نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی دەستیکردووە بە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانیان لە سووریا و بیر لە هێشتنەوەی تەنها یەک بنکەی سەربازیی دەکەنەوە و پاڵپشتی وڵاتەکەشی بۆ هێزە کوردییەکان دووپات کردەوە.
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی کەناڵی ئێن تیڤی تورکیدا ئاشكرای کرد، ئەمریکا پێشتر هەشت بنکەی سەربازی لە سووریا هەبووە، کەمیکردەوە بۆ سێ بنکە و بڕیاریشە لە داهاتووشدا تەنیا یەک بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە سووریا بمێنێتەوە.
باراک کە لەهەمان کاتدا باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا رایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات هاوپەیمانی ئەمریکان و رۆڵی ئەوان گرنگە لە دڵنیابوون لە سەقامگیری ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، باسی لەوەشکرد، کە پاڵپشتی لە هێزە کوردییەکان بابەتێکی گرنگە بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا.
لەبارەی داهاتووی سەربازیی سووریا، باراک باسی لە ئامانجی واشنتن کرد لە هاریکارییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناویاندا یەپەگە کە بەئاراستەی ئەوە دەبێت بەشێک بن لە هێزی سەربازیی سووریا بەبەشداریی سەرجەم لایەنەکان .
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا باسی لە ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە دیمەشق کرد تاوەکو کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP