٣١ی ئابی ١٩٩٦، ڕۆژێکی ئەوەندە تاریکە هیچ پاساوێک روونی ناکاتەوە، ئەو ڕۆژە مەسعود بارزانی بەناوی پارتی و بەپشتیوانی سەدام و رژێمەکەی خەنجەرێکی ژەنگاوی وەهای لەپشتی نەتەوەکەی چەقاند، تا مێژوو مێژووە زامەکەی بکولێتەوە.
٣١ی ئابی ١٩٩٦، هەر داگیرکردنی هەولێر نەبوو، شکاندنی خەونی ئازادی و سەربەخۆیی بوو کە کورد ساڵەهایە تێدەکۆشێ لەپێناودیدا، کەچی وەیشومەی خیانەت وەک هەمیشە هات و خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکانی تیادا هەرزانفرۆش کرد، هانی براکانیدا هێندەی تر دەست بەخوێنی یەکتر سور بکەن، پێگەو ناوبانگی کوردو هەرێمەکەی لەناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا کرد بەپووش!
چۆن دەکرێ لافی وەتەنییەت لێبدەی و بەهاوکاری ئەو دوژمنەی ساڵەهایە جینۆسایدت دەکات، وەتەن بکەیتەوە قۆچی قوربانی بەرژەوەندی و سەفەقاتە ناوخۆیی و هەرێمییەکانت، چۆن دەکرێ ببیتەوە جێگەی ئومێدی خەڵک؟ ئەم پرسیارەو هەزارە پرسیاری تری لەم چەشنە، بێ وڵام هێشتا لە دڵی هەر کوردێکدا دەزرنگێنەوە.
ئەو ڕۆژە، متمانە شکا، هیوا کوژرا، برایەتی لەناو چوو، بگرەو بکوژەو تاڵان و بڕۆیی بوون بەپیشە، بەڵام ئەوەتا کوردو یەکێتی هەر بەپێوەن هەر بەڕێوەن بۆ راستکردنەوەی ڕێڕەوەکەو بۆ سەرخستنی کاروانەکە، ئەم ڕووداوە تاڵە بوو بە وانەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەر ئەم هەوێنەیشە ئەمڕۆ دژبەرەکانی دیموکراسی تاساندووە.
ئێستا، کاتی ئەوەیە لەم ڕووداوە وانە وەربگرین، پێویستە یەکگرتووییمان بەهێزتر بکەین و هەرگیز ڕێگە نەدەین جارێکی تر بەرژەوەندی تاکەکەسی بەسەر بەرژەوەندی گشتیدا زاڵ بێتەوە، کە تەنها بە یەکگرتوویی و هاوکاری و پێکەوە کارکردن دەتوانرێ داهاتوویەکی گەشتر بۆ نەتەوەکەمان دروست بکەین
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP