دەستپێشخەرییە نوێیەکەی تورکیا بۆ
دانوستان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری وەک چاوەڕوان
دەکرێت،
ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سوودوەرگرتن لە ساتەوەختی سیاسی ئێستا بە
مەبەستی دووبارە داڕشتنەوەی شێوازی
رەواڵەتی جوگرافیای ناوخۆیی و ناوچەیی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی
پشێوییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دێت کە ئاماژە بە گۆڕانکاری خێرا و ناڕوون نادیار دەکات ، ئەمەش وا
لە ئەنقەرە دەکات هەنگاوی
پێش وەخت بهاوێت خۆی لە روداوی ناکاو بەدوور بگرێت کە ڕەنگە پێگەی سیاسی و ئەمنیی
لاواز بکات.
ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە کە داوا لە ئۆجەلان
بتوانێت پەکەکە بە داماڵینی چەک رازی بکات پێدەچێت ئەمەش بەشێک بێت لە ستراتیژییەکی هەمەلایەنەی
تورکیا کە ئامانجی دووبارە پێناسەکردنەوەی پرسی کوردە لە ناوخۆدا. تورکیە بە کۆتایی
هێنان بە ململانێی چەکداری، هەوڵ دەدات رێگری بکات لە هەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی پرسی کورد لە ئاستی ناوچەییدا، بە تایبەت لە ژێر
ڕۆشنایی گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی سوریا،
ڕاگەیاندنی چاوەڕوانکراوی ئۆجەلان بۆ کۆتایی
هێنان بە خەباتی چەکداری ڕەنگە ئەو بیانووانە نەهێڵێت کە دەوڵەتی تورکیا لە مێژە پەنای
بۆ بردووە وەک پاساوێک بۆ گرتن و سەرکوتی
سیاسەتوانانی کورد. ئەم گۆڕانکارییە ڕێگە بە تورکیا دەدات وردەکارییەکانی رێگای چارەسەری سیاسی کۆنترۆڵ بکات، لە هەمان
کاتدا دڵنیایی دەدات بەوەی کە پرسی کورد لە ململانێیەکی ئەمنیەوە دەگۆڕێت بۆ گفتوگۆیەکی
سیاسی ناوخۆیی، لە ژێر چاودێری تەواوی خۆیدا بێت.
تورکیا درک بەوە دەکات کە بەردەوامی ململانێی چەکداری ڕەنگە پێگەی بەرامبەر گۆڕانکارییە
ناوچەییەکان لاواز بکات، بە تایبەت لە سوریا کە پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئیدارەی خۆسەری
کورد لە ڕۆژهەڵاتی فورات ئەلەنگاریکی بەردەوامە
بۆ تورکیا . بۆیە دەستپێشخەرییەکە هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی پێگەی تورکیا لە ئاستی ناوچەییدا
پێش ئەوەی چارەسەری نێودەوڵەتی بەسەردا بسەپێنرێت کە ڕەنگە لە بەرژەوەندی ئەودا نەبێت.
ئەگەر ئەم دەستپێشخەرییە بە شێوەیەکی راستەقینە
جێبەجێ بکرێت، ڕەنگە وێنەی تورکیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا باشتر بکات، بە تایبەت لە
بەردەم یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا، کە فشار دەکەن بۆ باشترکردنی پێشینەی مافی مرۆڤی
تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوەیەکی ئاشتیانە.
ڕاگەیاندنی ئۆجەلان سەبارەت کۆتایی هێنان
بە خەباتی چەکداری نەک هەر کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کورد دەبێت، بەڵکو گۆڕانکارییەکی
گەورە لە سیاسەتی ناوخۆی تورکیادا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەو پێیەی حکومەت ناچار دەکات
کە ئیمتیازاتی ڕاستەقینەی سیاسی و ڕۆشنبیری بۆ کورد دابین بکات ,
هەروەها ئەم ڕاگەیاندنە یارمەتیدەر دەبێت
بۆ کەمکردنەوەی گرژییە ناوخۆییەکان و ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی کورد داوای مافە سیاسییەکانی
بکات دوور لە تۆمەتە ئامادەکراوەکانی پشتیوانیکردن لە تیرۆر.
دەستپێشخەریی تورکیا بۆ یەکلایی کردنەوەی
پرسی کورد و ڕاگەیاندنی چاوەڕوانکراوی ئۆجەلان بۆ کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری
, خواستی تورکیا بۆ داڕشتنی داهاتوو بەگوێرەی ستراتیژی ناوچەیی و ناوخۆیی خۆی
دەردەخات . لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە، ئەنقەرە هەوڵدەدات وردەکارییەکان
لە دەستیدا بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی دووربکەوێتەوە لە هەر جۆرە کاریکی لەناکاودا کە ڕەنگە بەسەریدا بسەپێندرێت. ئەگەر ئەم هەنگاوانە
سەربگرن، ڕەنگە لاپەرەیەکی نوێ بۆ پرسی کورد لە تورکیا بکەنەوە و بەشدار بن لە گەیشتن
بە ئاشتی ناوخۆیی و سەقامگیری ناوچەکە .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP