کوردستانی بوونی کەرکوک لەبەردەم پۆپۆلیزمی کەمال و حزبە لۆمپینەکەیدا

عبداللە سکری
00:05 - 2023-08-09



‎هەوڵدان بۆ گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی و ئیداری لەکەرکوک و گرێدانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنی غەیرەکوردی، وەک ئامادەکاریەک بۆ هەڵبژاردن و هەروەها قوڵکردنەوەی ناکۆکی لایەنە کوردستانیەکان و فڕێدانی لێدوانی نابەرپرسانە بەتایبەت لەبەرامبەر یەکێتی لەکەرکوک ، پێدەچێت سەرەتای ئەو دۆڕانە خەستەبێت کە بەرۆکی حزبەکەی کەمال کەرکووکی و پاشکۆ نانەتەوەییەکانی دەگرێت ، ئەم تەنگەتاوبوونە درێژکراوەی ئەو سیاسەتە ئیداری وحزبیە لۆمپەین و سەقەتەیە کە هەرێمی کوردستانی توشی شکستێکی مەترسیدارکردوە .
‎قوتکردنەوەی حزبی تورکمانی لە پێکهاتەی تورکمانەکانی کەرکووک و پێدانی پارەو ئیمتیازات بەوانەی دژی کوردن، بەشێکە لەو سیاسەتە لاستیکی و گوتارە پۆپۆلیستیەی ساڵانێکە بەناوی قەومیەت و نیشتمانپەروەریەوە خەڵکی پێ دەگەوجێندرێت .
‎سیاسەتی گەوجاندن و لۆژیکی پۆپۆلیستی ئەمانە کە وەک گوتارێکی نەتەوەیی پیشانی خەڵکی کەرکوک و هەرێمی کوردستانی دەدەن، هەرگیز نەیتوانیوە پلاتفۆڕمێکی سیاسی و ئیداری پێشکەش بە کەرکوک بکات کە لەگەڵ واقعی دیمۆگرافی و پێکهاتە ئەتنی و نەتەوەییەکانی کەرکوک بگونجێت .
‎ئیشکردن لەسەر کۆمەڵێک چەمکی ئارایشتدراو و سەرنجڕاکێش لەپێناو جەزبی سیاسی جەماوەرو پڕکردنی دیواری سیاسی ئەم حزبە هەلپەرستانە، بەدرێژایی مێژووی زیاتر لەدوو دەیە بەردەوامی هەبووە، دواجار ئاکامەکەی بە شکستی ئابوری و  دۆڕاندنی کۆمەڵێ دەسکەوتی نەتەوەیی کە بەخوێنی شەهیدان بەدەستهاتبوو، گەیشت .
‎دەیانەوێت بە حەماسی بوون و جوڵاندنی باری سایکۆلۆژیەتی خەڵک و داتاشین و فرۆشتنەوەی کۆمەڵێ دروشمی بەتاڵ کە بەدرێژایی مێژووی دوای ڕاپەڕین جێبەجێیان نەکردووە، بە خەڵک و جەماوەری کەرکوک بفرۆشنەوە، دواتریش بەڕەی سیاسیان ئاوەژوو دەکەنەوەو مەودای ئابوری و ماف و ئازادیەکانی خەڵک داگیر دەکەن

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP