عەممار حەکیم: پێویستە نوێنەران بەزوویی دەنگ لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدەن

کوردستان
13:16 - 2025-01-08


ئەمڕۆ عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کردو لەلایەن لێپرسراوانی پارێزگاکەوە پێشوازی لێکرا و دواتریش سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی کرد و تاجگوڵینەوەی رێز و وەفای لەسەر گڵکۆی شەهیدان دانا و رایگەیاند: سەردانمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە بۆ هاوسۆزبوونە لەگەڵیان دووپاتکردنەوەی پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیانی نێوان گەلانی عیراقە.
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا:" ئەو تاوانەی بەرامبەر هەڵەبجە ئەنجامدرا، دەستدرێژی بوو بۆسەر مرۆڤایەتی، کە بەهۆیەوە هەڵەبجە بە جیهان ناسێندرا".
ئاشکرایشی کرد: تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تاکو ئێستا بە قەبارەی خۆی لەسەر ئاستی جیهان نەناسێندراوە، بۆیە داوا لە خەڵکی هەڵەبجە دەکەم ئەم تاوانە بە ئاستی خۆی بەجیهان بناسێنن.
هەر لە کۆنگرەکەدا عەممار حەکیم وتی: سەردانمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە بۆ هاوسۆزبوونە لەگەڵیان، هاوکات پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیانی نێوان گەلانی عیراق دووپاتدەکەینەوە و داوا لەئەنجومەنی نوێنەران دەکەین بەزوویی دەنگ لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدات، کە بۆ پارێزگاکە زۆر بەسوودە و بودجەی زیاتری بۆ دابیندەکات و وەک وەفایەکە بۆ خەڵکەکەی، هاوکات پارێزگاکە پێویستی بە خزمەتگوزاریی تەندروستی و سەنتەریی ژینگەیی هەیە.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP