بۆچی بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام بوو؟
(دوو رووداوی لەیەكچوو)
لەتیف نێروەیی
ئیدیۆمێكی باوی ناو زانایان و دانایان هەیە دەڵێت: مێژوو بە هەموو وردەكارییەكانیەوە دووبارە نابێتەوە، بەڵام هاوڕایی هەیە لەسەرئەوەی هەندێ لە رووداوە مێژووییەكان لە قۆناغە جیاوازەكان لەیەكچوونیان
هەیە و تەبان لەسەرئەوەی لە قۆناغ و شوێنە جیاوازەكاندا دەرفەتی مێژوویی لەیەكچوو هاتوونەتە پێشەوە و لە دیرۆكی گەلی كوردستانیشدا ئەو نموونانە زۆرن.
كاتێك دەرفەتێكی مێژوویی دێتە پێشەوە بۆ گەلێكی خێر لەخۆنەدیوی وەكو گەلی كوردستان، تەنها دوو بژاردە لەبەردەمیدایە، یان سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و بۆ ئەو مەبەستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بە گیانێكی بەرپرسیارانە و لێبوردە و بە یەك ئیدارە و یەك ئەجێندا خۆیان بۆ ئەو پێشهات و رووداوە ئامادە بكەن، یان لەپێناو بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی ئەو دەرفەتە مێژووییە لەدەست بدەن و پێویستە دەیان ساڵی دیكە چاوەڕوان بن تاوەكو هەل و دەرفەتێكی تر دێتە پێشەوە. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چونكە دوربین و بەرپرسارە و لە واتاكانی ئەركە گەورەكان تێدەگات، بۆ ئەم دەرفەتانە هەمیشە دەستی تەبایی درێژ دەكات و پرۆژەی خۆی بۆ چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەو هەلانە دەخاتە بەردەم هێز و لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی بەردەم پارتی. لێرەدا دوو نموونەی لەیەكچوو لە دوو قۆناغی جیاواز دەخەینە ڕوو:
نموونەی یەكەم:
ـ لە كۆتایی نەوەدەكان كاتێك هێزەكانی هاوپەیمانان خەریكی خۆڕێكخستنەوە و دانانی پلان بوون بۆ روخانی رژێمی سەدام حسێن و لەو پێناوەدا هەوڵی كۆكردنەوە و رێكخستنەوەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقیان دەدا، پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی لە دۆخێكی زۆر ئاڵۆز و دژواردا بوون، دەرفەتێكی زێرین بۆ گەلی كوردستان هاتبووە پێشەوە، بۆیە هەڤاڵ مام جەلال بە یەك ئۆتۆمبێل بەرەو شارۆچكەی پیرمام بەرێكەوت و لەگەڵ بەرێز مەسعود بارزانی رێكەوتنی ستراتیژییان لەپێناو داهاتووی ئەزموون و دەستكەوتەكانی كورد ئیمزا كرد. لەو سەردەمەدا لەسەر ئاستی ناوخۆیی یەكێتی، ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆك مام جەلال نیگەرانییەكی زۆر لێكەوتەوە و لە دەرەوەی یەكێتیش بەهەمان شێوە، لەبەرامبەردا هەڤاڵ مام جەلال لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا ئەو پرسیارەی دەكرد ئایا ئەم سەردان و رێكەوتننامەیە لە بەرژەوەندی یەكڕیزی گەلی كوردستاندایە یان زیانی هەیە بۆ گەلی كوردستان، ئامادەبووان وەڵامیان دەدایەوە كە لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندایە، بەڵام بۆ یەكێتی باش نییە، سەرۆك مام جەلالیش رایدەگەیاند یەكێتی لەپێناو بەرژەوەندی و خزمەتكردنی گەلی كوردستان دامەزراوە هەر شتێك لە بەرژەوەندی خەڵك بێت لە بەرژەوەندی یەكێتیشە. هەر زوو بەرهەمی ئەو سەردان و رێكەوتننامەكە دەركەوت و بۆ ئەو قۆناغە چەندین دەستكەوتی هەبوو:
ـ كورد بوو بە پێشەنگ و هێزی كاریگەری ناو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی.
ـ هێزەكانی هاوپەیمانان پشتیان بە كورد بەست وەكو لایەنێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بۆ روخانی رژێم و ناوچەكەش بوو بە بنكەی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی.
ـ لە دوای روخان كورد بەو تەبایی و یەكڕیزییە توانی رۆڵی سەرەكی بگێڕێت لە بەڕێوەبردنی عیراق و نووسینەوەی رەشنووسی دەستوری عیراقی.
ـ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی عیراقی لایەنە كوردستانییەكان لیستێكی هاوبەش لە ناوچە دابڕێنراوەكان بەشداریانكرد لە هەڵبژاردنەكاندا و سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێنا.
ـ پێگەی كورد لە بەغدا زۆر بەهێز بوو و گوێ لێگیراو بوو.
ـ كوردستان سەقامگیری ئەمنی، سیاسی، ئیداری بەخۆیەوە بینی و هەرێم ئاوەدانییەكی زۆر بەخۆیەوە بینی.
نموونەی دووەم:
ـ لەئێستادا كە ناوچەكە گۆڕانكارییەكی دیكەی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و دەرفەتێكی دیكە بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە سەرۆك (بافڵ تاڵەبانی) هاوشێوەی سەرۆك مام جەلال سەردانی پیرمامی كرد و لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە پرسی گۆڕانكاری و رووداوەكانی ناوچەكە و پلانی یەكێتی بۆ چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە دواپێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا خستە بەردەم بەڕێز مەسرور بارزانی، بەو سەردانە سەلماندی كە دەستی یەكێتی لەپێناو ئاشتی و دۆزی رەوای گەلی كوردستان زۆر درێژە، هاوشێوەی سەردەمی سەرۆك مام جەلال، میدیای زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە میدیای سێبەر و نافەرمی و بەشێك لە میدیای فەرمیان هەوڵیاندا رایگشتی لەسەر ئامانج و گرنگی ئەو سەردانە چەواشە بكەن و تەنانەت كەناڵێكی سەر بە پارتی رایگەیاند "بافڵ تاڵەبانی بۆ هەندێ داواكاری سەردانی پیرمامی كردووە"!! ئەم سەردانە لە كاتێكدایە كە جیهان قسە لەسەر گۆڕانكاری لە نەخشەی ناوچەكە دەكەن.
ـ سوریا گۆڕانكارییەكی ریشەیی بەخۆیەوە بینیوە و رۆژئاوا پێویستی بە پشتیوانی هەرێمی كوردستان هەیە.
ـ پرسی ئاشتی لە توركیا بۆتە مژارێكی گرنگ و راستەوخۆ كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەكات. هەموو ئەمانە دەرفەتی گرنگن و لەوەش گرنگتر ئەوەیە كورد خۆی بۆ چۆنیەتی سودوەرگرتن لەو دەرفەتانە ئەجێندای هەبێت، لەلایەكی دیكەوە هەر زوو بەرهەمی ئەو سەردانەی سەرۆكی یەكێتی بۆ پیرمام رەنگی دایەوە.
ـ لەسەر چەند پرسێكی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە فراكسیۆنە كوردستانییەكان وەكو یەك تیم هەڵوێستیان نواند و ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهێناوە.
ـ پارتی دیموكراتی كوردستان بارەگای مەكتەبی رێكخستنی خۆیان لە شاری كەركوك كردەوە و بەڕێز فازل میرانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بە میدیای یەكێتی راگەیاند "ئیدارەی كەركوك پێویستی بە پشتیوانییەكی گەورە هەیە" ئەم هەڵوێستە نوێیەی بەرپرسێكی باڵای پارتی لەسەر ئیدارەی كەركوك دەرخەری ئەو راستیەیە، كە دۆزی كەركوك هەنگاو بەرەو قۆناغێكی باشتر دەنێت و ئەمەش بە دەستكەوتی سەردانی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ پیرمام ئەژمار دەكرێت.
ـ چاوەڕوان دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ناوچە دابڕێنراوەكان، لیستی هاوبەش هەبێت، ئەگەر لیستی هاوبەشیش نەبێت، ئەوا هەڵبژاردنەكە لە كەشێكی ئارامدا بەڕێوە بچێت.
ـ خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە میدیای لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن هەموو هەوڵەكانی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی وا پیشان بدات كە هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی ژێربەژێر لەگەڵ پارتی رێكەوتووە و هیچ بەڵینێكی سەردەمی بانگەشەی جێبەجێ نەكردووە.
سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لەدوا دیداری تەلەفزیۆنیدا توانی ئەوەی ئەوان بە چوار مانگ خەونی لەسەر هەڵچنیبوو بە چەند دێرێك پوچەڵبكاتەوە و بۆ هەمووانی روون بكاتەوە سەركردەی راستەقینە ئەوەیە بەرژەوەندی و داهاتووی نەتەوەكەی بخاتە سەروو بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP