دەقی وتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چلەی هەڤاڵ سەلاح جان موراد

مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
20:54 - 2023-08-07

دەقی وتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان 

 کە لە لایەن هەڤاڵ ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنەوە پێشکەشکرا 
خوشكی بەڕێزمان فرسەت خان
كاكە جان، دلارا خان و گۆنا خان
كەسوكاری هاورێی كۆچكردومان كاكە سەلاح جان مراد.
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و نەمرانی ریزەكانی ی.ن.ك.
هەڤاڵان و ئامادەبوانی بەڕێز.
ئێمە ئەمرۆ لە چلەی هەڤاڵێكی دێرینی راگەیاندنی یەكێتی. خەباتگێڕێكی كاروانی سەرەتایی (هەڵۆی سوور) و (خوێنی شەهیدان) و کۆمەڵە و ئینجا ستراتیژە دوورمەوداكەی یەكێتی كۆبووینەتەوە. لە بۆنەی چلەی هەڤاڵ سەڵاح جان موراد. كوڕە ئازا فەیلیە، بەغدادییە قیت و قۆزەكەی لەسەرەتای لاوێتییەوە بیری پیرۆزی (خوێنی شەهیدان)، ئەندێشەی بەرزی (هەڵۆی سوور) هانی دا بێ سڵكردنەوە لە جەلادەكان، بێ گوێدانە ژیانی بە باق و بریقی خۆش بواردن و لاوێتی ئەو سەردەمەی بەغدا رێگای دژواری كۆڵنەدان هەڵبژێرێ. هەمان رەوتی ئازا و ئازاد و بەجەرگی باوكە دامەزرێنەرەكانی كوردایەتی بەغدای رەچاو كرد. كە هەموو شتێكی بۆ كوردستانێكی دوورە دەست بوو. كوردستانێك چیاكانی مژدەی ئازادی و سەرفرازی بوون، ئەگەرچی شارەكانی ژێردەستەی بەعس و جەیش و جاش و ئەمن و ئیستخبارات بوون.
*****
جان مورادی ئێمە سەڵاحی خۆی،سەلاحی  كوردستان و سەڵاحی-ی دوا رۆژی میللەتی كوردی لە تولە ڕێی چیاكانی شۆڕشی نوێدا بینییەوە.
ئیتر كوردایەتی فەیلی لەسەر دەستی هاوتەمەنەكانی صةڵاح جان موراد و كاك كوردۆ قاسم و هەموو شەهیدە پاڵەوانەکانی هەڵۆی سوور، قۆناغی خەرجی و دەخیلەی پشتیوانی دەوڵەمەندەكانی بازاڕی شۆرجە و  قەنبەرعەلی تێپەڕاند و چووە قۆناغی خوێن بەخشین و گیان بەخشین و هیوا بەخشینەوە.
ئێمە ئێستا یادی ئەم هەڤاڵەمان دەكەینەوە كە بەو خەرمانی خەباتەوە تا دواساتەكانی ژیانی  لەخۆبردوانە، بێ گوێدانە ناونیشان و نازكێشان و دەعیەی خۆبایی بوون، هەمیشە لە کۆڕی خەبات بوو. لە رێكخستنی بەغداوە، بۆ پێشمەرگایەتی بۆ پەیوەندییەكانی ئێران، تا خزمەتی مەكتەبی شەهیدان و ئینجا مەكتەبی راگەیاندن، با خۆڕاگری زیندانیش لەولاوە بوەستێ 
*****
بەهیمەتی بەرز و قسەی خۆش و ڕاشكاوی بیروڕاكانییەوە وەبیری دەهێناینەوە كە ئەم زەمەنە دژوارەش تێدەپەڕێ و ڕاستەڕێی خەبات كەفالەتی حوكمی مێژووە كە هەر دەبێ كورد سەركەوێ و كوردستان هی گەلی كوردستان بێت، یەكێتیش وەك سەردەستەی ئەو خەباتە بمێنێتەوە لە كوردستان تا بەغدا، تا دواجار كوردی فەیلیش هەقی بزری خۆی وەردەگرێتەوە كە قەت بارتەقای گیان بەخشین و ئارەق سڕینی رابردوو نابێت.
*****
هەڤاڵانی خۆشەویست. ئێمە ئەمڕۆ كۆبووینەتەوە یادی سەروەری دێرین و خەباتی پێشین دەكەینەوە كە لەم مەراسیمەدا هەڤاڵ سەڵاح ناونیشانێكی هەرە دیارێتی، دەبینین چەواشەكاری و بێ مۆرالی گەیشتووەتە هەموو لەون و نەوعێك، هەن دەخوازن ئەم خەباتە كەڵەگەتە بسڕنەوە و بێ هودە و عەبەس گەرەكیانە پەرۆشی یەكێـتی بۆ ئاشتی لەم هەلومەرجی ناخۆشی ژیان و گوزەرانی خەڵك، بەلارێدا ببەن و سەبری ئەیوبی شۆڕشگێڕی یەكێتی تاقی بكەنەوە. زۆر بە ڕاشكاوی دەڵێن سەبری یەكێتی لە سوكایەتی بە باڵابەرزی و کەڵەگەتی  شەهیدەكانی تاقی مەكەنەوە. ئەوانە مەهێننە سەر شاشە كە لەبەر تۆماری شەرمەزاریان لە رۆژهەڵات و لە هەكاری و لە كەركوك، شەرم دەكەین ناویان بێنینەسەر زاران.
ئەگەر نەبەردی سوارچاكانەیە بە ناونیشانی خۆتانەوە وەرنە مەیدان، تا یەكێتی پێتان بڵێت: هەكاری كۆڵی پێ نەداین و خیانەتی ٣١ی ئاب نەی بەزاندین، داخۆ چەلەحانێی بێ بنەمای 16ی ئۆكتۆبەر و ڕاستی  ڕاكردن لە كەركوك و شەنگال دەمانهەژێنێ؟
یادی ماتەمی تێكۆشەرێكی هەڵۆی سووری یەكێتییە كە ئەمڕۆ ماتین، بەڵام دەندوكەكەی یەکێتی بۆ فاشیستان و داگیركەران و نەیاران هەر تیژ و لەبارە.
*****
روحی كاك سەلاح شاد بێت و دڵنیای دەكەینەوە تۆڵەی خوێنی شەهیدان هەروا قوڵپ دەدا و هەلۆی سوور هەروا لە ڕێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كۆڵنادا،  هەروا نەیار ڕاماڵ و نەیار تەزین و دوژمن بەزێنە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP