بە شوێن تارمایی پارتیدا بگەڕێن

کوردستان
10:50 - 2022-05-08

بە شوێن تارمایی پارتیدا بگەڕێن

-بەشی مۆنیتەرینگ و بەدواداچوونی کوردستانی نوێ
1
لە ھەر کوێ «ئاڵۆز باڵۆز» ھەیە و شوێنەونەی تاوانێک و کەتنێک ھەیە بە شوێن تارمایی پارتیدا بگەڕێن. وەک کوردی رۆژھەڵات بە زمانی شیرینی موکریان دەیڵێن؛ «بۆیدامەچۆ» یانی شتێک وەک ئەوەی بۆی مەگەرێ، یاخود زۆری بەدوایا مەچۆ، ئەوە دەستی فڵانی لە پشتە و رەنگ و بۆی فڵانی پێوەیە. ئێستا تازەترین لێقەومانی کورد وا لە شەنگالە. لەوێش «بۆیدامەچۆ» بە شوێن پێی سیاسەتی پارتی و تارمایی کەتن و رێککەوتنەکانی پارتیدا بچۆ. کەس وەك عەرابی دیپلۆماسی پارتی، ھوشیار زێباری گوزارشتی لەم رەوشە نەکرد. زێباری برینداری دەستی ماجەراکانی بەغدا بە زمانی عەرەبی جریوەیەکی کورتی لە تویتەر کرد کە وەک بایەقوش نەزیری ئالۆزکردنی رەوشی ئەسڵەن ئالۆزکاوی شەنگال بوو. جریوەی زێباری لەگەڵ بانگی کەڵەشێری بەیانی خۆی پێ نەگیرا و رووی بەر خۆری نەبوو. ئاخر ئەو لە تویتەکەی بە راست و چەپدا تۆمەتی بەشاندەوە و ئینجا ھەر زوو لایبرد و کەتنەکەی سڕییەوە وەک کابرای ناوی نایف بوو و دوایی گوتی یەکێتی پێی کردم کە بریا بیگوتبا وامزانی رادیۆیە عوزرەکەی کەمتر قەباحەتی تێدا بوو.
2
رەوشی شەنگال دەستچنی ئەوانیشە گەرچی پێکدادانەکە ناوی ھێزی تری تیا دەوترێ و خەریکە دەبێتە نیشتەنی ئەجییندایەکی ئیقلیمی. ئاخر خۆیان بێ ئاگاداری ئیجماعی کوردی لەگەڵ حکومەتی بەغدا رێکەوتن و ئێستا ئەوەی روودەدات ئاکامی  ئیستفرادە بە بڕیاری کوردی کە بەرھەمەکەی وایە سوپای عیراق و ھێزەکانی پەکەکە و ڤێرژنە لۆکالییەکانی ئەو ھێزە تێک بەربوون. ئەم ئالۆزی و نا روونییە باشترین رەچەتەیە بۆ مانەوەی رەوشی دەڤەرەکە بە بێچارەیی تا ئاوارەی شەنگال و شریتی نیشتمانی قوربانی دەستی داعش قەت  نەگەڕێنەوە بۆ دەڤەری خۆیان و وەک خەزینی دەنگدەری ناچاری پارتی بمێننەوە لە ئۆردوگاکاندا. رەچەتەی دیموکراسی زۆرینەی پارتی و زۆرینەی مۆدێلی تازەی عیراقی بێ سیستمی تەوافوق ھەر وایە و ھەر وای لێ رەچاو دەکرێت. بەم رەچەتەی دەنگدەر ھەر خەزینی دەنگە بۆ پاوانخوازی و مانەوەی قودرەتمەندی پارتییەکان لە شریتی ناوچە دابڕاوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا.
دابونەریتی سیستمی ئۆردوگانشینی وایە کە ئاوارەکان لە ئۆردوگاکانی دەنگدان تەنھا و تەنھا ھەر کانی زێڕی دەنگدانن بۆ ئاراستەکردنی کێبڕکێی ھەڵبژاردن. جا بە دەنگ کڕین و دەنگ ئاراستەکردن بێت یان بە دەنگ گزیکردن بێت، چی لە مەسەلەکە دەگۆڕێت؟  لە حالێکدا ئەگەر دەنگدەر لە ئاوارەیی نەمێنێ و بچێتەوە زێدی خۆی فەزای شاری ئاوەدان ھەر بۆ کەشی کێبڕکێی ھەڵبژاردن و ململانێی خزمەت و رەنگەکان دەچێت و کەس بێ حیساب و کیتابی خزمەتگوزاری دەنگ نابەخشێ و نافرۆشێ. ئێستا ناوچەی نفوزی زەرد ھەر شارە گەورەکان و شوێنی تەلاری بەرزی ئاوەدانی کەرتی تایبەتی تێکەڵەی  « ئیئتلافی پاوانی حزبی و  پاوانی کارتێلەکانی ئابووری » نییە، بەڵکو لەوەش گرنگتر خەزینی مسۆگەرکراوی ئۆردوگانشینی و تەناھی ئاوارە و راگوێزراوانە کە ھەمیشە پارتی وا سیاسەتیان بۆ دەکات و وا سیاسەتیان بەسەردا دەسەپێنێ تاوەکو ھەر ئاوارە بن و ھەر خەزینی لەشکری ئاوارەیی و لەشکری رۆژ و لەشکری میدیاکاری بندیواری تەرخانکراو بن بۆ سەرخستنی لیستە حزبییەکەی.
3
ئەم رەوتە لە سیاسەت ھەر پێویستی بە تویتی سڕاوەی زێباری و بەیاننامەی چەواشەکاری لقی پارتی لە شەنگال و لقی سۆشیال میدیای کوردستان بیستوچوار و ئەم کەناڵ و ئەو کەناڵی سێبەر ھەیە.
4
بەدوایدا مەچۆ، ھەر بە دوای تارمایی پارتیدا بڕۆ، لەملا شۆفڵ دەبرێ بۆ تەختکردنی لقی پێنج لە بەغدا سا بەڵکو شوێنی لق بکرێتە پڕۆژەیەکی بازرگانی لە جێی لقێکی چۆڵ و بێفەڕ کە چوار کەسی پێ کۆناکرێتەوە داکۆکی لە سیاسەتەکانی حزبەکە بکات. لەولاشەوە چاوی تەماعی بڕیوەتە پۆستی سەرکۆمار تا ھیلالی مۆنۆپۆڵکردنی حوکمڕانی لەناو کورددا تەواو بکات. لەملا بە بیانووی حکومەتی یەکگرتووی کوردستان و  یەک خیتابی کوردەوە گوشار دەخاتە سەر نا و نەخێرەکانی سلێمانی و سزای دەڤەری سەوز و فرەیی دەنگەکان دەدات. لەولاشەوە بە ناوی نەخشەی جیھانی وزەی کوردستانەوە دەیەوێ  غازی کوردستان ھەرزان فرۆش بکات وەک چۆن سامانی نەوتەکەی لە گرێبەستی پەنجا ساڵەدا  بە تاڵان چووە.
ئاخر ئەمەش وەک میدیاکانی تورکیا خۆیان دەیڵێن بۆ ئۆپەراسێۆنی دۆستەکانە دژی ھەرێمی کوردستان بە بیانووی بوونی پەکەکەوە کە ھەمیشە ئەم بیانووە بەڕاست و درۆ ئامادەیە و بیانوویەکی خۆشە لە گوێی ئیقلیم و گوێی پارتیدا.
5
بەدوایدا مەچۆ. لە لایەک ھەڕەشەی  دوو ئیدارەیی و بەکردەوە خۆ نەبان کردن لە رەوشی ئەم دیو دێگەڵە لە کاتێکدا خۆی بە حزبی زۆرینە دەزانێ، لە لایەکی تریشەوە قسەکردن بە ناوی چل ملیۆن کوردەوە گوایە ئەوان عەرابی ریفڕاندۆمن بۆ جیابوونەوە لە عیراقی دراوسێ کە چاویان لە پۆستەکانێتی لەسەر کۆماری تا راوێژکاری. 
خیتابێکی ھەڵخەڵەتێنەری نەتەوەیی کە سەدان بندیواری بەشەکانی کوردستانی کردۆتە شەریکە بەشی تاوان و لەولاشەوە کتێبی قەبارە گەورە بڵاو دەکرێتەوە کە تەرخانکراوە بۆ سووکایەتی بە حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و نابوتکردنی رێبەرەکانیان بە بیانووی نووسینەوەی مێژووەوە. کە ئەگەر مێژووی کوردایەتی لە ھەر بەشێکی کوردستان  بەڕاستی و دروستی، دوور لە تەماعی پارە و پاوەر بنووسرێتەوە،  زەحمەتە کەس بە دوعاکانی پارتی بڵێ ئامین و بەوە رازی بێت خەباتی میللیی کوردستانیان لە ھیچ بەشێکدا ھەرزان فرۆش بکرێت. 
لەوێش ھەر بەدوای تارمایی پارتی بگەڕێن کە دەخوازن بە پارە و پاوەر و کۆبۆناتی نەوتی کوردی مێژوو لە خاوەنەکانی بکڕنەوە و خۆیانی لێ بکەن بە ساحیب.
6
لە نەبەردییەکی پێشمەرگانەوە تا نەردی بەختی کورسی و دەنگ و کاست کڕینەوە تا کتێب نووسین و مێژوو داتاشین،  ھەمووی خەرجی بە خەسارچووی کوردە و لێرەولەوێ تارمایی پارتی شوناسەکەی ئاشکرا دەکات.
بەدوایدا مەچۆ و زۆری لێ ورد مەبەرەوە چونکە تارماییەکە دیارە و حەوجە بە رەونەقپێدانەوە ناکات. 
ئالۆز باڵۆز لە شەنگال تا بەغدا، لە ئاڤاشین تا ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ ئەدرەسی سیاسەتی ھەڵە بە ھەڵە و چارەسەری مۆر و پەڵەی پارتی دەردەخات کە بۆ رزگارکردنی تەنانەت خودی پارتیش سیاسەتێکی کوردستانیی دەربەستی دەوێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP