەنمی جوتیارانی كەركوك بكرێت".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP