قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات فشار بخەنەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پابەندبوون بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی.
خەزعەلی لە وتاری نوێژی هەینی لە نەجەف رایگەیاند، هەرێمی کوردستان نەوت بە نرخی خۆڵ دەفرۆشێت، کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە زۆربەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان متمانەیان بە عێراق نییە، دەشڵێت، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هیچ لۆژیکێکی تێدا نییە داوای هەموو شتێک بکەن بەبێ رادەستکردنی هیچ شتێک.
دەشڵێ، هەتا ئێستا مووچەی هەرێمی کوردستان دابین نەکراوە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی هەناردەی نەوت، دەروازە سنوورییەکان و دەروازە نایاساییەکان رادەستی بەغداد ناکات، هەندێک میدیای هەرێمی کوردستانیش دەڵێن، خەزعەلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕیوە.
خەزعەلی دەشڵێت، رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئامارە رەسمییەکان دەریدەخەن زۆربەی پەنابەرانی عێراق لە دەرەوەی وڵات خەڵکی هەرێمی کوردستانن، خێر بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەوەدایە لایەندارییان بۆ عێراقی فیدراڵی هەبێت نەوەک جیابوونەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP