سلێمانی لەدوای سەردانەكەی داود ئۆغڵو
لەتیف نێروەیی
ئەنجامدانی كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە شاری سلێمانی بە بەشداری دەیان كەسایەتی دیاری كوردستانیی، عیراقی، ئیقلیمی، نێودەوڵەتی و بە چاودێری و هیمەتی قوباد تاڵەبانی و بە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان، تەنها رووداوێكی گرنگی ئابوری و بازرگانی نەبوو، كە لە ئایندەدا شاری سلێمانی وەك ناوەندێكی گرنگ و بەهێزی ئابوری و بازرگانی لە كوردستان و عیراق و ناوچەكە خۆی پیشانبدات، هەروەك كۆڕبەندەكە تەنها دەرفەتێكی گونجاو نەبوو بۆ ئاڵۆگۆڕی بیروڕا و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان و بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەكان و بوژانەوەی كەرتی ئابوری لە هەرێم و هەڵسەنگاندن و راڤەكردنی دۆخی ئابوری لەلایەن پسپۆڕانی ئەو بوارە لە ناوچەكە، بەڵكو بۆ شاری سلێمانی مانایەكی دیكە دەبەخشێت، بەتایبەتی سەردانی (ئەحمەد داود ئۆغڵو) بیرمەند و سیاسەتمەداری دیاری توركیا، كە تیۆرە سیاسی و جیۆپۆلەتیكیەكانی لە زۆر بواردا پێشتر لە ستراتیژیەتی توركیا رەنگی دەدایەوە، دەركەوتنی ئۆغڵو لە چەند شوێنێكی شاری سلێمانی و سەردانیكردنی مەزاری سەرۆك مام جەلال و لێدوانەكانی لەسەر سەردانەكەی بۆ دەڤەرەكە و بەتایبەتی كە دەڵێت: سەردانم بۆ شاری سلێمانی شەرەفێكی گەورەیە، هەموو ئەو گومان و تۆمەتانە دەڕەوێنێتەوە، كە پێشتر لەسەر ئارامی و سەقامگیری سلێمانی دروستكرابوون و لێڵیە دروستكراوەكان رۆشن دەكاتەوە، هەروەك دەكرێ سەردانەكەی ببێتە فاكتەری هێنانەكایەی سەرەتایەكی نوێ بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنكەرە و سلێمانی و گۆڕینی وێنە و دیدگا نەرێنییەكان لە بەرامبەر یەكتر كە لە بەرژەوەندی توركیا و هەرێمی كوردستاندایە و خزمەت بە بوژانەوەی كەرتی ئابوری و بازرگانی و گەشتوگوزاری و كەرتەكانی دیكە دەكات و سەرلەنوێ پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو وڵاتی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكی هاوسەنگ پتەوتر دەكات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP