کۆنتی دەتوانێت هاوشێوەی مۆرینیۆ ریاڵ بکاتەوە بە تیپی جەنگاوەران

وەرزش
13:24 - 2021-05-27

 


محەمەد عەبدولڕەحمان 

سەردەمی جۆزێ مۆرینیۆ هەرچەندە سەردەمی چنینەوەی نازناوەکان نەبوو، بەڵام رۆڵی گرنگ و گەورەی بینی لە دوای رۆیشتنی خۆی کە روویدا
لە سەردەمی مۆرینیۆ بۆندی گەورە واژو نەکراو ئەستێرەی ناودار و دیاریش پەلکێش نەکرا
بەڵام مــۆی راهێنەر سەقافەتی بردنەوەو رکابەری لە ناخی یاریزانەکانی یانەی ریاڵ مەدرید چاند، روحیەتی خۆ بەدەستەوەنەدانی کردە دروشمی یاریزانەکانی یانەی شاهانە
ئەو کۆت و بەندەی شکاند کە لە هەموو وەرزێکدا تیپەکەی پێرێز لە قۆناغی شانزەی چامپیۆزلیگ ماڵئاوایی دەکرد
بێگومان ئەوەی دوای مۆرینیۆ هات بناغەیەکی پتەوەو زەمینەیەکی لەباری بۆ رەخسا بۆ رکابەری کردن لەبەرەی ناوخۆ و دەرەکیدا
زۆرێك لەو راهێنەرانەی وەک.. کاپیلۆ و پیلیگیرینی و شوستەر و خواندی رامۆس، نەیانتوانی ئەو روحیەتە لە ناخی یاریزانەکانی ریاڵ مەدرید بەرجەستە بکەن
 بەڵام مۆرینیۆ ئەوەی کردو لە ناوخۆی ئیسپانیاش تا رادەیەك هەژموونی بەرشەلۆنەکەی گواردیۆلای نەهێشت.. 


لە دوای رۆیشتنی زێدان، یانەی ریاڵ مەدرید پێویستی بە راهێنەرێکە تینوی بردنەوە بێت، راهێنەرێك ئەوەی لە توانایی یاریزانەکانی دایە دەری بخات، لە دوای رۆیشتنی زێدان کەتیبەکەی میرینگی پێویستی بە کەسایەتیەکە بوێر و نەترس بێت لە بڕیاردان، بەتایبەت بەرامبەر ئەو یاریزانانەی کە مایەی قورسایی بارگرانین بۆ ئیدارەی یانەکە و هاندەرانی تیپەکە. 
ئەنتۆنیۆ کۆنتی ئیتاڵیش خاوەن ئەو خەسڵەتانەیە، خاوەن کەسایەتیەکی بەهێزە و نەترسە لە بڕیاردان، بینیمان لە یانەکانی یۆڤانتۆس و چێڵسی و ئینتەرمیلان چی دروست کردو ئەنجامەکانی چۆن بوون 

هیچ کەسێك ویستی ئەوە ناکات رق و کینە بەرامبەر بە زێدان هەڵبگرێت، بەڵام بۆ ئەم سەردەم و دۆخەی ئێستای یانەی ریاڵ مەدرید، وا ئەخوازێت کە هەمان ئەو عەقڵیەت و فەلسەفەی مۆرینیۆ دووبارە بکرێتەوەو یاریزانەکانی یانەی میرینگیش جەنگاوەرانە دەرکەون و جگە لە بردنەوە سازش لەسەر هیچ ئەنجامێکی تر نەکەن،
بێگومان کۆنتیش شیاوترین راهێنەر دەبێت بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای یانەی شاهانە

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP