لێرە تا كۆتایی ساڵ و سەرەتای داهاتوو رووداوی گەورە دەقەومێن. بابەتەكەش پێشبینی عەرافە قەرەجەكە نییە، پێدراوەكان وا دەڵێن، یانی ئەوەی لە ئەجیندای ئاژانسەكانی هەواڵدا پێیدەڵین: تەقویمی هەواڵە پێشبینیكراوەكانی مانگ و ساڵ.
تەقویم دوو هەڵبژاردنی عیراقی و كوردستانی تۆماركردووە، ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كە كوردیش ناوچە دابڕێنراوەكانی خۆی پەیوەستی ململانێ دیموكراتییە لۆكاڵییەكەی كردووە.
ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان (پەرلەمان) كە ئەم باسە وێستگەیەكی گرنگی چۆنایەتییە بۆ پڕۆسەی سیاسی كوردستان كە داخۆ دەریچەیەكی نوێی بۆ دەكرێتەوە یان هەروا بە شەلە شەل دەڕوا بەرێوە.
بێ لەم دوو تەقویمە كە هەڵبژرادنە و دیموكراسییە و گەرەكە بە ئاشتی و خۆشی بڕوا، شەڕ و تۆفانەكانی ناوجەكەش قسەی خۆی دەكات لە كییف تا غەزە.
بۆ نەتەوەی بەلەنگاز و فەقیریش لە رۆژئاڤا و لە هەرێمی كوردستانی باشووریش موشك و درۆنی ناو بە ناو كە خەریكە دەبێتە دیاردە، فلاشێكی لە گۆشت و خوێنە كورد ئاگادار دەكاتەوە.
راستە ئەمەریكای زلهێز دەڵێ دەتوانم لەیەك كاتدا دوو جەنگ ئیدارە بدەم (ئۆكرانی - روسی و فەلەستینی و ئیسرائیلی) و چاوم لە پریشكەكانی هەردووكیشیانە، بەس ئەوە بۆ ئەمەریكا راستە، ئەمما بۆ كوردی هەڕەشە لێكراو تەگبیری هاوبەش لە تەكبیر و پاڕانەوەی جەماعی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زەروریترە.
ئینجا ئایا لەم قەومانانەدا كارت و پەنجەمۆر و سندوق لە پریشك بەدوور دەبن؟ هەمیشە گەشبینی باشە، بەڵام گەشبینی سەرخانە و پێویستی بە ژیرخانێكی مەحكەم و تۆكەمە هەیە.
شرۆڤەی كورت لێرە خەلاس بوو، ماوە كەمەندی تەدبیر وەك كتێبی (كورد و عەجەم) لە زمانی ئەدەبیاتی قەدیمی فارسەوە دەیگێڕێتەوە، ئەمەیان قسەی تولانی گەرەكە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP