پێش چل و حەوت ساڵ ماڵئاواییت لێكردین ( 27.12.1977 ) . ئێستاش دەنگی گوللە و هاواری تۆ ( بژی كوردستان ..بژی پێشمەرگە .. بژی شۆڕش .. ) لە گوێمدا وەكو خەون دەزرنگێتەوە . ئێستاش پرژی خوێنی ئاڵی تۆ ، بە لووتكەی شاخی سەركەشی زەردەوە دەبینم . نازانم بۆ رێژنەیەك فیشەك بەر هەناوی تۆ كەوت هیچی بەر منی باڵشكاوی نەپێكا ؟ چركەیەك ، تەنیا چركەیەك پێش ئەو كارەساتە ، دەستی راستم لەسەر شانی چەپیت بوو . نەڕەی شێرانەی تۆ ، ئێستاش لە بناری زەردە و كانی كەڵان و چرچەقەڵا دەنگدەداتەوە . چوار هەنگاو دوور كەوتمەوە . ئەگەر دەمزانی ئەوەی رووی دا ، روودەدات ، دڵنیابە بە تەنیا جێمنەدەهێشتیت ، با بۆ سەفەری دنیای عەدەمیش ، هەردووكمان پێكەوە بووینایە . ئێستا دەزانم ئەو رێژنەیە بۆ ساردكردنەوەی هەردووكمان بوو . وا دانرابوو ، بە دەستێكی پیس و گڵاو ، بەڕێژنەیەك هەردووكمان پێكەوە سارد بكرێینەوە . من كەی دڵم دەهات بۆ چاوتروكاندنێكیش تۆ جێبهێڵم ؟ تۆ سەرقاڵی سەربازێكی دیلێكی عەرەب بوویت . باسی پەیامی مرۆڤانەی شۆڕشت بۆ دەكرد . پاڵتۆكەی خۆتت پێی بەخشی ، چاوم لێت بوو ، پارەت پێی دا . كابرا بۆ شەڕی كوردكوشتن نێردرابوو . تۆ دەتویست تێیبگەێنیت ، رژێمی فاشی درەنگ بێت یان زوو هەرەس دەهێنێت .
شەوێكی چەند تاریك نووتەك بوو . پێشمەرگەكان چاوەڕوانی ئامۆژگاریەكانی تۆ بوون . بە دڵ و بە گیان حەزیان دەكرد گوێ لە قاقای پێكەنینی تۆ بگرن . چۆن لەپڕ ئەو رۆحە پاكەت دایە شەقەی باڵ ؟
لەمەشدا بەخت یارم نەبوو ، تۆ رۆیشتیت و منیش لە بیابانی بێبەختیدا خاچی پەیامە پیرۆزەكانی تۆم لەسەر شانم داناوە . نازانم تا كوێ بڕدەكەم و بڕناكەم !
تۆ هەمیشە خەونت بەوەوە دەبینی رەوتی كلاسێكی شۆڕش بگۆڕیت . یەكێك بووی لە ئەندامە هەرە چالاك و بە تواناكانی ( هەرێمی پێشڕەو ) و بۆ دامەزراندنی رێكخراوی ( هەڵۆی سوور ) گیانت لەسەر لەپت دانابوو . تۆ دەتویست بەغدای پایتەخت ، لەناوەوە بڕووخێنیت . دەتگوت : بەمۆ و زمناكۆ و سەگرمە ، بەغدا بە ئاسانی ناهەژێنێت . لە سەر رووباری دیجلە دەبێ دەسەڵاتی بەعسی فاشی كۆتایی پێبهێنرێت . لەناو رۆژمێركەت ، رێكەوتی - رۆژی 22.06.1977 - نووسراوە ( ئەمڕۆ عوسمان محەمەد فایق بە سزای گەل گەێنرا.. ..)
تۆ پێتوابوو : (...شێوەی كلاسێكی خەباتی چەكداری كلاسیكی كوردی ، ئەگەر گۆڕانی ریشەیی بەسەردا نەهێنرێت ، بە ئاسانی تاجی زێڕینی سەركەوتن لەسەر نانێت .. دەبێ كارگەی چەك و تەقەمەنی خۆمان هەبێت ... دەبێ بە مین و تەقاندنەوە ، هێرش و پەلاماری سوپای داگیركەر بوەستێنرێت .)
چیت بۆ بنووسم سادق گیان !
راپەڕین ، داگیركەری بەزاند ! راپەڕین و خەباتی گەلی كورد سەركەوتوو بوون . یاری ئێمە لە بەغدادا سەركەوتوو نەبوو . ئێمە دەماتوانی : بە دوو پێ بڕۆین . لەسەر یەك پێ دەڕۆیشتین . ئێمە دەماتوانی بە دوو چاو سەیری دنیا بكەین . بە یەك چاو سەیرمان دەكرد . ئێمە دەماتوانی لەوێش براوە بین . بەڵام ! بەڵام ! یەك لە سەدی ئەقڵی خۆمان نەخستە گەڕ . ئێستا بەغدا یاری ماروپەیژەمان لەگەڵ دا دەكات . ئێمەیش وەكو گیسكەكەی هەیاسمان لێ هاتووە ....
بڵێم : بنوو هەموو خەونەكانت هاتنە دی !
بڵێم : تۆ دەتویست كۆمەڵێكی بێ چین و چەوسانەوە .. كۆمەڵێكی ئازاد و سەربەست دروست بكەیت ... هاتە دی !
بریا و هەزار بریا ئەو رێژنە گوللەیەی بەر تۆ كەوت ، بەر دڵی من بكەوتایە سادق گیان . هەر لەو كاتەوە ، هەناوی ئێمە هەزاران برینی ساڕێژنەكراوی پێوەیە و لە بەردەم زریان و باوبۆران هێشتا بە پێوەین و بەردەوامین و بەردەوام دەبین .
هەموو چركەیەك یادت دەكەین ، لەگەڵ نمەی باران دا ، لەگەڵ تیشكی هەتاو دا ، لە سەر گەڵای دارەكانی پایزدا ، بزە و پێكەنی تۆ ( لە كلكەی هەوری ئاڵەوە دێتە خوارێ ) ئەوەش مانایەكی جیاواز بە بوون دەبەخشێت .....
مامۆستا جەعفەر
برایەكیتری شەهید سادق
* شەهید سادق ( ١٩٥٦-١٩٧٧ ) ئەندازیار . بۆ زانیاری وردتر بڕوانە كتێبی ( بە خەونی گەورەوە كەوتینە رێ )
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP