دەستخۆش تیڤی کەرکوک

ستران عەبدولڵا
11:31 - 2024-07-31

هەر بژی کاک رەمەزان زامدار
بۆنەی ناساندنی بیرەوەرییەکانی تێکۆشەر نەجمەدین گلی هەموو دۆستانی قەدیمی کۆکردەوە. بەتایبەتی ئەو کەسایەتیانەی دیمەنی گەشی کەرکوکن لە خەباتی سیاسیی و کۆششی فەرهەنگی و شارستانیدا .
چاوی تیژی شار هونەرمەند و فۆتۆگرافەر رەمەزان زامداریش قسەی کرد و بیرەوەریی خۆی لەگەڵ مامۆستا گلی و دەستەبژێری تێکۆشەرانی کوردایەتی گێڕایەوە. گوتم کاک رەمەزان لەم کۆڕە قەرەباڵەغەدا ئەوەندە گێڕانەوە کەمە و گشتی بنووسە. ئەگەر ناینووسی لە بەرنامەی (بەسەرهات) هەموو بێژە. بەتایبەتی باسی تیپی سۆلاف و ستۆدیۆ دێرینەکەت بکە.
ئەم ستۆدێۆیە وەک سەفارەتی هونەر وابوو لە هەموو کوردستانەوە روناکبیران و شاعیر و هونەرمەندان وەختێ بەرنامەیان لە کەرکوک هەبوایە لای کاک رەمەزان لایان دەدا و چرکەیەکیان بۆ مێژوو تۆمار دەکرد.
هەفتەی رابردوو زۆر کەیف خۆشبووم و پێی گەشامەوە کە لە شاشەی کەرکوک دیداری هەبوو. دڵنیابووم مێژووی ئەم قەڵا ئاوەدانەی کوردایەتی بەهیچ تەعریبێکی سیاسی و کەلتوری ناسڕدرێتەوە.
بیرت هەر تیژبێت مامۆستا رەمەزان وەکو پەنجا ساڵە چاوی کامێرات تیژە و یادگاری بابەگوڕگوڕ تۆمار دەکەیت.
دەستخۆش مینبەرە ئاوەدانەکەی تیڤی کەرکوک و کاک رێبوار ئامادە و پێشکەشکاری بەرنامەی بەسەرهات.
گشتان گەش بن و هەمیشە دڵمان ئاوەدان بکەنەوە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP