عەمید هوما رەئوف بەڕێوبەری هۆبەی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لەپۆلیسی کەرکوک لەمیانی بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی کەرکوکدا ئاشکرایکرد کە بەکارهێنان و ئالودەبوون بەمادەی هۆشبەر لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی زیادیکردووە بەشێوەیەک زۆرجار ئەو کەسانەی تاوانێک ئەنجام دەدەن پەنا دەبەنە بەر بێ هۆشکردنی خۆیان بەو جۆرە مادانە کە ئەوەش جارێکیتر تاوانێکی ترە.
وتیشی، لەدەستگیرکردنی ئالودەبوواندا سودمان لەسەرچاوە و خەڵکانی دڵسۆز بینیوە، ئەو ئەفسەرەی پۆلیس نەیشاردەوە کە بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان توانیویانە گەڕەکە شەعبییەکان بقۆزنەوە بۆ فرۆشتنی مادەکان کە سەرەتا بێ بەرانبەر بەگەنجانی دەدەن و دواتر کە ئالودەبوون ئیدی بەپارە پێیان دەفرۆشنەوە کە ماڵوێرانی لێدەکەوێتەوە، بەداخەوە هەندێ جار گەشتوەتە ئەوەی کەسی ئالودەبوو دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر کەسوکارەکەی خۆی.
بەڕێوبەری هۆبەی مادە هۆشبەرەکان ئەوەشی خستەڕوو کە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا دەستیان گرتوە بەسەر زیاتر لە ١٤ ملیۆن حەپی ترامادۆڵدا هەروەها ١٥ کیلۆ هیرۆیین گیراوە، وتیشی، لەنێو کەرکوکدا زیاتر مادەی کرستال بەربڵاوە.
عەمید هوما رەئوف ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە هەموو ئەو کەسانەی ئالودەبوون دەتوانن خۆیان رادەست بکەن، چونکە لەو کاتەدا راناگیرین و راستەوخۆ بەبڕیاری دادوەر رادەستی تەندروستیان دەکەن تاوەکو ژیانیان رزگاربێت، وتیشی تاوەکو ئێستا چەندین کەس لەلایەن کەسوکاریانەوە رادەست کراون و ئێستا گەڕاونەتە ژیانی ئاسایی خۆیان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP