لەبەر ئەوەی ماسمیدیا بواری پسپۆریمانە، هاوكات ئاگاداری تیۆرەكانی كاریگەریی راگەیاندنین، لەوە تێدەگەین كە چۆن 16ی ئۆكتۆبەر، پێش ئەوەی هەلومەرجێكی سیاسیی تایبەت، هاوكێشەیەكی ئەمنی و سەربازی، هەماهەنگییەكی هەرێمایەتی كردبێتییە رووداو، ماسمیدیاكانن بەرهەمیان هێنا!، ئیتر چ لەقۆڵی هەرێم خۆیەوە بێت، بەتایبەتی میدیاكانی پارتی، چ لەلایەن میدیای عیراقییەوە!، چ لەقۆڵی تەنانەت میدیای هەرێمایەتی و تاڕادەیەك جیهانیش!.
كە دەڵێین ئەو رووداوە زادەی ماسمیدیایە، لێشاوی ئەو رووماڵە فووتێكراوانەمان لە یادە كە هەم بۆ ریفراندۆمی هەرێم و دەرەنجامەكانی كران، هەم بۆ دنەدانی ئۆپەراسیۆنەكانی سەپاندنی یاسا لەلایەن حكومەتی عەبادییەوە. لە یەكەمیاندا، كە میدیای پارتی گەیاندییە ئەوەی بەهار بێنێتە چۆك و مژدەی دەوڵەتی كوردی بداو عیراقیش ببێتە دراوسێیەكی باش!، بە جارێك رای گشتیی ناوخۆیی، هەرێمایەتی، ناوچەیی و جیهانیش لەدژی كورد وروژا، بەتایبەتی كە پرۆسەكە لەناوچەكانی جێی ناكۆكیش بەڕێوەچوو. لەدووەمیشیاندا، میدیای عیراقی، هەر زوو ریفراندۆمی وەك ناپاكییەكی نیشتمانی و پێشێلكردنێكی گەورەی دەستوور وێنا كرد، بەجۆرێك كە لەگەڵیدا ئەنگێزەی ناسیۆنالیستیی عەرەبی بەرادەیەك بئاوسێت كاربگاتە ئەوەی لە12ی9، واتە دوو هەفتە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەنجوومەنی نوێنەران گڕبگرێت و بە ئامادەبوونی 204 لەكۆی 328 ئەندامیان، هەڵوێستوەربگرن و دەستی حكومەتی عەبادی كراوە بكەن بۆ گێڕاندنەوەی سوپا بۆ ناوچەكانی جێی ناكۆكی، كە لەمەشدا هەردوو میدیای توركی و ئێرانییش پاڵپشتی بەغداو ئابڵوقەكانی دواتریشی بوون كە خستنیە سەر هەرێم.
لەناو ئەو جەنگەڵی كەفوكوڵە میدیایی و پڕوپاگەندەییانەی هەردوولادا كە باركرابوون بە دەمارگیرییەكی توندی ناسیۆنالیستی، رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر، وەك یەكێك لەئاكامە هەرە چاوەڕوانكراوەكان روویدا، چونكە شەڕەكە بەرلەوەی رووبدات، لە میدیاوە زەمینەی سیاسی و سایكۆلۆژیی بۆ خۆشكرابوو، بەڵام وەك مەهدی موهەندیس دەیگێڕێتەوە، شوورەییەكە لەوەدا بوو كە هەر ئەو لایەنە كوردییەی كە ئاگری شەڕو پێكدادانی سەربازیی خۆشكرد، «رۆژێك پێشتر هەموو بەرەكانی شەڕەكەی چۆڵكردو گەڕایەوە بۆ هەولێر، كەچی بە هێزەكانی یەكێتی دەوت شەڕ لەگەڵ حكومەتدا بكەن!». موهەندیس كە یەكێك بوو لە فەرماندە مەیدانییەكانی شەڕەكە، لەدیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی بیلادی، زۆر نیگەرانی قوربانیانی یەكێتییە لە شەڕەكەدا، خوێنی هەموو پێشمەرگە شەهیدكراوەكانی یەكێتییش دەخاتە گەردنی سەرۆكی(پ.د.ك)، پێیوایە پێشمەرگەو سوپاو حەشد، كە لەیەك سەنگەردا خوێنیان لەدژی داعش تێكەڵ بووبێت، چۆن دەبێت بكەونە بەرامبەر یەكتر؟.
بەڵێ، ماسمیدیا دەشێت ئاوها كاریگەریی هەبێت، بگرە ببێتە سەرچاوەیەكی ترسناكی شێواندنی رووداوەكان و باعیسی خوێنڕشتنیش، بەتایبەتیش چ كاتێك، هەروەك دانەرانی تیۆری پشتبەستنی میدیایی، ساندرا بول رۆكێتچ و میلڤین دیفلۆر دەیڵێن، ئا لەو كات و هەلومەرجانەدا كە رووداوەكان تەمومژییان لەدەورەو تاك و كۆمەڵ ناچارن پشت بەزانیاری و روماڵی راگەیاندنەكان ببەستن. جا تاوانی لەوە گەورەترو پارادۆكسی ئابڕوبەر ئەوەیە كە هێزی پشت ئەو میدیا كوردییە، هەر خۆی، پێگەی باڵای لەناو هەموو دەزگاكانی دەوڵەتی عیراقیدا هەبێت كەچی لەهەمانكاتدا شەڕیشیان لەدژ جاڕبدات!، بەڵام بەكێ بیكات؟ بە پێشمەرگەو خوێنی شەهیدی هێزێكی كوردی تر كە یەكێتییە، ئەوە لەكاتێكدا بابای شەڕخواز، پێش سێ ساڵ لەرووداوی 16ی ئۆكتۆبەر، هەرخۆی، ئیمزای رێككەوتنی چۆڵكردنی ئەو ناوچانەی جێی ناكۆكیی بۆ سوپای عیراق كردبێت و موهەندیس وتەنی، تەنانەت پارەكەشی وەرگرتبێت!.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP