تەکنەلۆژیای نابینا (١)... ئیسرائیل چۆن لە شەڕی غەززە و لوبناندا زیرەکیی دەستکردی بەکارهێنا ؟

نەوزاد عومەر
13:35 - 2025-01-04

نوسینی : د.  ئیهاب خەلیفە
وەرگێڕانی : نەوزاد عومەر


 زیرەکیی دەستکرد لە زۆر بەرەکانی جەنگی سەربازی لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی بەهێز لە گۆڕەپانەکاندا ئامادەیە، جا چ لە بواری شیکردنەوەی داتا و زانیاریی هەواڵگری، بۆردومانکردنی ئامانجی سەربازی لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، یان ئەنجامدانی ئەرکی سیخوڕی لە ڕێگەی ڕۆبۆتی سەربازییەوە، بەڵام ئیسرائیل زیرەکیی دەستکردی لە شەڕی دژ بە بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵای لوبناندا بە شێوەیەکی جیاواز بەکارهێنا.
 وەک لە عورفی سەربازیدا باوە، لەپێشدا مرۆڤ ئەو ئامانجە سەربازییانە کە دەکرێنە ئامانج یان تیرۆر دەکرێن دەستنیشان دەکات، پاشان لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە ئەرکەکە ئەنجام دەدرێت، بۆنموونە وەک بەکارهێنانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، بۆ تیرۆرکردنی یەکێک لەو ئامانجانەی کە سەرکردایەتی سەربازی بۆی دیاری دەکات. بەڵام لە حاڵەتی فراوانکردنی مەودای ئامانجە سەربازییەکان بە شێوەیەکی زۆر گەورەتر،  ڕەنگە توخمە مرۆییەکان لە پێناسە، ناسینەوە، دەستنیشانکردن و پێداچوونەوەی ئەو هەموو ئامانجانەدا ڕووبەڕووی کێشە ببێتەوە، ئەمە جگە لە کەمی کات، کە ڕەنگە لە بەرژەوەندی هێزە شەڕکەرەکاندا نەبێت.
 بەڵام لە دۆخی ئیسرائیلدا، کە بە نزیکەیی هەموو ئەندامانی حەماس و حزبوڵای خستۆتە ژێر بازنەی ئامانجەکانیەوە، بۆ ئەم مەبەستە لەئێستادا ستراتیژییەکی دیکەی لەسەر بنەمای بەشداریپێکردنی مرۆڤ و زیرەکیی دەستکرد پەیڕەو کرد، کە زیرەکیی دەستکرد ئەرکی دەستنیشانکردن و پێداچوونەوە و شۆێنپێهەڵگرتنی ئامانجەکانی لە ئەستۆ گرت، و مرۆڤیش لەڕێگەی فڕۆکەوە ئەرکی بۆردومانەکەی جێبەجێکرد.
 ئیسرائیل بۆ بەدەستهێنانی کاریگەریی جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە چەند سیستەمێکی بەکارهێناوە، کە بە زیرەکیی دەستکرد کاردەکەن، ئەوانیش: سیستمی غوسبل (The Gospel)، لاڤاندەر (Lavender)، و بابە لە کوێیە؟ (Wheres Daddy). بە شێوەیەک کە ئەم سیستمانە پرۆسەی دەسنیشاکردنی ئامانجەکان بەڕێوەدەبەن و مرۆڤەکانیش ئەرکی جێبەجێکردن لە ئەستۆ دەگرن.
 سیستمی "غوسبل" ئەو بینایانە دەستنیشان دەکات کە پێدەچێت ئەندامانی حەماس و حزبوڵڵا بەکاریان بهێنن.  سیستمی "لاڤاندەر" ئامانجە مرۆییەکان دەناسێتەوە و دەیپاڵێوێت و شوێنپێی هەڵدەگرێت.  بەڵام سیستمی "بابە لە کوێیە؟" بە شوێنپێهەڵگرتنی ئامانجەکە هەرئەوەندە دەگاتە ماڵەوە بۆ ناو خێزانەکەی، ڕاستەوخۆ ئامادەکاری بۆ بۆردومانکردنی ئامانجەکە دەکرێت.
  بەپێی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی (+Magazine972 (ی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، ئەم سیستمانە بە دەستێوەردانێکی زۆر کەمی مرۆڤ لە پرۆسەی بڕیاردان و دیاریکردنی ئەوەی کە کێ بکرێتە ئامانج کاردەکەن، و یارمەتی هێزەکانی ئیسرائیل دەدەن.
 ئەم سیستمە بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەو بارەیەوە لەبەردەستدایە، لە ڕێگەی شیکاریی و پێداچوونەوە بەو ستراتیژەی کە ئیسرائیل بەکاری دەهێنێت، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ڕێگەی پرۆسەی یەکگرتنی ئەم سێ سیستمە و توخمی سوپاکەی بۆئەوەی لە شەڕی غەززە و لوبنان ڕووناکی زیاتر بخاتە بەردەم پێکانی ئامانجەکان  . 

ستراتیژی تیمی مرۆڤ و ئامێر:
  لە ساڵی(٢٠٢١) کتێبێکی زۆر گرنگ بە ناوی تیمی مرۆڤ و ئامێر چاپ و بڵاوکرایەوە، باس لەوە دەکات کە چۆن هاوکاری نێوان مرۆڤ و زیرەکیی دەستکرد بەهێز بکرێت، بۆئەوەی بتوانرێت شۆڕشێک لە جیهاندا بەرپابکات،
(The Human-Machine Team: How to Create Synergy Between Human and Artificial Intelligence That Will Revolutionize Our World)، 
 نووسەری کتێبەکە جەنەراڵ (ی.س)ە، پێدەچێت سەرۆکی یەکەی (٨٢٠٠ ) ی هەواڵگری دەستەبژێرانی ئیسرائیل بێت، تێیدا باس لە ئامێرێکی شۆڕشگێڕانە دەکات کە توانای پرۆسێسکردنی بڕێکی زۆر لە داتای بە خێراییەکی زۆر هەیە، لە پێناو ئەگەری دروستکردنی هەزاران ئامانج، کە دەتوانرێت بە خێرایی و وردبینییەکی زۆرەوە هێرشی سەربازییان ئاراستە بکرێت، بەم شێوەیە بەسەر ئەو ئالەنگارییانەی کە بەسەر توخمی مرۆییدا سەپێنراون، سەبارەت بە ناسینەوەی ئامانجەکان و بڕیاردانی یەکلاکەرەوە لە شەڕەکاندا  زاڵ دەبێت.
  بۆ بەدیهێنانی ئەم ستراتیژە بە شێوەیەکی کاریگەر، ئیسرائیل لە ساڵی (٢٠١٩)دا یەکەیەکی نوێی هەواڵگری سەربازیی کە زۆر بە نهێنی  پۆلێن دەکرێت، بە ناوی "یەکەی ئامانجەکان" لەناو بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازیدا دامەزراند، بەکارهێنانی تەکنیکەکانی زیرەکیی دەستکرد، بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی (٧)ی تشرینی یەکەمی(٢٠٢٣)بۆ ئیسرائیل، کە لە لایەن حەماسەوە ئەنجام درا، ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە بەشداریکردن لە دەستنیشانکردنی ئامانجی مەبەستدار بە خێرایی و ناردنی ڕاسپاردەی بە ئامانجکردن بۆ هێزە سەربازییەکان لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی زیرەکەوە کە بە ستوونی ئاگر (Pillar of Fire) ناسراوە، کە لەلایەن فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە بەکاردەهێنرێت.
  کاریگەری ئەم ستراتیژە لەو ژمارە زۆرەی هێرشی ئاسمانی و ئامانجەکانی ڕۆژانەدا کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بە ئامانج کراون دەرکەوت، کە زیاتر لە هەزار ئامانجیان لە ڕۆژێکدا تێپەڕاند، ئەمە جگە لە تیرۆری سەرکردە سەربازییەکان کە بە وردبینییەکی زۆرەوە ئەنجامدران، کە پێویستی بە هەوڵێکی زۆری دەزگای هەواڵگری هەیە، بەڵام هەموو ئەمانە بۆ گەیشتن بەو ژمارە زۆرەی ئامانجەکان لە ماوەیەکی وا کورت و بەو پلەیە لە وردبینی بە تەنها بەس نەبوون، ئەگەر بە ستراتیژییەکی یەکگرتوو کە لەسەر بنەمای تێکەڵکردنی هەوڵی مرۆڤ و زیرەکیی دەستکرد پشتگیری نەکرایە، بۆ ئەوەی مرۆڤ و ئامێر پێکەوە بە هاوئاهەنگییەکی تەواوەوە کاربکەن.

" غوسبل "... سیستمی بە ئامانجکردنی بینا و پێکهاتەکان:
  ماڵپەڕی سوپای ئیسرائیل(IDF) لە(٢) ی تشرینی دووەمی (٢٠٢٣)دا، لە بەیاننامەیەکی کورتدا ئاماژەی بەوەدا کە سیستمی “غوسبل” بۆ بەدەستهێنانی زۆر بە خێرایی ئامانجەکان لە شەڕی کەرتی غەززەدا بەکارهێنرا، ئەرکی سەرەکی غوسبل ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئامانجە ئەگەرییەکان بۆ هێرشی سەربازی دەستنیشان بکات، بە تایبەت ئەو بینا و پێکهاتانەی کە ئەگەری لێدانی سەربازییان هەیە. بە شێوەیەک دیزاین کراوە بۆئەوەی بتوانێت لە پرۆسەی ناسینەوەی ئامانجەکان و بڕیاردان بە ئۆتۆماتیکیانە هاوکاری سوپای ئیسرائیل(IDF) بکات،  ئەمەش پێویستی دەستێوەردانی مرۆڤ کەم دەکاتەوە.
 سەبارەت بە میکانیزمی کارکردنی غوسبل، زانیاری زۆر لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەزۆری ئەم سیستمانە بە پشتبەستن بە شیکردنەوەی وێنەکانی مانگی دەستکرد، وێنەکانی وەرگیراو لە کامێرای درۆنەکان و کامێرای  چاودێرییەوە کاردەکەن، هەروەها گوێگرتن لە پەیوەندییە بلۆککراوەکان، ئەو زانیارییانەی کە لە چاودێریکردنی جوڵە و شێوازی ڕەفتاری تاکەکان و گروپە گەورەکان و زانیاری هەواڵگرییەوە وەرگیراون کاردەکەن. پاش ئەوەی هەموو ئەم داتایانە دەخرێنە ناو سیستەمەکەوە، کە ئەرکی دروستکردنی پەیوەندیی لە نێوانیان و لەگەڵ یەکتردا دەگرێتە ئەستۆ. بۆئەوەی بتوانێت ئەو بینایانە دەستنیشان بکات کە ئەندامانی حەماس بەکاریان دەهێنن یان ئامانجی سەربازیی تر کە ئەگەریی بەکارهێنانیان هەیە.
 غوسبل چەندین هێما یان ئاماژەکەر بەکاردەهێنێت بۆ دەستنیشانکردن و ناسینەوەی ئەم ناوچانە، وەک ئەوەی ئایا بیناکان پشتگیری کۆنکرێتی یان قەڵای زیادەیان تێدایە، یان کام گروپی گەورە بە شێوەیەکی بەردەوام دەچنە ناویانەوە، یان ئایا کاتێک بەراورد دەکرێن بە وێنە کۆنەکانیان شایەتحاڵی گۆڕانکاری لە پێکهاتەکانیدا بوون.         هەروەها غوسبل بۆ دیاریکردنی جۆرەکانی ئەو کەرەستانەی کە لە قەڵاکاندا بەکاردەهێنرێن، بۆ جیاکردنەوەی زەویی سروشتی لە پێکهاتەی دەستکرد بەکاردەهێنرێت، وەک دەرچەی تونێلەکان یان مەتەرێزی شاراوە لە ژێر ڕووی زەویدا، یان وێنەی دەرچەی تونێلەکانی ژێر زەوی، پشت بە شیکاری شەبەنگی وێنە فرە شەبەنگییەکان(Multispectral)(٢) دەبەستێت. هەروەها لە پێناو دەستنیشانکردنی چالاکیی سەربازی، دەتوانێت شیکاری بۆ جووڵەی لۆجستی شوێنە ئەگەرییەکان بکات، وەک گواستنەوەی چەک یان ئامێری قورس، کە بەزۆری ئاماژەیە بۆ ئامادەکاری بۆ چالاکیی سەربازی یان بوونی دامەزراوەیەکی سەربازی.
سیستمی غوسبل (GoSpel) دەتوانێت داتاکانی سەرچاوە جیاوازەکان یەکبخات، وەک وێنەی مانگی دەستکرد، ڕادار، هەستەوەری گەرمی، جگە لە زانیاریی هەواڵگریی دیکە وەک: ڕاپۆرتی مەیدانی یان پەیوەندییەکان، کە لە کۆتاییدا یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی وێنەیەکی وردی شوێن و چالاکیەکانی حەماس.
  غوسبل (GoSpel) ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە دروستکردنی لیستی ئەو ئامانجانەی کە بۆ ئیسرائیل پێویست بوون.  ئەڤیڤ کۆچاڤی سەرۆکی پێشتری سوپای ئیسرائیل دەڵێت، کاتێک ئەم ئامێرە لە شەڕی (١١) ڕۆژەی ئیسرائیل حەماس لە مانگی ئایاری (٢٠٢١)دا چالاک کرا، توانی ڕۆژانە (١٠٠) ئامانج بەرهەم بهێنێت، لەکاتێکدا لە ڕابردوودا لە غەززە، تەنها توانای بەرهەمهێنانی (٥٠) ئامانجمان لە ساڵێکدا هەبوو، بەڵام لە ئێستادا ئەم ئامێرە لە یەک ڕۆژدا (١٠٠) ئامانج بەرهەم دەهێنێت.
  بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی سوپای ئیسرائیل،  سیستمی  غوسبل (GoSpel) لەلایەن یەکەی هەواڵگری بەناوبانگی (8200)وە پەرەی پێدراوە، کە بە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زیرەک و سایبەر ناسراوە، هەر ئەو یەکەیە بوو لە ساڵی ( ٢٠٠٩) بەشداری لە بەئامانجکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەڕێگەی (کرمی ستۆکسنێت)ەوە کرد.  سیستمی غوسبل (GoSpel) تاڕادەیەک نوێیە، ماڵپەڕی فەرمیی بۆ یەکەمجار لە ساڵی(٢٠٢٠) دا ئاماژەی بەوەکرد، سیستمی غوسبل وەک یەکێک لەو پرۆژانەی کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پێشکەش کراوە خەڵاتی داهێنانی بەدەستهێناوە.

لاڤاندەر (Lavender).. سیستمی ئامانجکردنی تاکەکەسی:
 سیستمی لاڤاندەر، لە دروستکردنی بنکەیەکی ئامانجی مرۆیی بۆ کەسانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس، فراوانبوونی بازنەی بێوێنەی بۆردومانکردنی  فەلەستینییەکاندا، بەتایبەت لە قۆناغی سەرەتایی شەڕی ئێستادا ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە. ئەم سیستەمە بۆ دەستنیشانکردنی هەموو توخمە گومانلێکراوە سەربازییەکان کە سەر بە باڵەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامین، تەنانەت ئەوانەش کە پلەی نزمیان هەیە داڕێژراوە، بۆ ئەوەی وەک ئامانجی ڕاستەوخۆی بۆردومانکردن دەستنیشان بکرێن. 
 داتای تایبەت سەبارەت بە ئەندامانی ئێستای حەماس بۆ سیستەمەکە دابیندەکرێت، بۆئەوەی ڕاهێنان لەسەر ئەم داتایانە و شیکردنەوە بۆ شێواز و ڕەفتاری تاکەکان بکات، تاوەکو فێری تایبەتمەندییە گشتییەکانیان دەبێت،  بۆئەوەی لە بەرامبەر تاکەکانی تری گریمانەیدا پێوانەیان بکات.  پاشان سیستمی لاڤاندەر بەناو داتاکانی چاودێریدا دەگەڕێت کە پەیوەندییان بە نزیکەی هەموو تاکێکی غەززەوە هەیە، ئەمەش هەڵسەنگاندن بۆ هەموو وێنە و پەیوەندییەکی  تەلەفۆنی و داتاکانی دیکەی ئەگەری چەکداربوونی کەسێک دەگرێتەوە، وەک ئەوەی لە گروپێکی واتسئەپدا بێت لەگەڵ چەکدارێکی ناسراو، یان گۆڕینی مۆبایل هەر چەند مانگ جارێک، یان بەردەوام گۆڕینی ناونیشان، پاشان سیستمەکە بە پشتبەستن بە لێکچوونیان لەگەڵ چەکدارەکانی حەماس، فەلەستینییەکان پۆلێن دەکات، کاتێک هەر کەسێک کە سیمای تاوانبارەکەی هەبێت بدۆزرێتەوە، ڕاستەوخۆ بە نزیکەیی هیچ دەستێوەردانێکی مرۆیی دەکرێتە ئامانج بۆ تیرۆرکردن، وەک ئەوەی ئەم زانیارییانە لە ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی گۆڤاری ( 972+ ) پشتڕاست کراوەتەوە. 
  لە ماوەی هەفتەکانی یەکەمی شەڕی غەززەدا، لاڤاندەر نزیکەی ) ٣٧ ( هەزار فەلەستینی وەک چەکداری گومانلێکراو و وەک ئامانجی ئەگەری هێرشی ئاسمانی دەستنیشان کرد، ئەمەش دوای شیکردنەوەی ئەو زانیاریانە بوو، کە لە ڕێگەی سیستمێکی چاودێری بەکۆمەڵەوە لەسەر زۆربەی دانیشتووی کەرتی غەززە کۆکرابونەوە، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی( ٢.٣ ) ملیۆن کەس، کە دەتوانێت ئەگەر هەر کەسێک لە باڵی سەربازی حەماس یان جیهادی ئیسلامیدا چالاک بێت وەک ئامانج پۆلێنی بکات،  بەپێی پێوەرێک لە (١ بۆ ١٠٠)، ئەوە دەردەخات کە ئامانجەکە تا چەند ئەگەری ئەوەی هەیە چەکدار یان ئەندامی بزووتنەوەی حەماس بێت. 
  ئەگەر لاڤاندەر هەر تاکێکی وەک چەکداری حەماس دیاری کرد، ئەوا ڕاستەوخۆ دەبێتە ئامانجی بۆردومان کردن، بەبێ ئەوەی پێویست بکات ئەوە پشتڕاست بکرێتەوە، کە بۆچی  سیستمی لاڤاندەر بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ئامانجەی هەڵبژاردووە، یان پشکنین بۆ ئەو داتا هەواڵگرییە سەرەتاییانە بکرێت کە لەسەری بنیات نراوە.  بۆ نموونە گۆڤاری (972+) بە پشتبەستن بە شاهیدی ئەو سەربازانەی کە کار بە ئەم سیستەمە دەکەن، ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە لاڤاندەر هەندێک جار لە ناسینەوەی هەندێک کەس وەک ئامانج، تەنها لەبەر ئەوەی شێوازی پەیوەندیکردنیان هاوشێوەی شێوازی پەیوەندیکردنی ئەندامانی حەماس یان جیهادی ئیسلامییە هەڵە دەکات، بۆنموونە لەوانە پۆلیس، کارمەندانی بەرگری شارستانی، خزم و کەسوکاری ئەو چەکدارنە، یان ئەو دانیشتووانەی کە بەڕێکەوت ناو و پاشناوی هاوشێوەی چەکدارەکانیان هەیە، یان خەڵکانێک لە غەززە ئامێرێک بەکاردەهێنن کە هی ئەندامێکی حەماس بووە.  هەروەها ڕاهێنانی سیستمەکە لەسەر بنەمای پرۆفایلی پەیوەندییەکانیان، وایکردووە لاڤاندەر زیاتر لەکاتی جێبەجێکردنی ئەلگۆریتمەکان لەسەر دانیشتوانی گشتی، لە هەڵبژاردنی هاوڵاتیانی مەدەنیدا ڕووبەڕوی هەڵە ببێتەوە، یەکێ لەو هەڵە باونەی کە ڕوویدا ئەگەر حەماسێک لە ڕێگەی مۆبایلەکەیەوە ئامانج بێت، ئەگەر ئەو مۆبایلە بەڕێکەوت کەوتە دەستی کوڕەکەی، یان برا گەورەکەی، یان هەر پیاوێکی تر، دواتر ئەو کەسە لەگەڵ خێزانەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا بەهەڵە بۆردومان دەکرێت.

باوکم لە کوێیە (Wheres Daddy) ؟سیستمی ئامانجکردنی ماڵان:
  ئەمە سێیەم سیستەمە لە بازنەی ئامانجکردندا،  سیستمی باوکم لە کوێیە؟، بە تایبەتی بۆ بەدواداچوونی کەسانی ئامانجدار و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی بۆردومان کردنە، کاتێک دەگەنە ناو ماڵ و خێزانەکانیان، لەبری ئەوەی لە کاتی چالاکیی سەربازیدا هێرشیان بکرێتە سەر،  ئەمەش لە ڕوانگەی هەواڵگرییەوە لەبەر ئەوەیە کە ئەگەری پێکانی ئەو کەسانە لە ماڵەکانیاندا زۆر زیاترە لە ناوچە سەربازییەکان، کە زۆرجار پەناگەی بەهێزیان بۆ خۆپاراستن تێدایە، بەبێ ئەوەی ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئەمە نەک تەنها یەک ئەندامی حەماس بەڵکو تەواوی خێزانەکە دەکاتە ئامانج، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی ژمارەی کوژراو لە نێو خەڵکی سڤیلدا بوو. 

   ماڵی تایبەتی هەموو کەسێک لە غەززە خاڵێکە دەتوانرێت پێوە ببەسترێتەوە، ئەمەش وایکرد سیستمی چاودێری سوپای ئیسرائیل بە ئاسانی و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بتوانێت تاکەکان بە ماڵی خێزانەکانیانەوە ببەستێتەوە. بەرنامەگەلێک پەرەیان پێدراوە کە بەدواداچوون لە یەک کاتدا بۆ هەزاران کەس دەکەن، و لە کاتی ڕاستەقینەدا، لە کاتی دیاریکردنی ئەو ساتەی ئامانجەکە دەچێتە ناو ماڵەکەیەوە،  بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ئەفسەری ئامانجدار دەنێرێت، کە دواتر ماڵەکە بەسەر هەموو ئەوانەی لەناوەوەن بۆردومان دەکات، کەواتە تێکەڵکردنی هەردوو سیستمی لاڤاندەر و سیستمی بابە لە کوێیە؟، بۆیە ئەنجامێکی کوشندەی لێکەوتەوە.

هەڵەی کوشندە:
 ئەم تەکنەلۆژییانە وایانکردووە پرۆسەی کوشتن بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەبێ ئەوەی هیچ جیاوازییەک لە نێوان مەدەنی و سەربازیدا هەبێت وێرانکەرتر بێت.  بەو پێیەی ئەو سەربازە کە لیستی ئامانجەکان وەردەگرێت، کە دروستکراوی کۆمپیوتەرە و مەرج نییە بزانێت لەسەر چ بنەمایەک دانراوە، ئایا بەڕاستی پێشنیارەکانی ئەم ئامێرە وردن یان تا ڕادەیەک هەڵەیان تێدا هەیە؟  ئایا هەموو ئەو کەسانەی کە دەستنیشان کراون و بڕیاری تیرۆرکردنیان دراوە، (١٠٠%)ی توخمە پێویستەکانیان تێدایە، یان نمرەی متمانەیان کەمترە و لەبەر خواستی ئەوەی هەموو ئەو کەسانە بکەنە ئامانج کە هاوسۆزی حەماسن، چاوپۆشییان لێ کراوە؟،  یان کێشەی کوالیتی ئەو زانیاریانەی کە سەربازەکان ڕاهێنانیان لەسەر کردووە، یان لایەنگریکردنی ئەلگۆریتمەکان، یان هەر هەڵەیەکی دیکە لە هەڵسەنگاندنی توندی مەترسییەکە؟ 
 هەموو ئەم هەڵانە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ سیستمی زیرەکدا ئەگەری زۆریان هەیە، ئەگەر ئەرکەکە کوشتنیش بێت،  ئەمەش ئەگەری لێدانی ئامانجی هەڵە یان نەخوازراو زیاد دەکات. هەروەها هەندێک جار بەکارهێنانی هێزی وێرانکەر لەگەڵ قەبارەی ئامانجەکەدا ناڕێژەیی دەبێت،  ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر زۆر لە مردنی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە، وادەکات ئەم ئامێرانە لەبری ئەوەی زیرەک بن نابینا دەبن. ئامانجەکە بۆ لەناوبردنی هەمەلایەنەیە دەگۆڕێت، لەبری هەڵبژاردن  بە وردبینییەکی بەرزەوە. دەرئەنجامەکەشی ئەوە بوو ژمارەی مردووەکان تەنها لە غەززەدا (٤١)  هەزار کەسی تێپەڕاند. 
_______________________
(١)تەکنەلۆژیای نابینا (التكنولوجيا العمياء): تەکنەلۆژیای نابینا نازناوێکی مەجازییە بۆ تەکنەلۆژیای زیرەک بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ ئەوەی بازنەی بینین و ئەنجامدانی چالاکییەکانی سنووری مرۆڤ تێدەپەڕێنێت، بەڵام نابینایە چونکە جیاوازی لە نێوان ئامانجەکاندا ناکات.(و)  
(٢) داتا فرە شەبەنگییەکان_ بيانات متعدده الأطياف (Multispectral): داتا فرە شەبەنگییەکان ئاماژەیە بۆ ئەو وێنانەی کە لە چەندین وێنەی ژمارەیی تۆمارکراوی فەزایی پێکهاتوون، زۆرێک لە تەکنەلۆژیا سەرهەڵداوەکانی وەک وێنەگرتنی پزیشکی فرە شێواز و وێنەی ڕەنگی وردبینی بەرز لەخۆدەگرێت. کە لەلایەن زیرەکیی دەستکردەوە لەسەر بنەمای ڕێنمایی پرۆسێسکردنی وێنە و ڤیدیۆ دروستکراوە. (و)

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP