یەکێتی بۆچی دروستبوو؟؟
ھێرش قەشانی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ،
بۆخزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ، بەبێ جیاوازی ژینگەی سیاسی و ناوچەیی دروستبوو.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، کاتێک کە لە 1ی حوزەیرانی 1975 بەڕابەرایەتی سەرۆک مام جەلال و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەر ، بەدروشمی ، ئاشتی ، دیموکراسی ، مافی مرۆڤ و مافی چارەنووس ، لە سوریا دامەزرا ، دامەزراندنی ئەم حزبە تەنهاو تەنها ئامانج لێی ڕزگارکردنی کوردستان و خزمەتکردنی سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بوو بەبێ جیاوازی ژینگە و ناوچەی سیاسی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، هەر لەسەرەتای دامەزراندیەوە چ وەک حزب و لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا لەڕێگەی سەرجەم ئەو هەڤاڵانەشیەوە کە ئەرکیان پێ سپێردراوە، خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکیان کردوە و بۆ خزمەت پلەو پۆستیان وەرگرتووە، بۆیە دەتوانین بڵێین یەکێتی بۆ خزمەت دروست بووە نەک پلەو پۆست.
خزمەتکردنی یەکێتیی نیشتمانیی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، جێگای منەت نیە، چونکە حزبی خزمەتە تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش ئومێدیان بەم حزبە هەیە کە بەهەزارەها خۆێنی لە پێناو ئازادیی ئەم کوردستانە پیرۆزەدا ڕشتوە و نازناوی حزبی شەهیدانی هەڵگرتوە، کە کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی هەرێم و بەغداد چارەسەر بکات، چونکە تەنها و تەنها حزبە دەتوانێت کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکات و سەرکردەی حزبە سیاسیە کوردستانیەکان و عیراقیەکان لەسەر ئەو مێزە کۆبکاتەوە، نموونەش بۆ ئەمانە ماڵی مامە لە دەباشان و لە بەغداد کە ئێستاش سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، چەتری کۆکەرەوەی دژەکانە و بڕیاری سیاسی گرنگیش لەو ماڵەی هەموانەوە دەدات و درێژەپێدەری سیاسەتی سەرۆک ( مام جەلال)ە ، کورد وتەنی دەمەوێت بڵێم : ڕێباز و سیاسیەتی سەرۆک مام جەلال بەبەردەوامی ڕەنگدانەوەی سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کودستانە.
خزمەتی یەکێتی بۆ خەڵکی کوردستان جێگای منەت نییە ، چونکە یەکێتیی نەک تەنها خزمەتی کوردانی باشوری کوردستان دەکات، بەڵکو خزمەتی هەرچوار پارچەی کوردستان دەکات، بینیمان چۆن لەکاتی شەڕی تیرۆرستانی داعش لە ڕۆژئاوا ، حزبێک هەبوو ڕێگری لە هاوکاریەکانی یەکێتیی نیشتمانیی دەکرد، بەڵام بە ئەرکی مۆراڵی خۆی هەستاو دەستی هاوکاری ماددی و سەربازی بۆ ئەو بەشەی کوردستان درێژ کرد، دەشبینین سنووری ئە حزبە تێکۆشەرە بۆتە ماڵ و جێگەیەکی ئارام بۆ حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەتوانین بڵێین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، جیاوازی لە نێوان هیچ کوردێک ناکات و کوردانی عەفرین ، ئامەد ، سنە و سلێمانی ، بەیەک چاو ئەبینێت.
ئەگەر تیشک بخەینە سەر کۆنگرە ، کۆنگرە دوای کۆنگرە، بۆ نوێبونەوەی حزب و هێنانە پێشەوەی گەنج و هەڤاڵی نوێ و بیری نوێ بۆ ناو کایەیی سیاسی و درێژەدان بە خەباتی سیاسی و درێژکردنەوەی سیاسەتی سەرۆک مام جەلالە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان، بۆیە بەگشتی سەرکەوتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، سەرکەوتنی هەرچوار پارچەی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی .......هتدی کوردستانە..
یەکێتی لە ڕابردوودا دروست بوو ئێستاش خزمەتی بەردەوامە بۆ داهاتووش ئاسۆیەکی گەش و ڕونی هەیە و لەخزمەتکردن ناوەستێت و بەردەوام دەبێت ،
دەمەوێت لە کۆتاییدا وتەیەکی سەرۆک مام جەلال تان بیربخەمەوە کە دەیفەرموو: یەکێتی کەسی لێ زیاد نییە و ماڵی هەمووانە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP