پەیامێک لە هەڤاڵ ئاسۆ مامەندەوە بۆ گشت تیمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن

کوردستان
16:45 - 2021-10-08

پەیامێک لە هەڤاڵ ئاسۆ مامەندەوە بۆ گشت تیمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن

لایەنگر و ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان..!
جەماوەری دڵسۆز و بە ئەمەکی هاوپەیمانیی کوردستان..!
هەڤاڵانی رێبازەکەی مام و کاکە نەوە..!
تیمەکانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن..!


سڵاوی.. هەڵبژاردن و مژدەی سەرکەوتنتان لێبێت!

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەڤاڵانی تیمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تەواوی  ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانیشەوە، پەرۆشانە و یەکێتییانە بە شێوەیەکی زۆر سەردەمیانە هەڵمەتێکی گەرم و گوڕتان دەستپێکرد بۆ پشتیوانیکردن و سەرخستنی کاندیدانی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان. 

ئامانجمانە لەم هەڵبژاردنەدا کە رۆژی 10-10-2021 لە هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری عیراقدا بەڕێوە دەچێت، جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بە پشتیوانی خوداو دەنگدەرانی دڵسۆز و بە ئەمەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، هاوکێشەی هێز لە هەرێمی کوردستان و عیراق بگۆڕین و، چیتر سلێمانیی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین؛ پەراوێز نەخرێن و، لە بودجە و مووچە و شایستە داراییەکان پشکی خۆیان پێ بدرێت!

هەڤاڵانی دڵسۆز و پەرۆشی هاوپەیمانیی کوردستان..!
چۆن لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو پێشمەرگە ئاسا لەناو جەماوەر و خەڵکی کوردستاندا هەڵمەتێکی گەرم گوڕتان دەستپێکردبوو بۆ پشتیوانیکردن و سەرخستنی کاندیدانی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان، بەو ئەندازەیەش داواتان لێدەکەم؛ لە ماوەی ئەم چەند کاتژمێری داهاتوودا بە هەمان گیان ماڵ بە ماڵ، گەڕەک بە گەڕەک، شار‌ بە شار هەڵمەتێکی چڕ و پڕ بۆ پشتیوانی و پشتگیریکردن لە کاندیدانی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان دەست پێ بکەن، دڵنیام هەر واش دەکەن!

نەسرەوتن تا سەرکەوتن..!
بەرە و گۆڕانکاری و راستکردنەوەی هاوسەنگی هێز..!

ئاسۆ مامەند
 لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP