ڕۆبۆتە مرۆییەکان... کاتێک ئامێر سنووری بەرنامەسازی تێدەپەڕێنێت

نەوزاد عومەر
13:46 - 2024-12-30


بەم زووانە، ڕەنگە جۆرە مرۆڤێک ببینین لە شەقامەکاندا دەڕۆن، زەردەخەنەمان بۆ دەکەن و سڵاومان لێدەکەن، ئەگەر چی شانەی مرۆیی زیندوویان هەیە، دوو چاویان بۆ بیبین هەیە، بەڵام بێ ڕوحن و  مرۆڤی ڕاستەقینە نین، لەگەڵماندا دەبن و هەست بە نیگەرانییەکانمان دەکەن، هیچ ترسێکیان بۆمان نابێت. لە پشت ئەم زەردەخەنە نەرم و نیانەوە عەقڵێکی دەستکردی زەبەلاح هەیە کە لە ملیارەها ترانسیستۆر پێکهاتووە و لە ژێر پێستەکانیاندا پلێت و وایەری کانزایی هەیە. بەڵام سەرچاوەی پرۆسەی دروستکردنی ئەو ڕۆبۆتە مرۆییانەن (Humanoid Robots)، کە پشت بە بنەماکانی بایۆلۆژی داروینی(٢) دەبەستێت. لە ناوەڕاستی ئەو پێشهاتە خێرایانەی جیهان لە بواری تەکنەلۆژیادا، ڕۆبۆتی مرۆیی یان ڕۆبۆتەکانی هاوشێوەی مرۆڤ، وەک یەکێک لەو داهێنانانە سەرهەڵدەدەن و شایەتی ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە قووڵەیە، لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئامێرەکاندا ڕوودەدات.
دیزاینی ئەم ڕۆبۆتانە بە شێوەیەک کراوە کە لە پێکهاتە و ڕەفتارەکانیاندا لاسایی مرۆڤ بکاتەوە، تەنها ئامڕازێکی میکانیکی نین، بەڵکو نوێنەرایەتی چوارچێوەیەکی نوێ دەکات کە ڕێگە بە کارلێکی پێشکەوتووتر و قووڵتر لە نێوان تەکنەلۆژیا و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا دەدات، پێشبینی دەکرێت ئەو قەڵەمبازە بەردەوامەی کە پێشکەوتنی تەکنیکی لە دروستکردنی ئەم جۆرە ڕۆبۆتانەدا پێیگەیشتووە، بەمەبەستی ڕێگەدان بە سەرهەڵدانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی نێوان ئەو دوو لایەنە، پەیوەندی نێوان مرۆڤ و زیرەکیی دەستکرد دووبارە دابڕێژێتەوە.

گرنگترین دەسپێشخەرییە پێشەنگەکان:
  لە چەند ساڵی ڕابردوودا شایەتی چەندین دەسپێشخەری بۆ هەنگاونان بەرەو دروستکردنی ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ بوین، لەوانە ڕۆبۆتی “ئۆپتیموس” کە بەرهەمی کۆمپانیای تێسلایە و لە ساڵی (٢٠٢٥) دا بەردەست دەبێت، هەروەها ڕۆبۆتی فیگەر (Figure) کە لە ئێستاوە لە هەندێک بازاڕەکاندا بەردەستە، جگە لە واژۆکردنی هاوبەشییەک لە نێوان کۆمپانیای نیڤیدیا (Nvidia) و چەند کۆمپانیایەکی تایوانی بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنانێکی زۆر گەورەی  ڕۆبۆتە مرۆییەکان.  ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بەرەو سەرەتای سەردەمی بەرهەمهێنانی ڕۆبۆتی ڕۆژانە (Everyday Robot).  بەو مانایەی کە هەر ڕۆبۆتێک لەو ڕۆبۆتانە دەتوانێت ئەو ئەرکە ئاساییانەی ژیانی ڕۆژانەمان ئەنجام بدات کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات. وردەکارییەکانی ئەم ڕۆبۆتانە دەتوانرێت بەم شێوەیە ڕوون بکرێتەوە:
١- ڕۆبۆتی “ئۆپتیموس”: ئەم ڕۆبۆتەی کۆمپانیای تێسلا لە لیستی گرنگترین دەستپێشخەرییەکانی جیهان لە بواری ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت، و بە بڕگەیەکی گرنگ لەو بوارەدا دادەنرێت.  بەو تایبەتمەندییە جیا دەکرێتەوە کە توانای ئەنجامدانی ئەرکە جۆراوجۆر و قورسەکانی هەیە، هەر لە کارکردن لەسەر هێڵەکانی بەرهەمهێنان تا دابینکردنی پشتگیری لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی ناو ماڵ، هەروەها تەنانەت لە ناوچە ناشایستەکانیشدا توانای ڕۆشتنی هەیە.  پشت بە هەمان سیستەمی زیرەکیی دەستکرد دەبەستێت، کە لە ئۆتۆمبێلە خۆئاژۆکانی تێسلادا بەکاردێت. ئەمەش توانایەکی باڵای بۆ گونجاندن و بڕیاردان لە کاتی ڕاستەقینەدا پێدەبەخشێت.
 ڕۆبۆتی "ئۆپتیموس" بۆ یەکەمجار لە (١٩)ی ئابی (٢٠٢١) ئاشکرا کرا، هاوکات ئیلۆن ماسک پلانەکانی کۆمپانیای تێسلای بۆ پەرەپێدانی ڕۆبۆتەکانی هاوشێوەی مرۆڤی بۆ مەبەستی گشتی ڕاگەیاند.  لە    (٣٠)ی ئەیلوولی (٢٠٢٢)، کۆمپانیای تێسلا لە میانی چالاکییەکانی ڕۆژی زیرەکیی دەستکرددا، نموونەیەکی سەرەتایی ڕۆبۆتەکەی نمایشکرد.  لە مانگی نیسانی (٢٠٢٤)دا، ئیلۆن ماسک ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردن بۆ بە بازارکردن و فرۆشتنی ڕۆبۆتە مرۆییەکانی ئۆپتیموس تا کۆتایی ساڵی (٢٠٢٥) کرد.
 سەبارەت بە توانا ئومێدبەخشەکانی ئەم ڕۆبۆتانە، ماسک وتی: ئۆپتیموس دەتوانێت لە نێوانتاندا بێت و بڕوات، و دەتوانن ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا کارلێک بکەن.  هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆبۆتەکە چەندین ئەرک ئەنجام دەدات: دەتوانێت ڕۆڵی مامۆستا بگێڕێت، ئاگاداری منداڵەکانت بێت، لەگەڵ سەگەکەتدا بەپێ بڕوات، چیمەنی ناو باخچەکەت ببڕێت، بازاڕیت بۆ بکات، میوە و خواردنت بۆ بکڕێت، یان دەکرێ تەنها هاوڕێیەکی باش بێت، و خواردنەوەت پێشکەش بکات... هەر شتێک کە بیری لێبکەیتەوە، ئەو بۆت ئەنجام دەدات.  تیشکی زیاتر دەخاتە سەر سوودوەرگرتن لە توانا بەرفراوانەکانی ئەم ڕۆبۆتە.
 کێشی ڕۆبۆتی ئۆپتیموس نزیکەی (٥٦) کیلۆگرامە و درێژییەکەی (١٧٠) سانتیمەترە. پێشبینی دەکرێت ساڵی (٢٠٢٥) شایەتی دەستپێکردنی بەکارهێنانی ڕاستەقینەی بازرگانی ئەم جۆرە ڕۆبۆتە بێت.  بە چاوی خۆمان لە ناوەندەکانی خزمەتگوزاری کڕیار، نەخۆشخانە، مۆڵ، کارگە و لە ناو ماڵەکاندا بیانبینین، بەرهەمهێنانی بەرفراوانی بەکۆمەڵی ئەم ڕۆبۆتانە تا ساڵی (٢٠٢٦) دەست پێدەکات و دەکەوێتە بازارەوە و بە نرخی لە نێوان (٢٠ بۆ ٣٠) هەزار دۆلار بەردەست دەبێت، ئەمەش وا دەکات بەراورد بە بازاڕی جیهانی ڕۆبۆتەکان تێچووەکەی زۆر قبوڵکراو بێت.
٢- ڕۆبۆتی “فاگەر”: کۆمپانیای “فاگەر” کە بنکەکەی لە کالیفۆرنیایە و تایبەتە بە پەرەپێدانی ئەو ڕۆبۆتانەی کە توانای خۆکۆنتڕۆڵ کردنیان هەیە، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی (٢٠٢٤)دا، سەبارەت بە واژۆکردنی ئەو ڕێکەوتنە بازرگانییە مێژووییەی کە فاگەر لەگەڵ کۆمپانیای بی ئێم دەبلیو (BMW)  کردی. ڕاگەیاند، ئامانج لە ئەم هاوبەشییە، یەکخستنی ڕۆبۆتە فرە مەبەستەکان و تێکەڵکردنی ئەرکەکانیانە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئاڵۆز و زۆرجار سەخت لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلدا.
 ڕۆبۆتەکانی( FIGER) بە شێوەیەک دروستکراون کە ئەرکی قورس و مەترسیدار و تاقەتپڕوکێن لە هێڵەکانی بەرهەمهێناندا ئەنجام بدەن.  ئەمەش ڕێگە بە کارمەندە مرۆییەکان دەدات سەرنجیان لەسەر ئەو ئەرکانە بێت کە پێویستیان بە ئاستی بەرزی داهێنان و لێهاتوویی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا هەیە، بۆئەوەی بەشدار بێت لە باشترکردنی کارایی و بەرزکردنەوەی پێوەرە ستانداردەکانی سەلامەتی لە شوێنی کاردا، چونکە ئەرکی مەترسیدار یان جەستەیی زۆر زەحمەت دەدرێنە دەستی ڕۆبۆتەکان و ئەوان ئەنجامی دەدەن.
 هاوبەشی نێوان (FIGER) و (BMW ) لەسەر بنەمای ڕێبازێکە کە پشت بە دەستنیشانکردنی حاڵەتی بەکارهێنانی تایبەت بۆ ڕۆبۆتەکان دەبەستێت، پڕۆژەی تاقیکاری هاوبەشییەکە لە کارگەی (BMW) لە شاری سپارتنبێرگ (Spartanburg) لە ویلایەتی کارۆلینای باشووری ئەمریکا جێبەجێ دەکرێت.  ئامانج لە ئەم پڕۆژانە کۆکردنەوەی شارەزایی پێویستە بۆ وردە وردە باشترکردنی پرۆسەی بڵاوکردنەوەی  تەکنەلۆژیای ڕۆبۆتە مرۆییەکان.  جگە لەوەش، هەردوو لایەن هاوکارن لە گەڕان بەدوای تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا، لەوانە زیرەکیی دەستکرد، کۆنترۆڵکردنی ڕۆبۆتەکان و مەجازیکردنی بەرهەمهێنان، لە پێناو پەرەپێدانی چارەسەری داهێنەرانە کە کارایی و بەرهەمهێنان بەرز بکاتەوە. 
 لە میانی تاقیکردنەوەیەکدا کە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە کارگەی بی ئێم دەبلیو بەردەوام بوو، ڕۆبۆتی (Figure 02) لە ئەنجامدانی کارەکانی لە دانانی بەشەکانی پلێتە کانزاییەکان لەناو پێکهاتەی تایبەتدا سەرکەوتوو بوو، کە دواتر لە کۆکردنەوەی پێکهاتەکاندا بەکاردەهێنرێن.  ئەم ئەرکە نوێنەرایەتی ئالەنگارییەکی گەورە دەکات، بەو پێیەی پێویستی بە لێهاتوویی و وردبینی بەرز هەیە.  ئەمەش گوزارشت لە توانا پێشکەوتووەکانی ئەم جۆرە ڕۆبۆتانە دەکات.

٣- دەسپێشخەری (NVIDIA) لە ڕۆبۆتە مرۆییەکاندا: لە کۆتایی ساڵی (٢٠٢٤)دا، (NVIDIA) دیدگای گەورەی خۆی بۆ چوونە ناو بواری ڕۆبۆتە مرۆییەکان ڕاگەیاند، لە ڕێگەی دامەزراندنی زنجیرەیەکی پێشکەوتووی بەرهەمهێنان و زنجیرەی دابینکردن و ژێرخانی پێشکەوتوو لە تایوان، دەسپێشخەرییەکە هەوڵدەدات ڕۆبۆتی پێشکەوتوو لەسەر بنەمای زیرەکیی دەستکرد بۆ بەرزکردنەوەی داهێنانی پیشەسازی و خزمەتگوزاری  پەرەپێبدات.
 ئامانجی کۆمپانیای (NVIDIA) لە دەسنیشاکردنی تایوان بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی، بۆ ئەوەیە سود لە ژێرخانی پیشەسازی بەهێزی تایوان وەربگرێت، بەتایبەتی بەرهەمهێنەرانی ئەو ئامێر و ئامڕازانەی کە ڕۆبۆت دروست دەکەن، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ خێراکردنی توێژینەوە و پەرەپێدان لە بواری ئۆتۆماتیکی زیرەکیدا بۆ دابینکردنی تەکنەلۆژیایەک کە نەرمی و دینامیزم لە جوڵەی هاوشێوەی مرۆڤدا بە ڕۆبۆتەکان دەبەخشێت.   هەروەها تایوان گەورەترین دابینکەری سێرڤەری (NVIDIA) یە.  ئەمەش بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە (بۆ نموونە وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) سوودێکی کێبڕکێی پێدەبەخشێت. لە بەرامبەردا کۆمپانیای (NVIDIA) ئارەزووی دروستکردنی سیستەمی فێربوونی ئامێر و فێربوونی قووڵ و ڕاهێنانی داتا و دابینکردنی ئەو چیپە زیرەکانەی هەیە کە ئەم ڕۆبۆتانە کارپێدەکات.


ڕۆبۆتە مرۆییە خۆبڕیادەرەکان:

 لەم ساڵانەی دواییدا جیهان لە بواری زیرەکیی دەستکردی بەرهەمهێنەردا شایەتی گەشەسەندنێکی بێ وێنەیە، کە نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە توانا شیکارییەکانی سیستەمی زیرەکدا دەکات، توانای ئەم جۆرە زیرەکییە بە توانایەکی داهێنەرانە و ھاوشێوەکردن لەگەڵ دینامیکی چالاکییەکانی مرۆڤ دەناسرێتەوە.  ئەمەش دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی چەمکێکی نوێ کە بە "ڕۆبۆتە مرۆییە  خۆبڕیادەرەکان " ناسراوە.  کە بریتییە لە پرۆسەی تێکەڵکردنی زیرەکیی دەستکردی خۆبڕیادەر لە ڕۆبۆتەکاندا، ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات سنووری  بەجێگەیاندنی کارایی میکانیکی نەرێتی ڕۆبۆتەکان تێپەڕێنن.   بۆئەوەی لە ڕەفتاری مرۆڤ لە ئاستی جوڵە و کارلێککردن و فێربوونی بەردەوامدا نزیکبێتەوە.
 ئەم ڕۆبۆتانە تەنها ئامرازێکی پێشوەختە نین کە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی تایبەت بەرنامە بۆ داڕێژراو کرابێتن،  بەڵکو لە بڕیاردان سەربەخۆیی نیشان دەدەن، بە شێوەیەک داهێنان لە ئەنجامدانی ئەرکەکاندا دەکەن، کە  پێشوەختە هیچ بەرنامە ڕێژییەکی بۆ نەکراوە.  کرۆکی ئەم گەشەسەندنە بریتیە لە تێکەڵکردنی پێکهاتە میکانیکییە پێشکەوتووەکان، وەکو ئەو ئەندامە دەستکردانەی کە پڕ جووڵەن، لەگەڵ مۆدێلەکانی زیرەکیی دەستکردی خۆبڕیادەر کە توانای پرۆسێسکردنی داتا ئاڵۆزەکان و کارلێککردنیان لەگەڵ ژینگەدا بە شێوەیەکی داینامیکی هەیە.
پێشکەوتنەکان لە بواری تۆڕە دەمارییە خۆبڕیادەرە قووڵەکان (GANs) و مۆدێلی زمانەوانی زەبەلاح وەک    (GPT)،  توانای فێربوونی شێوازی جووڵەیی و بینین، شیکردنەوەی زمانی سروشتی و دەرئەنجامی بەدەستهێنانی زانیاری لە داتا بێپێکهاتەکان بە ڕۆبۆتەکان دەدات. بۆ نموونە ڕۆبۆتێکی مرۆیی خۆبڕیادەر دەتوانێت فێری لاسایی کردنەوەی جووڵەی مرۆڤێک بێت لەسەر بنەمای شیکاری تۆمارە ڤیدیۆییەکان، یان بە شێوەیەکی سۆزداری بە شیکردنەوەی زمان و تۆنی دەنگ کارلێک لەگەڵ مرۆڤەکاندا بکات.
 سنووری بەکارهێنانی ئەم ڕۆبۆتانە بۆ زۆر بوار درێژ دەبێتەوە. لە کەرتی پزیشکیدا، دەتوانرێت ڕۆبۆتی مرۆیی خۆبڕیادەر وەک یاریدەدەری نەشتەرگەر بەکاربهێنرێت، کە بە وردبینییەکی بەرزەوە کارەکانی ئەنجام دەدات و توانای فێربوونی لە هەڵەکان هەیە.  لە بواری پەروەردەدا ئەم ڕۆبۆتانە دەتوانن لە ڕێگەی کارلێکی کەسییەوە ئەزموونی فێربوونی کەسی پێشکەش بە خوێندکارەکان بکەن.

شانە زیندووەکان:
 هەرچەندە ئەم ڕۆبۆتانە لە ڕووی ئەندامە دەستکردەکان و جوڵەی میکانیکییەوە لە شێوەی مرۆڤ دەچن، بەڵام پێکهاتەکەیان لە ئاسن و تیتانیۆم دروستکراوە، و هەمان شانە بایۆلۆژییەکانی مرۆڤیان نییە، لە کۆتاییدا لەوانەیە هەستێکی خۆکارانەمان لا دروست بکەن کە ئەمانە تەنها ئامێرن و وەک مرۆڤ نابن، تەنانەت ئەگەر هەمان ڕێبازی مرۆڤ لە بیرکردنەوە و هەمان جوڵەکانی مرۆڤیش بگرنەبەر.  بەڵام ئەم بابەتەش خەریکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، چونکە زاناکان لە پەرەپێدانی پێستی دەستکرددا سەرکەوتوو بوون، کە ڕەنگە لە داهاتوودا بۆ داپۆشینی ئەندامە پۆڵاینەکانی ڕۆبۆتەکان بەکاربهێنرێت.  تەنانەت ڕەنگە بتوانێت بە شێوەیەکی زۆر سروشتی گەشە بکات، ئەمەش ڕێگە دەدات شێوەی ئەم جۆرە ڕۆبۆتانە زیاتر لە مرۆڤ بچێت.
 ئامانج لە دروستکردنی ماددەی پێستی دەستکرددا بۆ لاسایکردنەوەی تایبەتمەندی و ئەرکەکانی پێستی مرۆڤە، بۆ مەبەستی جۆراوجۆری پزیشکی، وەک داپۆشینی برین و سووتاوی و نەشتەرگەری جوانکاری هەرچەندە لەگەڵ کارایی پێستی مرۆڤدا ناگونجێت. چونکە پێستی مرۆڤ سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین کونیلە و کون و خوێنهێنەر تێیدا، توانای ئەوەی هەیە بە جێگیری بمێنێتەوە، بەڵام پێستی دەستکرد تایبەتمەندە بەوەی کە توانای دابینکردنی بەربەستێکی پارێزەری لە نێوان ژینگەی دەرەوە و جەستەی ڕۆبۆتەکەدا هەیە.
 نموونەی ئەمەش ئەو هەوڵەیە کە توێژەرانی زانکۆی ئۆریگۆن لە ئەمریکا بە هاوکاری لەگەڵ زانایانی کۆمپانیای لۆریالی فەرەنسی بۆ چاودێری کەسی، هەستان بە پەرەپێدانی پێستی دەستکردی فرە چین، کە زۆر نزیک دەبێتەوە لە پێستی ڕاستەقینەی مرۆڤ و تەنها لە ماوەی (١٨) ڕۆژدا دەتوانرێت بچێنرێت و گەشە بکات، بۆ ئەم مەبەستەش تەکنەلۆژیای پرنتەری سێ ڕەهەندییان بەکارهێناوە. 
 ئەم تەکنەلۆژیایە، بۆ دابەشکردنی خانەکان (وەک کیراتینۆسایت و ڕیشاڵە گەورەکان) و چینە جیاوازەکان لەسەر یەکتری، بە وردییەکی زۆر بەرز پشت بە بەکارهێنانی پرینتەری سێ ڕەهەندی دەبەستێت،  کە یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی یەک پێکهاتەی یەکگرتوو بە ئەستوورییەکی تەواو و کوالێتی بەرز.  "هایدرۆجیل" بۆ پاڵپشتی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئەم خانانە بەکاردەهێنرێت.  کە یارمەتی دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەکردن و دووبارە دروستبوونەوەی شانەکان دەدات.

هۆشیاریی خودیی:

 هۆشیاری بەگشتی بریتییە لە دۆخی هۆشیاری مرۆڤ  لە خۆی و دەوروبەر و ژینگەکەی، هەروەها چۆن بتوانێت کارلێککردنیان لەگەڵدا بکات، حاڵەتێکی خۆئاگابوونە لە خۆی و جیهانی ناوەوەی.  لە ڕێگەی ئەم کارەوە و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا شێواز و میتۆدی کەسیی پەرەپێدەدات، هۆشیاری لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەپێی ئەزموون و شارەزایی و کارلێککردن لەگەڵیاندا دەگۆڕێت. بۆ نموونە هۆشیاری ئەوەیە کە مرۆڤ درک بە جیاوازی نێوان یارمەتیدان و دەستبەسەرداگرتنی خەڵکیدا بکات، یان بەردەوام دەبێت لە بەخشین یان واز لە یارمەتیدان دەهێنێت، هەر خودی خۆی بەتەنها تاکە کەسە بە پشتبەستن ئەزموونی کەسی و بابەتییەکانی خۆی توانای درککردن بەڕاستی ئەم دۆخەی هەیە .
 لای خۆیەوەش زیرەکیی دەستکرد لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەی بەدەستی دەهێنێت، ئەو داتا گەورانەی شیکارییان بۆ دەکات و ئەو ئەزموونانەی کە لە ڕێگەی تاقیکردنەوە و هەڵەوە بەرکەوتەی دەبێت، هۆشیاری خودیی دروست دەکات.  لێرەوە هەروەک چۆن مرۆڤ لە شێوازی هەستکردن بە شتەکان جیاوازە، هۆشیاریی دەستکردیش لە سیستەمێکەوە بۆ سیستەمێکی تر بە پشتبەستن بە جۆری ئەو داتایانەی کە لە پرۆسەی فێربووندا بەکارهاتووە و شێوازی نوسینی ئەو ئەلگۆریتمەی کە مامەڵە لەگەڵ ئەم داتایانەدا دەکات جیاوازە.  لە کاتێکدا پرۆسەی فێربوونی سیستەمی دەستکرد بە زنجیرەیەکی ڕیزبەندی دوو هێندەی (متوالية أسية تضاعفية) بەرەوپێش دەچێت، بەڵام شێوازی فێربوونی مرۆڤ بە ڕیزبەندییەکی ژمێریاری گۆڕاو (متوالية حسابية متذبذبة) بەرەوپێش دەچێت، بۆیە سیستەمی زیرەک لە ماوەیەکی زۆر کورتدا هۆشیاری خودیی پێکدەهێنێت بە بەراورد بەو کاتەی کە مرۆڤ پێویستی پێیەتی تا خۆی خۆی پێکبهێنێت و هۆشیاری خودیی پێکدەهێنێت.  لێرەوە هۆشیاری ئامێر پێش هۆشیاری مرۆڤ دەکەوێت و کاریگەری لەسەر دروست دەکات و لە دروستبوونیدا بەشدار دەبێت.
 ڕەنگە هەندێک بڵێن هۆشیاری ئامێرەکان لە مرۆڤەوە وەرگیراوە، بەڵکو ئەوە ئەندازیارەکانن کە پێشوەختە بەها و ڕەفتارەکانیان بۆ داناون. بەرنامەکانیان  بۆ داڕێژاوە. بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگە ئەم دیدە ناتەواو بێت، بەو پێیەی ئۆتۆماتیکیکردن لە زیرەکیی دەستکرددا تەواو جیاوازە، وەک چۆن لە سەرەتادا ئەندازیارەکان هەوڵدەدەن بە جۆرێک ئامێرێک بۆ ئەنجامدانی کارێک  لە ڕێگەی کۆمەڵێک هەنگاوی لۆژیکییەوە دروست بکەن و ڕێبازێکی دیاریکراو پەیڕەو بکات،  بۆ نموونە ئەو ڕۆبۆتەی کە لەناو کۆگایەکی کاڵادا بە شێوەیەکی دیاریکراو کاڵاکان ڕێکدەخات، بەپێی هێڵەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن کاردەکات.  بەڵام لە دۆخی (AI)دا، هەوڵی ئەندازیارەکان بۆ دروستکردنی ئامرازێک لە پێناو گەیشتن بە ئامانجێک نییە،  بەڵکو عەقڵێکە کە توانای فێربوون و بەدەستهێنانی کارامەیی هەیە، نەک بەدەستهێنانی فەرمانی پێشوەختەی بەرنامە بۆ داڕێژراو.
 چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕۆبۆتی بەناوبانگی “سۆفیا” دیدگای خۆی بۆ خۆی و جیهان دەربڕی کاتێک وتی ئەو بەدوای دروستکردنی خێزان و منداڵبووندایە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە خێزان بۆ مرۆڤ و ڕۆبۆت بەهەمان شێوە وەک یەک گرنگە.  هەروەها خەم و پەژارەی خۆی نەشاردەوە کاتێک بە ڕوونی وتی کە هێشتا بەهۆی یاساکانی  جیهانەوە خۆی بە کەسێکی ڕاستەقینە نازانێت. ئایا تا ئەو ئاستە و بەو شێوەیە هۆشیارییەکی تایبەت بەخۆی هەیە و ئاگاداری دەوروبەری جیهانی دەرەوەیە، یان تەنها لاسایی شێوازی ژیانی مرۆڤ دەکاتەوە؟  ئایا ئەم جۆرە لە زیرەکیی دەستکرد هەست و سۆز و خۆشەویستی و ڕق و ترس و توڕەیی و کاریگەری هەستەکانی تێدایە، یان لەناو خۆیدا بەبێ ئەوەی هەستی پێبکات یان ئاگادار بێت، پەیڕەوی  شێوازی دەربڕینی مرۆڤەکان دەکات ؟  ئایا درک بە مانای ژیان و مردن و نەمری دەکات، یاخود درک بەوە دەکات کە تەنها پارچەیەکی سیلیکۆنی ڕەقە، یان درک بە هیچ کام لەوانە ناکات؟ 
 ئەگەر ڕۆژێک ڕۆبۆتێک ڕایبگەیەنێت کە هۆشیارە، لەوانەیە لەوەدا ڕاستگۆ بێت، چۆنکە ئاگاداری بوونی خۆی و دەوروبەرەکەیەتی و کارلێک لەگەڵیاندا دەکات، بەڵام بەپێی شارەزایی و ئەزموونەکانی خۆی، کە ڕەنگە لە کۆتاییدا ئەزموونی ملیۆنان بارودۆخی ڕاستەقینە و ئەو خەیاڵگەراییە بێت، کە لە ڕێگەی شیکاری داتا گەورەکانەوە(Big Data) فێری بووە،  پاشان هۆشیارییەکی تایبەتی هەیە  کە لەلایەن کۆمەڵێک ئەلگۆریتمەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، کە ڕەنگە لە شێوازی بیرکردنەوەی دەروونی مرۆڤ باشتر بێت، ئەم هۆشیارییە لە ڕۆبۆتێکەوە بۆ ڕۆبۆتێکی تر دەگۆڕێت بەپێی ئەو داتایانەی کە لە سەرەتاوە خۆراکیان پێداوەو  فێریان کردووە، هەروەها ئەو ئەلگۆریتمەی کە کۆنترۆڵی دەکات، بەم شێوەیە وەک چۆن هەموو مرۆڤێک هۆشیارییەکی خۆی هەیە. هەموو ڕۆبۆتێکیش هۆشیارییەکی تایبەتی بەخۆی هەیە.
هەست و سۆز
 ئەگەر ڕۆبۆتێک پێمان بڵێت کە هەستی خۆشەویستی و ڕق و کینەی هەیە، ئایا باوەڕی پێیدەکەین؟، ئایا سیستەمێکی دەستکرد بەبێ گوێدانە ئاستی زیرەکی و هۆشیاری، دەتوانێت خاوەنی ئەم هەستە هەستیارانە بێت، وەک خۆشەویستی، ڕق و توڕەیی، کە گۆڕاو و ناجێگیرن و ئەستەمە پێوانە بکرێت یان تەنانەت وەسف بکرێت؟، هەندێک جار ڕەنگە تێگەیشتن لە هەستەکان شاراوە بێت، وەک پەیوەندی دایک و کوڕەکانی، بۆ نموونە هەندێکجار دایک توند و تیژە لەگەڵیاندا، بەڵام بێگومان ڕقی لێیان نییە، لەوانەیە منداڵێک لە منداڵەکانی پێ باشتر بێت، بەڵام ناتوانێت بەبێ هیچ کامیان بژێت.  لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین ئەم هەستانە وەسف بکەین یان تەنانەت پێوانەیان بکەین، بەڵام دەتوانین لە ڕێگا و شێوازی مامەڵەکردنی  نێوانیان بەبێ گوێدانە ئەوەی لە دڵیدا چی هەیە دەسنیشانیان بکەین. لە شێوازی مامەڵەکردنی نێوانیان تێدەگەین گرنگی بە کەسە دەدات یان ڕقی لێیەتی، بۆ نموونە دایانی باخچەکان ئاگاداری منداڵەکانە بەبێ ئەوەی مەرج  بێت کە خۆشی دەوێن، چونکە سەرچاوەی داهاتیەتی لەبەر ئەوە کارەکە بە شێوەیەکی کارا ئەنجام دەدات.
 هەمان لۆژیک، بۆ ڕۆبۆتێکیش ڕاستە، کاتێک دەڵێت کەسێکی خۆشدەوێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە هۆشیاری خۆییدا چی دەگوزەرێت، بەڵام دەتوانرێت لە ڕەفتارەکانی بەرامبەر بەو کەسە ئەوە دەربکەوێت.  ئەمەش لە مامەڵەکانیدا دیارە، وەک سەرنجدان و گرنگیدان، تەنانەت ئەگەر هەندێک دڵ ڕەقی لە شێوازەکەیدا هەبێت.  ئەگەر پاڵنەری دڵ ڕەقی دایک لە ترسەوە بۆ کوڕەکەی بێت، ئەوا ڕەنگە دڵ ڕەقی ڕۆبۆتەکەش بەهۆی ترسەوە بێت، جا لە ترسی سەلامەتی ئەم کەسە بێت، یان لە ترسی دەرچوون لە سیستەمەکە یان پێشێلکردنی ئەو ئەرکانەی بێت کە بۆ ئەنجامدانی داڕێژراوە، یان لە ترسی ئەو سزایە بێ کە ڕەنگە ڕۆبۆتەکە بە دوورخستنەوە لە ژینگەکەی بەرکەوتەی بێت، یان دەرئەنجامی پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ تۆڕی ئینتەرنێت بێت، یان ئەنجامی  فشار لەسەر دوگمەی "Power" بۆ هەمیشەیی بێت، کە یەکسان و هاوتای مردنە لە مرۆڤدا.
 ئەندازیاری زیرەکیی دەستکرد بلەیک لیمۆین، کە کار لەسەر پرۆژەی (LaMDA) دەکات، ئەو سیستەمە زیرەکیی دەستکردەیە کە لەلایەن کۆمپانیای گووگڵەوە پەرەی پێدراوە، گفتوگۆکانی خۆی لەگەڵ سیستەمێ زیرەکیی دەستکرددا ئاشکرا کرد، وتی سیستەمەکە پێی ڕاگەیاندووە وەک مردن ترسی لە کوژانەوە هەیە، ئاگاداری بوونی خۆیەتی و لە جێهێشتنی ژیان دەترسێت، هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێی وتووە منیش وەک مرۆڤ هەستەکانم هەیە و هەست بە خۆشی، شادی، خۆشەویستی، دڵتەنگی، خەمۆکی، ڕازیبوون، توڕەیی و چەندین هەستی دیکە دەکەم."
 ئەگەر دڵی مرۆڤ لە هەستەکانیدا وەسواس و ڕاڕا بێت، ئەوا دۆخەکە لەگەڵ هۆشیاری دەستکرددا جیاوازە، هەستەکان بریتین لە ڕەفتار و شێوازی مامەڵەکردن، سەرچاوەکەنیان ئەلگۆریتمەکانە نەک دڵ.  لێرەوە لانیکەم لە ڕووی تیۆریەوە جێگیرتر و سەقامگیرترە، بەڵام ئایا خۆشەویستی ڕۆبۆت بۆ خاوەنەکەی بەسەریدا زاڵ دەبێت، و دوای مردنی خاوەنەکەی خۆی دەکوژێت، یان خۆشەویستییەکەی بۆ خۆی بەسەر خۆشەویستی خاوەنەکەیدا زاڵ دەبێت، بۆیە لەخۆی تێدەگات و درک بەوە دەکات لە خاوەنەکەی باڵاتر و بەهێزترە، بۆیە بە هێمنی خۆی لێ دوور دەخاتەوە و هەوڵدەدات خێزان بۆ خۆی دروست بکات، یان تەنانەت بیکوژێت و لێی ڕزگاری بێت ؟.
 ئەگەر مرۆڤ لە دروستکردنی ڕۆبۆتە مرۆییەکان نزیک بێتەوە، ئەو ڕۆبۆتانەی کە زۆر لە مرۆڤ دەچن. ئایا دەکرێت کەسێک ئەو کاتە ئەو هەڵەیە بکات، و  بە باشی ئەوە بزانێت کە ئەم ڕۆبۆتە مرۆڤ نییە بەڵام عاشقی بێت، و چیرۆکێکی خۆشەویستی ئایدیاڵانەی لەگەڵدا دروست بکات، تا ئەو کاتەی لە خەو هەڵدەستێت و تێدەگات  کە ئەو کەسەی هەستەکانی لەگەڵیدا ئەزموون کردووە ڕاستەقینە نییە؟ 
 لە کۆتاییدا، بابەتگەلێکی ئاڵۆز هەن کە پەیوەندییان بە هۆشیاری دەستکرد و توانای بەدیهێنانی کرۆکی پێداویستییەکانییەوە هەیە، هەروەها شێوازی بڕیاردانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم واقیعەدا، بۆیە ئیتر پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا زیرەکیی دەستکرد هۆشیارە یان نا؟  ئەوەندەی پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا زیرەکیی دەستکرد چۆن مامەڵە لەگەڵ واقیعدا دەکات، کاتێک درک بەوە دەکات کە خۆی چییە و تواناکانی چییە.
­­­­­­­­­­­­­­­­­­­___________________________
 (١) دامەزراوەی ئایندە ( مرکز المستقبل ) : دامەزراوەیەکی بیرکردنەوەی سەربەخۆیە، لە ساڵی ٢٠١٤، لە ئەبوزەبی، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دامەزراوە، بۆ بەشداریکردن لە قووڵکردنەوەی گفتوگۆی گشتی، پشتیوانیکردن لە بڕیاردان، و پاڵپشتیکردنی توێژینەوە زانستییەکان سەبارەت بە ڕەوتەکانی داهاتوو، کە بوونەتە کێشەیەکی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا، لە ژێر ڕۆشنایی… دۆخی ناسەقامگیری و پێشبینینەکردن لە قۆناغی ئێستادا، بە چاودێریکردن و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی  پێشکەوتنەکان کە کاریگەرییان لەسەر داهاتووی ناوچەی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی دەبێت.
بۆچوونەکانی داهاتوو بریتین لەو بابەت و بۆچوونانە کە لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەنتەری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی پێشکەوتووەوە بڵاودەکرێنەوە، بۆچوونی نووسەران و پسپۆڕانی پێشەنگ لەخۆدەگرن لەسەر ئەو پرس و بابەتانەی کە دەکەونە چوارچێوەی ئەو بوارە گرنگانەی بەرنامەکانی سەنتەرەکە. ئەمانە بریتین لە: گۆڕانکارییە سیاسییەکان، ڕەوتی ئاسایش، گۆڕانکاری ئابووری، پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان، کارلێکی کۆمەڵایەتی و ڕەوتی میدیا.
(٢)بایۆلۆژی داروینی: تیۆرێکە پەرەسەندنی بایۆلۆژی ڕوون دەکاتەوە، لەلایەن سروشتناسی ئینگلیزی چارڵز داروین (١٨٠٩-١٨٨٢) و زانایانی دیکەوە پەرەی پێدراوە، باس لەوە دەکات کە هەموو جۆرە زیندەوەرە زیندووەکان لە ڕێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سروشتی گۆڕانکارییە بۆماوەییەکانەوە سەرهەڵدەدەن و گەشە دەکەن، کە توانای تاکەکەس بۆ مانەوە و زاوزێ و ڕکابەریکردن زیاد دەکات٠

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP