دیدار و ئایندەی یەكێتی

لەشکر حەمە ساڵح
10:13 - 2022-05-31

وەك داهێنانێك لە كاری حزبی و سیاسیدا، وەك هەنگاوێك بۆ بەشداریكردنی هەموان لە داڕشتن و هەروەها جێبەجێكردنی سیاسەت و بەرنامەدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دیداری یەكێتی ساز دەكات. ئەو رووداوەی چەند مانگێكە بۆتە جێگەی مشتومڕ و لێكدانەوەی جیاواز لەسەر ئاستی ناوخۆیی یەكێتی، هەروەها دەرەوەی خۆی و لە ئاستی حزب و لایەنەكانی تری كوردستانیشدا.
بێگومان لە كۆنفرانسەكانی ئامادەكاری لە ناوچە جیاجیاكان و لە دیداری گشتی یەكێتیدا لە سلێمانی، بۆچوون و پێشنیاز و پڕۆژەی جۆراوجۆر و لە سەرجەم كایە و بوارەكاندا پێشكەش كراون. هەندێكیان زۆر باش و دەوڵەمەندن، هەندێكی تریش پێویستیان بەتەتەڵەكردنی زیاتر و كۆكردنەوە و پوختەكردنی زیاتر و قوڵتر هەیە.
بەشێوەیەكی گشتی دەتوانرێت بوترێت، بەهۆی ئەم دیدارەوە یەكێتی دەچێتە ئاست و بارودۆخێكی باشترەوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و كوردستانی، چونكە هەر لە ئێستاوە دیدارەكە جۆشدانەوەیەكی گەورە و كاریگەری هێناوەتە كایەوە، بەشێكی زۆری ئەندام و كادران و تەنانەت دۆست و لایەنگرانیش، لە جاران گەشبینترن بە حزبەكەیان.
ئەو كاتەشی دیداری یەكێتی، بۆچوون و پێشنیاز و پڕۆژەكان پوخت دەكات، ئیتر كاتی جێبەجێكردن و خستنەگەڕیەتی؛ دیارە نهێنی هەموو مەسەلەكە و ئەم هەموو جۆش و خرۆشەش هەر لەوەدا خۆی دەبینێتەوە. ئیتر كاتی كردار و جێبەجێكردن دەست پێدەكات.
لە راستیدا، چەند ساڵێكە یەكێتی گیرۆدەی بارودۆخێكی تایبەتی خۆیەتی، بارودۆخی ناوخۆیی و عیراقی و هەرێمایەتی كاریگەریان لەسەر دروستكردووە، ئەو بارودۆخە چوارەم كۆنگرەش نەیتوانی كێشەكانی بەرەو چارەسەر بەرێت، ئێستا چاوەڕوانییەكان رووە و دیداری یەكێتین، ئەمەش ئەركێكی قورسە رووبەڕووی بارودۆخی ئێستا و چەند مانگی داهاتووی یەكێتی دەبێتەوە بەتایبەتی كە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەڕۆین.
بۆیە زۆر گرنگە دیداری یەكێتی ئالیەت و ئامرازی پێویست دەستنیشان بكات بۆ وەرگێڕانی بیرۆكە و بەرنامە و راسپاردەكان، لەسەر كاغەز و هاردی كۆمپیوتەرەكانەوە بۆ سەر زەمینەی واقیع! چۆن دەتوانین ئەو هەموو بیرۆكە و بەرنامە جوان و باش و بەهێزە، هەر بەباشی و جوانی و بەهێزی بخەینەسەر زەمینەی واقیع؟ ئەمانە ئەركی قورس و بەرپرسیارێتی گەورەن، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بەتێڕوانینی سیاسی و ستراتیژی و چۆنێتی بڕیاردان و گەڵاڵەكردن كە دوورمەودان، پێویستیان بەپشوودرێژی و كۆڵنەدان و پابەندبوون هەیە بەهێڵە سەرەكی و بنچینەییەكانەوە.
یەكێتی لە مێژووی دوور و نزیكی خۆیدا، هەمیشە یان لانیكەم زۆربەی كات، دەستپێشخەر و پێشەنگ و داهێنەر بووە. لە سازكردنی دیدار و كردنی بەنەریتێكی دەوری و بەردەوام؛ ساڵانە بێت یان هەر كات و دەورێكی تر، ئەو پێشەنگی و داهێنەریەی سەلماندەوە، بەڵام ئیتر كاتی جێبەجێكردن و كاركردنە. دەبێت هەموان لە ئاستی بەرپرسیاریی قورس و زەحمەتی جێبەجێكردنی ئەركەكاندا بین، بەدوای پاساوەوە نەبین بۆ پشتگوێخستن و وەلانان، بەڵكو بەدوای بیانوو و ئامراز و دەرچەی گونجاودا بین بۆ ئەوەی ئەسڵی مەقسە و بیرۆكە و ئامانجی سەرەكی جێبەجێ بكەین.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP