سوپای پاسداران رایگەیاند، چەند بنکەیەکی ئاسمانیی ئیسرائیلى بە ئامانجگرتووە، کە بنکەی ئەو فڕۆکانە بووە هێرشیان کردووەتە سەر ئێران، هاوکاتیش هێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران بەردەوامن.
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا، کە لایەن تەلەڤزیۆنی رەسمی دەوڵەتەوە گواسترایەوە، وتی، "لە گورزەیەکى نوێی هێرشە موشەکییە بەرفراوانەکانیاندا، بنکە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، کە مۆڵگەی ئەو فڕۆکانەی ئیسرائیلین بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان بۆ سەر ئێران بەکارهێنراون".
بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلیش بەرپەرچدانەوەی زۆرینەی ئەو موشەکانەی راگەیاند، کە لە ئێرانەوە ئاڕاستەکرابوون، دوای ئەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەلئەبیب و ناوچەکانی باکووری وڵاتەکەی لێدرا.
هاوکات عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەو هێرشانەی تاوەکو ئێستا کردوویانەتە سەر ئیسرائیل، سەرەتایی و بۆ هۆشداریدان بوون و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە ئۆپراسیۆنی راستەقینە دەکەن.
موسەوی، داوای لە خەڵکی تەلئەبیب و و حەیفا کردووە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، ناوچەکانیان چۆڵبکەن و وتیشی، تۆڵەی خوێنی کوژراوەکانیان دەکەنەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP