شان لە شانی یەکێتی مەدەن

ھەستیار مارف ئاغا
18:31 - 2023-08-08

‎یەکێتی حیزبی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانە، شەهید و سەرکردەکانی لە لا موقەدەسە و بۆ هەمیشە خاوەنیانە، یەکێتی بێ پاساوە و حیزبی وڕێنە کردن و داڕشتنی چیرۆکی خەیاڵی بەر ئاگردان نیە.
‎یەکێتی حیزبی هەوڵدانە و ئاو بوەستێت یەکێتی ناوەستێت، بۆیە شان لە شانی یەکێتی مەدەن تا سەلامەتبن و گێژەن و گێژاوی بای گەردەلوول ڕاتاننەماڵێت.
‎یەکێتی حیزبی سەرهەڵدان و سەوزبوونەوە و ڕزگارییە، یەکێتی حیزبی مۆقەت نیە و  خەباتی شار و شاخ و گڕ و گەرمای گەرمیان و سارد و سەرمای کوێستان، شاهیدی مێژووی یەکێتین.
‎یەکێتی ژمارەی شەهیدەکانی بێشوومارن و هەمیشە لە جێگەی شەهیدێکدا، ڕۆڵەیەکی تری لە دایک بووە، لە کۆچی سەرکردەیەکیدا دوو جوامێری دیکەی خستۆتە جێگەکەی، بۆ نموونە لە دوای کۆچی سەرۆک مام جلال وا سەرۆک بافڵ و هەڤاڵ قوباد وەک شێر لە بێشەدان، لە کاتی سەرقاڵی کاک کۆسرەتدا بە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی یەکێتیەوە، وا کاک دەرباز و کاکە شاڵاو  ڕاوەستاون، لە دوای شهید علی عەسکەری و حوسێن بابە شێخ و دکتۆر خالید وا کاک شاڵاوی علی عەسکەری وهەڤاڵ ئەمین بابەشێخ لە گۆڕەپاندان و بەرپرسیارن.
‎یەکێتی شنەبای ئاشتیە و گەردەلوولی تۆڵەسەندنەوەیە، لە ئاست ھەقدا ملی لە موو باریکترە و بۆ بەرەنگاری لە ھەقخوراویش، فیلەتەنە، یەکێتی هەڵۆی سووری قەندیلە و خانمەکانی یەکێتی هێرۆ خان ئاسا، هەموویان تەواری چنگ بە گڕن.
‎یەکێتی حیزبی مامەڕیشەکەی جەباری و حمە ڕەشەکەی گەرمیانە، لەوەتەی یەکێتی هەیە هەر خەریکی خەبات و بەرەنگاری و کۆڵنەدانە، هەمیشە یەکێتی خاوەنی جوامێرترین مرۆڤەکانە، یەکێتی کۆتایی بە ئۆردووی بەعس هێنا و وتی بەعسی قڕانە، بە بروسکەکانی شاڵاو و لە زمناکۆوە بۆ ئازاد ١٧٦٠ و بە دەنگە زوڵاڵەکەی حەق دۆستێکی وەکو هەڤاڵ فەرهاد، بە نووسینی وتار و داڕشتنەکانی هەموو  ئێزگەکانی دەنگی یەکێتی، بە هەوڵی جوامێرەکانی سەرکردایەتی، پێش هەموو خەڵک، بە خوێنی گەشی عەلی نەبی لە دەروازە، بەور ئاسا، هاتنەدەست و ڕاپەڕینی گەلی کوردستانیان هەڵگیرساند.
‎یەکێتی حەزی لە فیتنەیی نیە و  بێباکیشە لە تانەکان، مەشخەڵی یەکێتی ئازادییە و ئازایەتی، یەکێتی پێش هەموو کەس هەنگاوی ناوە بۆ برایەتی.
‎یەکێتی لە کوردستاندا هاوکارە و لە بەغدادیشدا پشتیوان، یەکێتی لە تەنگانەدا ورەیە و لە فەرەحیشدا خەرمانان.
‎یەکێتی بڕوای بە بەرکەنارکردنی یەکترنیە و بڕوای بە یەکگرتنە، یەکێتی بڕوای بە قۆرغکردنی دەستەڵات و بەکارهێانی پلە و پۆست نیە، دایم ئامادەی دانووستانە و خۆی پێ زل نییە.
‎دوابەدوای خەبات و قوربانیدان و کوردایەتی، دوا بەدوای دروستکردنی هەرێم و بەڕێوە بردن و حوکومڕانی، ئەمەیە فەلسەفەی یەکێتی کە هەمیشە بە تەنگ پاراستنی دەسکەوتەکانەوەیە، نایەوێت دوو کەرت و سێکەرت بین و بچینە گەرووی دوژمنانەوە، بەڵام وەک کورد دەڵێ چەپڵە بەدەستێک لێنادرێت و مەل بە باڵێک نافڕێت.
بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنەکان بەم ڕۆحیەتەوە خەبات بکەن، ئەگەر ڕەخنەش هەبێت با بنیاتنەربێت چونکە کەس ناتوانێت مێژووی پڕ سەروەریی یەکێتی بشێوێنێت، کەس ناتوانێت لە جێگەی یەکێتیدا سەوز ببێت، کەس ناتوانێت مافی یەکێتی بخوات و خۆی بە تەنها نوێنەربێت، کەس ناتوانێت خوێنی شەهیدەکانی یەکێتی کاڵکاتەوە و بە بێ یەکێتی کەس ناوێرێت دژ بە داگیرکەر بکۆکێت.
 
*نوسەرو لێکۆڵەر

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP