یەکەم جار کە زانیم بەرێز هێرۆخان بایەخ بە مێژوو و وێنە و بەڵگەنامە دەدا ساڵی ١٩٩٤ بوو، یادی رۆژنامەگەری کوردی بوو لەهۆڵی میدیا لەهەولێر ، پێشانگایەکمان بۆ فۆتۆ و بەڵگەنامە سازکردبوو کە بەندە سەرپەرشتی دەکرد. وێنەیەکی دەگمەنی مەلیک مەحموودمان بە جلی رەسمی پاشاییەوە دانابوو کە زۆر سەرنجی دادەی راکێشا. چەند جارێک لە سەڕەی نمایشەکە گەڕایەوە سەر وێنەکەی شێخی نەمر و پرسیاری کرد ئەم وێنە جوانەتان لە کوێ هێناوە؟ شتێکی زۆر تایبەتە.ئەوەندە بە پەرۆشی بوو دوای یادەکە بەڵێنم پێدا وێنەکەی بۆ بنێرم. نازانم دوای ٣١ی ئاب وێنەکە چی لێهات؟ بەڵام دوایی وێنەکەم لە زۆر شوێنیتر بینیوە نیشانە بەوەی دیارە لە شوێنی تریش هەبووە و ئەمە بۆ سەرەتای راپەڕینی کوردستان دەگمەن بوو. بەخۆشی ئەو یادەوە جارێکیان لەیادی مەملەکەتی شێخدا وێنەکەم لەگەڵ سەروتارێکی رەسمی کوردستانی نوێ بڵاوکردەوە.
جارێکی تر هێرۆخان لەمیانی تێبینییە وردەکانی تێلی کرد و لەسەر وێنەیەکی مەشهوری سەرکردەی شەهید سمکۆی شکاک زۆر بەداخ بوو کە دوای تیرۆرکردنی ژاندارمێکی شای گۆڕبەگۆڕ وێنەی لەگەڵ گرتبوو . وتی : توخوا وێنەی سمکۆی شکاک و هیچ شەهیدێک بە کەساسی بڵاومەکەنەوە. با وێنەی سەربڵندیان لە زەیندا بمێنێ.
باقی بایەخدانی دادەمان بە مێژووی نەتەوەکەمان، دیرۆکی نەبەردی و خەباتیان لە سەکۆکانی خاک و کوردسات و زۆر پرۆژەی تر مەعلومی گشت عالەمە. زۆر جار هانی دەداین لە میدیای حزبیشدا فراوانتر و نیشتمانیتر بیر بکەینەوە، لەسەر حەپسەخان ، عادیلە خان و قەدەم خێریش بنووسین و بڵاوبکەینەوە.
ئەم وێنانەش هی سەردانی خوشکی بەرێزمانە بۆ ساڵۆنی کوردستانی نوێ کە زۆر کەیفی بە وێنە و فۆتۆی کەسایەتییەکانی دیواربەندی مێژوومان لە سیاسەتەوە بۆ ئەدەب و فەرهەنگ و هونەری دەکا. پرسیاری زۆربوو لەسەریان.چەند جاریش بە وێنە و ئەلبووم و ئەرشیفی دەوڵەمەندی خۆی بەسەری دەکردینەوە.
کۆشش و بەشداری هێرۆخان لە دیمەنی بزووتنەوەی فەرهەنگی و رۆشنبیریمان شتێکە هەر مێژووی رابردوو نییە، هی ئەمرۆ و داهاتووشە، زیندووە و بەردەوانە . بۆیە شایانی ئەوەیە بە فۆرمی بەردەوام باسی بکرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP