وه‌فدی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی گه‌لی كۆماری (جه‌هه‌په) له شاری ئیسته‌نبوڵ كۆبوونه‌وه‌و چه‌ند پرسێكی گرنگیان تاوتوێكرد له‌نێویاندا پڕ‌ۆسه‌ی ئاشتیی له‌توركیا، وه‌فدی باڵای یه‌كێتیی جه‌ختیكرده‌وه، سه‌قامگیری ناوچه‌كه به‌ستراوه‌ته‌وه به چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه‌ی كێشه‌ی كورد".
وه‌فده باڵاكه‌ی یه‌كێتی به‌سه‌رۆكایه‌تی، د.جوان ئیحسان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی له‌گه‌ڵ ئۆزگور ئۆزه‌ل، سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆماری (جه‌هه‌په) كۆبوونه‌وه.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخی سیاسی و ئه‌منی ناوچه‌كه تاوتوێكران، به‌تایبه‌تی پڕ‌ۆسه‌ی ئاشتی له‌توركیا كه له‌ماوه‌ی رابردوو پێشهاتی نوێی لێهاتۆته پێشه‌وه، هاوكات جه‌ختكرایه‌وه له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌پێناو پاراستنی سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه له‌گرژی و ئاڵۆزییه سیاسییه‌كان دووركه‌وێته‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوو حزب وه‌ك ئه‌ندامی كارای رێكخراوی سۆشیالیست ئه‌نته‌رناشناڵی نێوده‌وڵه‌تی، هاوڕ‌ابوون كه هه‌نگاوه سیاسییه‌كانیان هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ به‌هاكانی سۆشیال دیموكرات، بۆ به‌دیهێنانی خۆشگوزه‌رانی بۆ ناوچه‌كه و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كان.
د.جوان ئیحسان رایگه‌یاند: "ئێمه له‌یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان سیاسه‌تێكی نیشتمانی و ھاوسه‌نگ بۆ ھه‌موو جومگه سیاسییه‌كان په‌یڕ‌ه‌وده‌كه‌ین، گفتوگۆ به بژارده‌ی گونجاو ده‌زانێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و ناكۆكییه‌كان".
سه‌رۆكی وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی وتیشی:"له‌سه‌ر رێبازی مام جه‌لال و هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌رده‌وامده‌بین بۆ سه‌رخستنی پڕ‌ۆسه‌ی ئاشتی و پێمانوایه له‌م قۆناغه چاره‌نووسسازه‌دا، سه‌قامگیری ناوچه‌كه به‌ستراوه‌ته‌وه به چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه‌ی كێشه‌ی كورد".
هه‌ردوو وه‌فدی یه‌كێتی و جه‌هه‌په هاوڕ‌ابوون كه به‌جێگه‌یاندنی به‌هاكانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری كه بنه‌مای كارپێكراوی ئه‌م دوو حزبه‌یه، كار بكه‌ن بۆ فراوانكردنی ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه به گه‌ڕ‌انه‌وه بۆ گفتوگۆ و رێگای دیبلۆماسی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP