بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی
نوێنەران رایدەگەیەنێت: "داوای جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژی بەنداوی كەلار-بەردەسورمان
گەیاندووەتە وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق، بۆ ئەومەبەستەش دەستبەجێ سەنتەری توێژینەوەو
پلاندانانی وەزارەت راسپێردرا توێژینەوە لەبارەی پڕۆژەكەوە بكەن".
كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی
لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند:
"دۆسیەی پڕۆژەی بەنداوی كەلار-بەردەسورمان گەیاندە ئەندازیار عەون زیاب وەزیری
سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق و داوامان كرد ئەم پڕۆژە ستراتیژییە كە خزمەتی كوردستان و
عیراق دەكات جێبەجێ بكرێت".
كاروان یاروەیس ئەوەشی خستەڕوو، لەبەرامبەردا
وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق بەڵێنیدا كەپڕۆژەكە بەگرنگی وەربگرن و دەستبەجێ سەنتەری
توێژینەوەو پلاندانانی وەزارەتی راسپارد لەبارەی پڕۆژەكەوە توێژینەوەیەكی ئاڕاستە بكەن"
وتیشی: "وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی
عیراق پێی راگەیاندین كەلار لەڕووی ئابوری و سامانی ئاوەوە پێگەیەكی گرنگی هەیەو جێبەجێكردنی
بەنداوی كەلار-بەردەسوریش پێگەكەی گرنگتر دەكات".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP