ئەوەی ماوەی چەندا ساڵێکە، یەکێتیی دەستی داوەتێ بۆ دوو مەبەستی گرنگە لە مانا گشتییەکەیدا:
یەکەمیان: رووبەڕووبوونەوەی تاکڕەوییە کە رۆژ لەدوای رۆژ نەهامەتی بۆ سەر خەڵکی کوردستان دێنێت و هەرێمی کوردستانی گیرۆدەی سەدان کێشەی سیاسی، ئەمنی و ئابووری کردووە.
دووەمیان: بۆ کۆتایهێنانە بە جیاوازیی لە هەموو رووەکانەوە لەنێوان شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە لای یەکێتی خەڵکی کوردستان هەموویان شایان بەوەن زۆرترین خزمەتبکرێن و لە خۆشگوزارانتدا بژین.
لەوەش زیاتر ئەوەیە، یەکێتی بە زوویی هەستی بە پیلانە مەترسیدارەکەی فەراغی سیاسیی کرد لە ناوچە دابڕاوەکان و بەهۆی سەرکەوتنی لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق، کەرکوک و بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی بە دەسەڵاتی کوردی شادکردەوە، ئێستا بارودۆخەکە جیاوازە و ئاوەدانی و سەقامگیریی رووی لە کەرکوکی قودسی کوردستان کردووەتەوە.
دەبینین سەرەڕای ئابڵوقەی زۆری سەر ناوچەکانی ژێر سایەی یەکێتی، جیاوازی و هەوڵی خنکاندنی، بەڵام ماوەی دوو ساڵ زیاترە ئاوەدانی لەو ناوچانەیەش گەشەی کردووە و هیوای ئەوەیش هەیە بەردەوامی هەبێت، هەڵبەت ئەمە بۆ نەیارانی سلێمانی و زۆنی سەوز جێگەی نیگەرانییە.
لەم کاتەی کەوا گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، فۆکەسی یەکێتی لەسەر دانانی ئەجێندایەکە رێڕەوی حوکمڕانی راست بکاتەوە، بەڵام خەڵکانێکی دیکە سەری زمان و بنی زمانیان هەر باسکردنی وەرگرتن و دابەشکاریی پۆستەکانە و بیریان لای باشترکردنی ژیانی خەڵک نییە، ئەوەش جیاوازیی یەکێتی و ئەوانی دیکەیە.
لەبەرئەوەی یەکێتی هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵانی خەڵکە، بۆیە سیاسەتی خەڵک سەنتەری پەیڕەو دەکات، دەیەوێت کورد یەکگرتوو و کوردستان ئاوەدان بێت، خەڵکەکەیشی لەوپەڕی خوشگوزەرانیدا بژین و شایستە بە قوربانییە زۆرەکانیان بێت.
یەکێتی پۆستی بۆ خزمەتکردن دەوێت، خەڵکی دیکەیش پۆستی دەوێ بۆ خزمەتی خۆی و حزبەکەی، ئەمە روونە و خەڵکی کوردستانیش دەیزانن، بۆیە خەڵکانی بەویژدان و حەقبێژ و راستەقینە خاوەندارێتی لە یەکێتی دەکەن و یەکێتیش بۆ ئەوان مینبەری کوردایەتی و کوردستان دۆستییە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP