هەولێر سەقامگیرە و نزیکترە لە شامی شەریف و هیچ کێشەیەکی نییە

شادی نەوزاد
16:34 - 2022-12-10

بەڵێ هەولێر سەقامگیرە، ڕاستتر بڵێین نزیکترە لە شامی شەریف و هیچ کێشەیەکی نییە.

لە هەولێر کەس لەسەر فول لایتێک ناکوژرێت، هیچ کەس لە هەولێر نەچۆتە زیندان لەبەر ئەوەی کۆمێنتێکی نوسیوە و بەدڵی برادەرێک نەبووە، لە هەولێر مافەکانی مرۆڤ ئەوەندە پارێزراون کە گەنجەکانی کۆچ ناکەن بەس لەبەر ئەوەی بتوانن بڵێن ئەژین، بەڵێ هەولێر ئەوەندە سەقامگیرە دوو زۆن و سێ زۆن نییە لەناو مەڵبەندی پارێزگایەکدا لە یەکیاندا هەست بکەی لە ساڵی ١٩٥٠یت و ئەویتریان ٢٠٢٢، خاتونی ئازیز هەولێری خۆشەویست ئەوەندە سەقامگیرە کوران لەگەڵ دۆلاراوا شەقامەکانیان ڕێک وەک یەکە، هیچ کەس لە هەولێر لەمسەری گەڕەکەکەی بۆ ئەوسەری گەڕەکەکەی بە دیوار هەڵنەچنیوە و پاسەوانی دانەناوە بۆ ماڵی وەزیرێک کە ئێستا ئەبێت دەست لە کار بکێشێتەوە چونکە پۆستێکی تریان داوەتێ لە حزبەکەی، ئەرەوەڵا هەولێر ئەوەندە سەقامگیرە هیچکەس ناتوانێت هێز بۆ سەر ماڵی جێگری ئەو سەرۆک حکومەتەی ئەمڕۆ بینیت ببات و ئیجرائاتیشی لەگەڵ نەکرێت، بەڵێ هەولێر هەر زۆر سەقامگیرە لە ناو چاکسازییەکەیدا مەوادی هۆشبەرت دەست ناکەوێت بە هەرزانتر لە نرخی دەرەوەی چاکسازی و کام جۆریشت بوێت، شەقام و ڕێگا و بانەکانیشی زۆر تایبەتن و هیچ پارچە زەوی سەدان دۆنمی سەر ئەو شەقامانە نەدراوە بە هیچ بزنسمانێکی نزیک کوڕی فڵان و فیسار تا بییانکات بە یەکەی نیشتەجێبوونی خەیاڵی و بە نرخی خەیاڵی بییانفرۆشێتەوە، ئەوەشم بیر نەچێ لە هەولێری سەقامگیردا هیچ شوشتنەوەیەکی پارەش ڕوونادات.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP