نەسیحەتەكانی بلاسخارت رۆژێ سەربەخۆیی و رۆژێكی دیكە سوێندی پاراستنی یەكپارچەیی عیراق

سەرتیپ جەوهەر
10:45 - 2022-02-16

نەسیحەتەكانی بلاسخارت
رۆژێ سەربەخۆیی و رۆژێكی دیكە سوێندی پاراستنی یەكپارچەیی عیراق
.
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
بەر لەساڵێك جنین بلاسخارت نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لەعیراق لە هەولێر وتی “هەرگیز وا مەزانن ئەم جۆرە ئوتۆنۆمییە هەر بە مسۆگەری هەتاهەتایی دەمێنێتەوە. هەر بۆیە یەكڕیزیی بۆ مانەوەی ئەم قەوارەیە لەوپەڕی پێویستیدایە”.
ئەو قسانەی بلاسخارت لەخۆوە نەبوو! بەشێك لە خەڵكانی بەئاگاو هۆشیار، هۆشیاریان دایە حوكمڕان و بڕیار بەدەستانی هەرێم، بەڵام بێگومان وەك هەموو جارێك "لم تجد آذانا صاغية"  كەس گوێی نەگرت و وایانزانی قسەیەكەو تێدەپەڕێت.
بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای دەستووری لەرووی ستراتیژییەوە مەترسیەكی گەورەیە لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان. ئەم بڕیارە بەر ئەنجامی ئەو ناتەبایی و پەرتەوازەیەی ناو هەرێم و خراپی حوكمڕانییە لەهەرێمی كوردستان. بۆیە ئەگەر زۆر بەخێرایی بڕیار بەدەستانی هەرێم چاوێك لەڕابردوو، داهاتووی هەرێم نەكەن، بەدڵنیاییەوە خراپتر لەڕێیە. بۆیە بلاسخارت راستیكرد، هەرگیز وانەزانن كە ئەم قەوارەیەی هەرێم بەمسۆگەری هەتاهەتایی بمێنێتەوە.
ئەم بڕیارەی دادگای دەستووریی ئەگەرچی لەدوور مەودا مەترسیەكی گەورەیە لەسەر دەسەڵات و قەوارەی كورد لەعیراق، بەڵام هەرزانفرۆشیی نەوتی كوردستان و ناڕۆشنی داهاتەكەی وای لەهاووڵاتیان هەرێم كردووە لەبری ناڕەزایی دەربڕین، دڵخۆشی خۆیان رابگەیەنن. چونكە زۆربەی ئەوانەی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی دڵخۆشی خۆیان دەبربڕیوە، پێیانوایە داهاتی نەوتی هەرێم بۆ خەڵكی كوردستان نییە، پێیانوایە ئەگەر نەوتی هەرێم بكەوێتە دەست عیراق، ئەوا هەم داهاتی نەوت رۆشن دەبێت و هەمیش داهاتی خەڵكی كوردستان باشتر دەبێت و مووچەی مانگانەیان مسۆگەر دەبێت.
ئەم سیاسەتەی لەهەرێم بەڕێوەچووە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا، دیمەن و تابلۆیەیەكی زۆر شێواو بووە.
رۆژێك پڕۆژەی سەربەخۆیی خراوەتە رۆژەڤ بێ‌ ئەوەی رەهەندەكانی لێكبدرێتەوەو مەترسییەكانی لەبەرچاو بگیرێت، سەرئەنجام كوردستانی بۆ چوارگۆشەی یەكەم گێڕایەوە! رۆژێكی دیكە ململانێیەكی توند بەڕێوەدەچێت لەسەر ئەوەی بچنە بەغدا سوێند بخۆن تا یەكپارچەیی خاكی عیراق بپارێزن!

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP