چاوەڕوانییەكانی خەڵك و جوڵەكانی سەرۆك

مقداد شێخ بەهادین
08:56 - 2023-07-29

سەركردەی نیشتمانی و بەرپرسیار و دڵسۆز بۆ میللەت و خەڵكەكەی لەپرسە چارەنوسساز و مێژووییەكاندا دەردەكەوێت، كاتێك وڵات و هاووڵاتییەكانی دەكەونە بەر مەترسی و قەیرانەوە دەبێتە نوێنەرو پارێزەرو بەرگریكار لە هەق و مافە رەواكانیان، زۆرجاریش بۆ بەدەستهێنانی ئەو ماف و بەرژەوەندییە باڵانە پۆست و پلە و عورفە سیاسی و پڕۆتۆكۆڵییەكان پێویستە وەلاوە بنرێن چونكە دواجار داهاتووی میللەت و نیشتیمان گرنگترە لە حیزب و سەركردەو پۆست و پلەو كورسییەكانیان.

‎هەموومان لەبیرمانە كاتێك لەساڵی 2008 بەهۆی لێدوانێكی سیاسییەوە كێشەیەكی گەورە لەنێوان هەرێم و دەوڵەتی توركیادا دروست بوو، تاگەیشتە رادەی هەڕەشەی لەشكركێشی و هێز هێنانە ناو خاكی هەرێم، لەوكاتەدا "مام"ی رابەرو خەمخۆرو دانا بەبێ گوێدانە پێگەو پۆستەكەی، كە سەرۆك كۆماربوو، قوربانی بەخۆیداو سەرەڕای نالەباری دۆخی تەندروستیی و هەڵسوكەوتی نا پرۆتۆكۆڵیانەی دەوڵەتی توركیا خۆی گەیاندە ئەو وڵاتەو هەرێمی لە مەترسییەكی حەتمی دەربازكرد، بەبێ ئەوەی گرنگی بەوە بدات چۆن پێشوازی لێئەكرێت و كێ پێشوازی لێئەكات و كاردانەوەكان چین، چونكە ئامانجی ئەو پاراستنی خاك و بەرژەوەندیی كوردستان بوو نەك شتیتر.

‎ئێستاش سەرۆك بافڵ بەهەمان میتۆدو بیركردنەوەی (مام) بۆ بەرگری لەقوت و بژێوی خەڵك و موچەی موچەخۆران، بەبێ ماندووبون لەهەموو دەرگا دیبلۆماسییەكان دەدات بۆ رێككەوتنی ناوخۆیی لەهەرێم و لەعیراق، بۆ ئەم ئامانج و مەبەستەش زۆرجار سازشی لەپۆست و پێگە حیزبییەكەی كردووە و رێكاری پڕۆتۆكۆڵی و چۆنییەتی پێشوازی و هاوئاستی سیاسی بەلاوە گرنگ نەبووە، بەڵام بۆ یەك چركەش ئامادەنەبووە سازش لەبیرو باوەڕو بەرنامەكەی بكات بۆ دەربازكردنی خەڵكەكەی لەقەیران و برسێتی و بێموچەیی، بەم هۆیەشەوە هەندێكجار تووشی رەخنە بووەتەوە لەلایەن هەندێك خەڵكی ناسیاسی و عەوامگەراو كورتبینەوە، بەڵام خەڵكی هۆشیار تێدەگات كێ خەمخۆری راستەقینەی خەڵك و خاكی كوردستانەو كێش خۆڵ ئەكاتەچاوی خەڵكی و موزایەدە دەكات.

‎سەردانی ئەم جارەی سەرۆك بافڵ یش بۆ بەغداد دوای ئەو دەستەوەستان وخەمساردی و بێ باكی و مامەڵە خاوەن لەنێوان"هەرێم" و "بەغدا دا بینیمان، هەنگاوێكی ئێجگار گرنگ و بایەخدارو پێویست بوو لەتەوقیتێكی دروستدا، ئەوەش لەسۆنگەی هەستی بەرپرسیارێتی سەرۆك و یەكێتیش وەك حیزبێكی خاوەن هەڵوێست و مەبادیئی نیشتمانی، جارێكێتر خەڵكی كوردستانی لەدۆخی بێئومێدی هێنایەوە دەرەوە و ئەو پەیامەی بەحكومەتی عیراقیش گەیاند، كە نابێت چیتر قوت و بژێوی و ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بكرێنە قوربانی ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكان و دەبێت خەڵكی كوردستان ئازادیی‌ و كەرامەتیان پارێزراوبێت‌ و فشاری ئابوری‌ و بەكارهێنانی موچە وەك چەكێك بۆ  لێدانی كەسێتی مرۆڤی كوردستانی ئیتر كۆتایی پێبێت و پێویستە یاسای بودجەی پەسەندكراوی عیراق وەك خۆی جێبەجێبكرێت.

‎هەنگاوەكانی یەكێتی لەڕابردوو و ئێستاشدا لەسەر هەردوو ئاستی سەرۆكی حیزبەكەی و سەرۆكی تیمە حكومییەكەی كاك "قوباد تاڵەبانی" بۆ بە ئەنجامگەیشتنی رێككەوتنی نێوانحكومەتی ناوەند و هەرێم بەئامانجی دەربازبوونی خەڵكی كوردستان لەگێژاوی قەیران و ئاڵنگارییەكان، دەرخەری ئەو راستییەن، كە یەكێتی خەمخۆر و داكۆكیكاری راستەقینەی خەڵكی كوردستانە بەكردار نەك بەدروشمی ساختەی نەتەوەیی و موزایەدەو ژاوەژاوی ئیعلامی، بۆیە وجودی سەرۆك بافڵ لەبەغداد گرەنتییەكی گەورەیە بۆ زامن كردنی مافە دەستوورییەكان، چونكە ئەم هەرێمە بەقوربانی و خەباتی بێ وچانی یەكێتی دروست بووە و هەر ئەویش دەیپارێزێت و ناهێڵێ دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان، كە بەری رەنج و خەباتی خەڵك و قەرەمانانی ئەم گەلەو یەكێتییە بكرێتە قوربانی هەندێ له هەڵەو كەم و كورتیەكانی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن.
‎روونە یەكێتی بەدرێژایی مێژووی خۆی، خەباتی لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان بووە و ئەو تێزەش وەك میراتێكی فیكری و نەریتگەرایی و كەڵچەری سیاسی و لەنێو فەرهەنگی ژیانی حیزیایەتیدا بووەتە باوەڕێكی جێگیرو نەگوڕو چەسپاو و لەهیچ قۆناغ و وێستگەو سەردەمێكیدا یەكێتی لەبەرەی گەل نەترازاوە، بۆیە سیاسەت لای یەكێتی پێش ئەوەی مەكسەب و مەیلی حیزبی بێت مۆڕاڵ و ئەخلاقی فیكری و بەرپرسیارێتی نیشتمانییە و هەرگیز لەگەڵ سیاسەتی ئیزدیواجییەت و پینەوپەڕۆكردندا  نەبووە.

‎لەكۆتایشدا گرنگە بزانرێت ئەوەی پێشتر روویداوەو خەڵكی ئەم هەرێمەی خستووەتە ژێرباری میحەنتێكی تاقەت پڕوكێنەوە دەرئەنجامی باڵادەستی ئەو شێوازە هەڵەیە بووە لە ئیدارەدان و ئۆتۆكراتی حوكمڕانی‌ بەئاقارێكی ناتەندروست و ئینتیقائی، لەدوو توێی فۆڕمێكی دامەزراوەیی شكلی و رواڵەتیدا، كە جگە لەهەڵەی ستراتیژی، وەك ئابووری سەربەخۆ و پەرەسەندنی خیلافاتی سیاسی و كاڵبوونەوەی گیانی نیشتمان پەروەری و نەتەوەیی و لەق و لەنگكردنی بناغە دامەزراوەییەكان و تەحجیم بوونی كیانی هەرێم هیچ خاڵێكی پوزەتیڤی لێ نەبینرا.

‎بۆیە گەڕانەوە بۆ بژاردەی دروست و راستكردنەوەی هەڵەكان، پێداچوونەوە بەكۆی پرۆسەو جومگەكانی حكومڕانی و هێنانە كایەی كەشێكی لەبار بۆ تەبایی و یەكڕیزی نێوان لاینەكان و نەهێشتنی غروری سیاسی و قبوڵكردنی یەكتر، رێگە دروستەكەیە بۆ دووبارە بوژانەوەی ژیان و گێرانەوەی ئینتیمای خەڵك و دوورخستنەوەی مەترسیە جدییەكان لەسەر قەوارەكەمان، كە ئەوەش بەردەوام ئامانجی گەورەی یەكێتی و خواستی سەرۆك بافڵ و قاعیدە حیزبیەكەی ئێمه بووەو دەبێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP