نابڕێتەوە ئەم پەژارەی شوباتە و ئەم ڕاستە شەقامەی رێی نەجاتە

ستران عەبدولڵا
12:04 - 2021-02-01

نابڕێتەوە ئەم پەژارەی شوباتە و ئەم ڕاستە شەقامەی رێی نەجاتە.

ستران عەبدوڵلا 
چەند باسی بکەین ئەم خەمە کۆتایی نایەت ، ئەم پەژارەیە نابڕێتەوە. چونکە شریتەکە لێ نادەینەوە، چونکە کە لێشی دەدەینەوە لێی دەقرتێنین ، یان چاوی لێ دەنوقێنین و دواییش بۆی دەقوچێنین . ئێمە ھەمووجار خۆمان لە کۆی دیمەنەکە نەبان دەکەین . رۆژنامەکانمان ھەر ئەلبومی ناوەکانی خۆمان بەسەر دەکەنەوە و ھەر تەرمی شەھیدەکانی خۆمان دەنێژن و  ھەر ئەلفابێتای سیانی خۆمان حونجە دەکەین  و ھەر زامی سارێژنەبووی خۆمان دەلاوێنینەوە و ھەر زامی یەکتری دەکولێنینەوە. 
قەت رۆژێک بەدیار کۆی دیمەنەکەوە ، کۆی لیستی شەھیدەکانەوە ڕانەماین و ڕانەچڵەکین و ڕانەوەستاین،  بۆیە ھەر رانەبووینەوە و لەخەوی غەفلەت بە خەبەر نەھاتینەوە.
ئێمە دوای ئەنفالیش بەڵێنی رەنگاورەنگی ئاشتبوونەوەی گشتیمان دا ، دوای ھەڵەبجە و کۆڕەویش وتمان چاک  و باش ، برای شیریین و  گشتمان یەکین و لەکین. دوای بەرەی کوردستانیش بەڕەیەکمان لە شکستی دەیان ساڵە دادڕی و کراسی نەدامەتمان کردەبەر ، دوایی وتمان تەنھا و تەنھا  جەولەیەکی کورتی براکوژییەو ئیتر خوشک و برا لە سایەی یەک ئازار و یەک ئازادی دەحەوێنەوە. کەچی گێمی خوێن زۆری خایاند و کاتی زیادەشی برد و ھەر ئەو کاتانە سەرخەوێکمان شکاند  کە پشووی جەنگاوەر سەری کردە سەرمان.  دوای ئەم شوباتەش خوێن و خوێ و فرمێسک وا تێکەڵ بوون کە خەریک بوو نوێژی جەماعەت و گۆڕی بەکۆمەڵ بمانگرێتە خۆ. 
ئەم شوباتە خەم و پەژارەی بە بەرچاوی دونیاوەبوو کە ئیتر عەیببوو ئەم عاری پەرتی وکەرتییە بمێنێتەوەو چارەیەکی لێ نەکەین. دەبوو دوای ئەم جەژنە خوێناوییە کوردایەتی خۆی بچێتە چاکوخۆشی کوردەواری و  نوقل و شیرینی دەسکەوتی بکردایەتە گیرفانی منداڵانی شەھید،  کەچی وا نەبوو ، ئینی تاس ئینی حەمام بووە قەدەری دووبارە.
کێ لە شەھیدانی شوبات پێشبینی دەکرد دوای دوعاخوازیان دوو پارچە دەبێتە چەندی تر و یەکێتی ریزەکان دەبێتە کۆدی ھەژموونی نارەوا کە بەڵای سەری ئەزموونێکی جێی چاوەڕوانی سەد ساڵەیە ؟
کێ لە جوامێرەکانی شوباتی ئەو ساڵە وا دیموکراسییان شرۆڤە دەکرد کە یەکسان بێت بە پۆلپۆلیستی و قیژە و قەرەباڵەغی و کێ لەوان وا وێنای نیشتمانی دەکرد کە بریتی بێت لە کۆدی بانک و بۆڕی نەوت و بژاردەی چەوت؟
کە شوبات خەرجی خوێنی دا کێ بەو نرخەی کڕی کە میللەت بێ مووچە و بێ بودجە بێت ؟  لەوەش  خراپتر بێ ئومێد بێت کە لە دەورانی کەم دەرەتانی راپەڕیندا ئومێد وا تێری سک و  گەدە و ئاتاجی دەکردین قەرەبووی گەمارۆی بەغدای بەعسی بە زیادەوە بوو ، چونکە لە بەرواری  یەکبوونیدا لە خەم و خولیادا یەکسان بووین،   سەری بەرز ھەر خۆی بە خۆرسکی بۆ مووچە نەوی نەدەبوو  چونکە سەری خەمخۆری ھەبوو . 
ئێمە پەیمانمان بە جەژنی شوبات دا قوربانییەکانی بکەینە بیانوی سەرەخۆشی  و بۆنەی پەرۆشی. فەقەت  نیشانە بەوەی وا نەبوو وا زۆرە وەک نیشانەکانی ئاخر زەمان کە ئاخری خێربێت ئەگەر بەتینوتاوی دوا وزە نەچینەوە ڕاستە شەقامی رێی نەجات.
.
سڵاو لە رۆحی شەھیدەکان کە جێی دروودن، لێ زیندووەکان ھەر بارمتەن تا کلیلی گومبووی چارەسەر دەدۆزرێتەوە.
 با ئومێد لە ناو قوڕو لیتەی شۆک دەربێنین و تۆزێک تۆزی لێ ھەڵسێنین . بۆ ئەمەش تەداروکمان گەرەکە نەک رێکەوت و چانس و فەردا بە دەھا.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP