خەبەرون خەتەرون

ستران عەبدولڵا
10:03 - 2022-08-28

دەڵێ جارێكیان مەلا نەسرەدین کە تورک و عەجەم خەواجەی پێدەڵێن و عەرەبیش بە ناوی جوحا تەعریبیان کردووە لەناو بازاڕ پروپاگەندەیەك بڵاودەکاتەوە گوایە لەو ماڵەی ئەوسەری ئاوایی دەعوەتێکی گەورە سازە و سفرەیەکی گەورەی میوانداری ریزکراوە .جا بەلاش و حەلاش و بێ حیساب و کیتاب خەڵك دەچنە داوەت و سفرەی رازاوە قەرەباڵەغە. ھەروا خەڵك و عەوامە فڕکان فڕکانی ماڵی ئەوپەڕی ئاواییەتی بەڵکو بەشی چەوری بەربکەوێت. پروپاگەندە وا تیژڕەو دەبێت مەلای خۆشمەشرەب لەتاو سەداو سەودای قسەی دەڵێ با خۆشم بچم نەکا درۆ نەبێ و بەڕاست ھەڵگەرێ.
رۆژانە مەلا مەزبورەکانی چەرخی سۆشیال میدیا درۆی قەبە و دەلەسەی بێ بەلەسە بڵاودەکەنەوە کە گڕ لە خەرمانی قەناعەتی لەرزۆکی خۆشیان بەردەدا. دوایی کە درۆ بەراست وەرناگەرێ لە جێی ئەوەی خەم لە ھەواڵی فەیك و پشت پەردەی فیکوفاکی زانیاری ھەڵە بخۆن دێن گلەیی دەکەن گوایە «راستی» درۆی ئەوان لەگەڵ راستی رووداوەکان یەکی نەگرتۆتەوە.
خۆ ئەگەر چیرۆکە خۆشەکانی خەواجە نەسرەدین پەند و حیکمەتی تێکەڵی گونجی قسەی خۆش کردووە و بۆ ئەمرۆ تا سەر بۆتە میراتێکی کەلتوری کە چەندین میللەت شەڕی خاوەندارێتی لەسەر دەکەن . بەداخەوە پڵاوی سۆشیال میدیا تەنھا دەرخواردی خاوەنەکانیان نادرێت ، بەڵکو میزاجی میللی پێ ئالودە دەکرێ و ژینگەی گشتی وڵاتی پێ پیس دەبێت.
ھەقە ئەوانەی دەلەسەیان کردۆتە سەرمایەی کار و پیشەی میدیایی گلەیی لەوە نەکەن دەخیلەی سەرمایەکەیان زوو بەتاڵ بێت.
خەبەری درۆی شەو لەبەر ھەتاوی سبەی دەتوێتەوە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP