نامەیەک بۆ سەرۆک بەر لە سازدانی کۆنگرە

رێبین عومەر
20:46 - 2023-09-21

کۆنگرە وێستگەیەکی گرنگ و چارەنوسسازی سیاسییە؛ سەرۆک بەرلەوەی کۆنگرە ببەسترێت؛ بە ستراتیژی راستکردنەوەی رێرەو ژیانی سیاسی حزبایەتی؛ هەنگاو بۆ ناو ٥٩٩ ئەندامەکەی ناو هۆڵی کۆنگرە بنێ بیرتبێ گەلێک لە دەرەوەی هۆڵەکە چاوی لەسەر گۆڕانکاری جەوهەرییە.
‎ لێتی گەرەکە بە هێزو وزەوە؛ بەرەو ئایندە هەنگاو هەڵهێنیت؛  واجبە رەنوەکە خۆت بیشکێنی و قەوم و قیلە لەم تەنگەژەیەدا قوتاربکەیت. چاوەکان هەموو لەسەر سەرۆکایەتی ئێوەن؛ گەنجیت و دەتوانیت لەم قۆناغەدا یەکێتی وەک حزب ببەیتەوە سەر شاڕێگەی خزمەت و پێشەنگی؛ رێو رێبازی مام جەلال بکەرە روناکی بۆ ئەم سەردەمی تاریکیەی خود پەرستیە.
‎ لە ٨ ی تەمموزەوە وا دووساڵە توانیوتە زۆر گۆڕانکاری جەوهەری ئەنجام بدەیت.
‎زۆر فیل و گروپ و تاقم و کوێخاو دەرەبەگ و گزیرو خێزانی فەرهوودچی سیاسیت بەسەرکەوتوویی ستۆپ پێکردوو بێڕۆڵکردن زۆر باڵۆنت خاڵیکردەوە. 
‎خەڵکی بە سروشتی کۆمەڵایەتیان حەزیان لە پاکسازیی و چاکسازیە کە بەدەستی پۆڵایین بکرێت تۆ دەستە پۆڵایینەکەی ئەم سەردەمەی سڵ مەکەرەوەو بەرەو ئایندە هەنگاو بنێ. 
‎سەرۆک خۆت و بەرێز قوباد تاڵەبانی برات کە سەرکردەیەکی حەکیمە لە ئێستادا جێگەی هیوان و ئەو هیوایە گەورەبکەن و بێهیوامان مەکەن. 
‎خەڵکی و جەماوەری حزب وەک یادگاری مام جەلال بۆ دوارۆژ لێتان دەڕوانن . وەک نەوەی مام جەلال؛ خۆ بکەنە سەیوانی یەکێتی و غەیرە یەکێتیەکان و پردی پێشکەوتنی وڵات و ئاشتەوایی بن، بنەماکانی تەبایی ناو یەکێتی و پێکهاتە سیاسیەکانی کوردستان بەهێزتربکەن. وەک سوراحی بن بۆ پڕکردنی پیاڵە؛ گەورەیی لق لە شۆڕبونیدایە، دارێکی بەرداری پڕ بەرهەم بن و سێبەرو سفرە گەورەتربکەن، با کۆشکەکانتان لەدڵی خەڵکدابێت.
‎بە کلتوری دیموکراسی و ئازادیی و سەربەستی و ژیانی مەدەنی؛ درێژە بە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بدەن. 
‎وای دابنێن هەموو رۆژ رۆژی تاقیکردنەوەو کەمپینی هەڵبژاردن و بەستنی کۆنگرەو سەرەتای رۆژی کارکردنە بەرەو ئامانجە گەورەکە. 
‎بەو گیانە دەتوانن زۆر خزمەت بەم گەل و وڵاتە بکەن و حوکمێکی رەشید پەیڕەوبکەن و خەڵکی چاوی لەخزمەت و ئارامی دەروونیە.
‎ خۆتان بکەنە پارێزەری خەڵک و دەنگی مەزڵوم و ماف خوراوی ئەم وڵاتە.
‎مەبدەئی عەدالەتی کۆمەڵایەتی پەیرەوبکەن؛ چەسپاندنی دادپەروەری بکەنە پرەنسیپ بۆ کارنامەی گشتی حزب. 
‎بونتان وەک دادپەروەرێک؛ زامنی مانەوەو گەشەسەندنی ئەم ئەزموونەیە کەناوی هەرێمی کوردستانە. 
‎سەرۆک.. ئەوەت بیربێت کە خەڵکی حەزو ئارەزویان بە پاکسازیەو حەز بە چەسپاندنی دادپەروەری بەرەهایی دەکەن دەیانەوێ رەقیبێک هەبێ پەنای بۆبەرن.
‎ ئەم وڵاتە لەفەسادو پیسخۆرەکانی درۆو دراو و قاچاخچی و ئەوانەی خەریکی دۆشینی ئەم وڵاتەن؛ پاکژبکەرەوەو خزمەتی زیاتری گەل بخۆن.
‎خۆت بە چاودێر نێوزەندبکە؛ رێگەمەدە هیچ کەس پێگەو تایتڵی سیاسی و حکومی و ناوی بنەماڵەی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربهێنێت. 
‎جەماعەت و تاقم تاقمێنە کۆتایی پێبهێنە.
‎رەقیبێکی جدیبە بەسەر وێنە گشتیەکەی حزب لە وڵاتدا.
‎ دەستێک بە بۆ  چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری بسازێنە.
‎لەم گەڕە نوێیەدا؛ دادگای مێژوو بەگەڕبخەو سیستمی پاداشت و سزا چالاک بکە.
‎ بگەڕێرەوە بۆ تەواوکاری پرۆگرامەکەی سەرۆک مام جەلال، بپرسە (لە کوێت هێنا)
‎ خەڵکی لەگەڵ ئەوەدان سزای فاسدو پیسخۆرەکانی دۆلار بدەیت و کۆتایی بەو کانسەرە بهێنە لەم وڵاتەدا. 
‎سەرۆک.. بەردەوام بە؛ بەرلەوەی کۆنگرە دەست بەکاربێت؛ ملیۆنان چاویان لە هەوڵ و هیمەت و گۆڕانکاریەکانە لە ناو ئەم حزبەدا؛ کە حزبی مام جەلالە تادوایین رۆژەکانی ژیانی خۆی گیرفانی نەبوو؛ ئەوەی هەیبوو موڵکی گەل و وڵات بوو یان خۆشەویستی بوو کە لە دڵی میللەتدایە.
‎سەرۆک.. ئیتر کاتی لە بێژنگدانی ئەوانەیە کە نەوە بەنەوەیان پیرکردوو بە کورسیی بەرژەوەندیخوازیەوە چەسپیون و دەست لەرەش و سپی وەردەدەن و ئەم وڵاتە دەدۆشن..!
‎ سەرۆک.. هیوا لە دڵە بێهیواکان دروستبکەرەوە. بە کردەیی خزمەتی ئەم گەل و وڵاتە بکە. بپرسە ئایا کەس بەم دۆخە رازییە؟
‎سەرۆک ئیتر کاتیەتی حوکمێکی رەشید پەیڕەوبکەیت.
‎ وڵات لە قۆناغێکەوە بەریتە قۆناغێکی باشتری دی و سنورەکانی سەربەستی و ئازادیی را، فراوانتربکەیت. بەکردەیی خزمەتی ئەم وڵاتە بکە ئەم گەلە زۆری نەهاتی دیوەو شیاوی خزمەتە.
‎ ئیتر لەم روەوە مێژوو چاودێرە بەسەر رۆڵتەوە . 
‎خۆت بکەرە خزمەتکاری گەل و وڵات و خەم لە تاک بەتاک بخۆ. بزانە سەرۆک واتە باوکی گەل؛ باوکێکی دادپەروەربە، لە پێشدا بۆ غەیرە یەکێتیەکان. 
‎عەرش دێ و دەڕوات، ناوت بکەرە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ناو مێژوو سەرۆک بەردەوامبە رێگەی خزمەتکردن 
‎زۆرە..

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP