گەرمای گەرمەسێر دەرچێ لە گیانۆ

ستران عەبدولڵا
19:16 - 2023-08-11

گەرمترین رۆژی گەرمترین مانگ.
سپلێت، موبەریدە، پانکە و باوەشێن چاری گەرمای تاقەت  پروکێنی ئەم رۆژە ناکات ، بەڵام ئەم رۆژە گەرمەی کە بە کەشو هەوای خەریکە یەکبینە هەوا قووت دەدا و هەناسە بڕ دەکات ، ناگاتە گەرمی دوارۆژی ئاب  و ناکاتە رۆژە دژوارەکەی ساڵە گەرمەکەی ١٩٩٦. 
ئەو رۆژە لولەی دەبابەکانی سەددام چاوی نیشتمانی  دەردێنا و چاوی کزی بێ لایەنەکان و بێ باکەکانی خێل و کوێر دەکرد .ئەو رۆژە  شەش ساڵ بوو بەعس لە کوردستان دەرکرابوو ، شەش ساڵ بوو بە دونیامان دەگوت ئێمە ئازادیخوازین  و لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرە هەڵناکەین و سەنگەری سیاسیی خۆمان لێ جیاکردۆتەوە. گوایە ئێمە کورد و ئەو داگیرکەر ، ئێمە میللەتی زوڵملێکراوی دەستی ستەم و ئەویش ستەمکاری نەیار و بێگانە. چیرۆکێکمان هۆنیبۆوە کە ئەوی کەیفیشی بە کوردبوونمان  نەدەهات هیچ نەبێ کەیفی بە هەنجەتی خۆگیفکردنەوەمان بەرامبەر بەعس و سەددام و دەبابەکانی دەهات: دیموکراسی و ئازادی .

لەناکاو ، لەو گەرمای ئابی ئەو ساڵەدا ، دەفتەر و ئەلبومی ئەو شانازییەیان دڕی و سەنگەرەکان و کاغەزەکانیان وا تێکەڵکرد  کەس نەیدەزانی چی لەم شەمزان و شێوانە بکەین؟ 
خەڵکی تر، گروپی تر  ناپاکییەکەیان کرد ، کەچی هەموو  کورد خەمبار وشەرمەزاری  بەردەم دونیابوون . ئاخر حیکایەتەکەمان دەلەسە دەرچوو و ، دونیا لە سەرۆک کلنتۆن تا  عەوامی خەڵکی ئاگا ، پێمان پێکەنین؛ کوردی چی و نەتەوەی چی ؟  دیموکراسیی کوا و ئازادیخوازی لە کوێ کە ئێوە خۆتان دیکتاتۆر و ستەمکاری هەڵەبجە و ئەنفال بانگ دەکەنەوە؟
قرچەی  گەرما بوو کە هەموو شتێک درزی تێکەوت و هەموو دڵێکی رۆمانسیی دوای راپەرینی بەهاری  ١٩٩١  کونکون کرا وەک کونکونی چوپی بەلەمی قاچاخ  کە هەزاران گەنجی لەگەڵ خۆی راپێچ کرد و وەک یەکەم گەشتی یەکەم کاروانی بەردەوامی کۆچ ، ئیتر سەرهەڵگرتنی کوردی کردە گەورەترین دیاردەی سەردەم.
سەیری ئەو پەژارە گەورەیە کە گەرمای هاوین و قرچەی  ئابی ساڵی ١٩٩٦   زۆرانبازی لەبەهاری ١٩٩١ بردەوە؟

هاوین چۆن بەهار دەبەزێنێ ، ئەگەر خیانەتی سروشت و خیانەتی نیشتمان نەبێت؟!

بەو هەموو زامەوە میللەتەکەمان نیعمەتی خودایی کە مەیلی فەرامۆشی و لەبیر کردنەوەیە دەکاتە کەرەستەی ژیانسازی و   ئایندەدۆستی و لەگەڵ دونیا تێهەڵدەچێتەوە و بەعس و دەبابەکانی لە پرۆسەی رزگاری ٢٠٠٣ ئاو دیوی مێژوو دەکات  کەچی ئەوی ئەم خیانەتەی کردووە و ئەم زامەی خستە دڵی هیواکانەوە هێشتا میللەت  و شەهیدەکانی کوردستان   قەرزاربار دەکات و هێشتا  یەکێتیی خەتابار دەنوێنێ . 
پیرەمێرد وتەنی؛ 
هەم یار باقی و هەم سوعبەت باقی .
تا ئەژنۆیان غەرقی خۆێنی لاوەکانی وڵاتن  کەچی هێشتا ناوە ناوە خولی نیشتمانپەروەری دەکەنەوە و  گەرەکیانە  بەناوی پڕوپوچی ١٦ ی ئوکتۆبەرەوە خۆیان وانەی ئەوەڵینی تیا بڵێنەوە.
خەڵکی چاوی لە ژیانی باشتر و گوزەرانی شایانتر و ئاوەدانی بەرچاوترە، وا  ئەمانە خەریکی ئەلبوم و دەفتەرە دڕاوەکەن ، دەچن مۆنتاجی رووداوەکان دەکەن و لە ئاوێنەوە ، بە روخسەتی حاجی، لە عەکسی خۆیان  ڕادەمێنن!
گەرمایە لە سێی ئابی جینۆسایدی شەنگالەوە تا گەرمای ئەمرۆ ، تا گەرمای  خیانەتی ٣١-ی ئاب.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP